Blog

لە کۆلێژی تەکنیکی سۆران بە چەند چالاکییەک یادی ڕۆژی جیهانیی پەرستاران کرایەوە

 ڕۆژی سێشەممە 12ـی ئایاری 2025 ، بەئامادەبوونی پ.ی.د.سیروان لەتیف حاجی ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی سۆران و ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆلێژ و عەدنان مەلا عەلی پەرستاری بەئەزموون لە نەخۆشخانەی ئاشتی فێرکاری، قوتابییانی بەشی پەرستاری، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی پەرستاران لە رێوڕەسمێکدا شانۆیەک و چەند چالاکییەکی جۆراوجۆریان لە ناو کەمپەسی کۆلێژ ئەنجامدا.

چاڵاکییەکان پێکهاتبوون لە؛ پێوانی نیشانە زیندەگییەکان وەک پێوانی پەستانی خوێن و لێدانی دڵ و پلەی گەرمی لەش و هەروەها بووژانەوەی دڵ و هەناسەدان (𝐂𝐏𝐑) و نمایشی رزگارکردنی نەخۆش لە کاتی ڕووداوی نەخوازراو کە لە لایەن قوتابییانی بەشی پەرستاری بەیانیان و ئێواران ئەنجام دران.

لە کۆتایی مەڕاسیمەکەدا لەلایەن قوتابییانی بەشی پەرستاری سوپاس و پێزانین ئاڕاستەی ڕاگری کۆلێژ و سەرۆکی بەشی پەرستاری و بڕیاردەری بەشی پەرستاری کرا.

 

سەرۆکی زانکۆ بەشداریی لە دیدارى پەرەپێدانى پرۆگرامى پێداگۆجى (ڕێگەکانى وانەوتنەوە) دەکات

پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە سەرۆکایەتی شاندێکی زانکۆمان کە پێکهاتبوو لە پ.ی.د.بۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و پ.ی.د.رەنج سیروان عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی و ژمارەیەک بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکانی زانکۆمان بەشدارییان کرد لە دیدارى پەرەپێدانى پرۆگرامى پێداگۆجى کە ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ی ئایاری ٢٠٢٥ لەشارى هەولێر بەڕێوەچوو.

لە وتەکەیدا د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند؛ ئەم دیدارە دەرفەتێکە بۆ پێداچونەوەی ناوەرۆکی پرۆگرامی کۆرسەکانی پێداگۆجی لە زانکۆکانی کوردستان، گوتیشى؛ لە ماوەی کارکردنمان هەموو پشتیوانیەکی سەرکەوتن و بەردەوامیمان پێشکەش کردوە، ڕێنماییەکی توندوتۆڵمان داناوە بۆ پارێزگاریکردنی، ئێستاش کاتی ئەوە هاتوە ئەم دیدارە وەک دەرفەتێکی زێڕین ببینین، بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی گۆڕانکاری لە پرۆگرامەکانی خوێندنی ئەم کۆرسە، بە وردی بە مۆدیوڵەکاندا بچینەوە، زیاتر دەوڵەمەندی بکەین، چونکە پەرەپێدانی پرۆگرام پرۆسەیەکی داینەمیکیەو بەشداری هەموو مامۆستایانی پێداگۆجی و هاوبەشەکانی پێویستە.

هەر لە وتەکەیدا د. ئارام محمد قادر دوپاتیکردەوە پرۆسەی خوێندن تەنها لە چوارچێوەی هۆڵەکانی خوێندندا قەتیس نەکەین، بەڵکو ئاوێتەی خەم و پرسەکانی کۆمەڵگەببین، خوێندکاران هان بدەین توانای بیرکردنەوە و داهێنانی خۆیان بەکار بهێنن بۆ چارەسەرکردنی کیشەو گیروگرفتەکانی کۆمەڵگە،

گوتیشى؛ گرنگە هەنگاو بنێین ئەم ڕیفۆرمە تەنها بۆ خوێندنی باڵا نەبێت، بەڵکو دەبێت کار بکەین بۆ دروستکردنی تێگەیشتنێکی نیشتیمانی بۆ ڕیفۆرمی پێداگۆجی لە قۆناغەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵادا، هەر بۆیەش پلانمان هەیە کارئاسانی بۆ بەشداری هەموو مامۆستایانی زانکۆ بکەین بۆ ئەوەی بەشداری لەم کۆرسە ناوازەیە بکەن، بەشێک لە زانکۆکان دەستیان بەم کارە کردوەو ئێمە دەستخۆشیان لێدەکەین.

هەر لە دیدارى پەرەپێدانى پرۆگرامى پێداگۆجى (ڕێگەکانى وانەوتنەوە) د. ژاڵە سەعید خەتات بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى توێژینەوەو پەرەپێدان لە وتەیەکدا ئاماژەى بە هەوڵەکانى وەزارەت کرد بۆ پەرەپێدانى پرۆگرامى پێداگۆجى و ئامانجەکانى ئەنجامدانى ئەم دیدارە بۆ پێداچونەوەى قوڵ و گرنگ بە پرۆگرامى پێداگۆجى.

هەروەک گوتیشى؛ لەم دیدارەدا پانێڵێک بە ناونیشانى رۆڵى پێداگۆجى لەبەرەو پێشبردنى کواڵتى پرۆسەى فێربوون پێشکەش دەکرێت، هەروەها لەڕێگەى شەش گرووپیشەوە کە لەسەر بنەماى شەش مۆدیۆڵى پێداگۆجى پێکهراوە پێشکەش دەکرێت، پێشتریش زنجیرەک کۆبوونەوە ئەنجامدراوە بۆ گفتوگۆکردنى بابەتەکان و ئەنجامدانى گۆڕانکارى پێویست لە ناوەرۆکى پرۆگرامەکان.

 

 

 

کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە هەشتی ئەنجوومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٤-٢٠٢٥ بەڕێوەچوو

رۆژی دووشەممە  ١٢ـی ئایاری ٢٠٢٥، بە سەرۆکایەتی پ.د.ئیدریس محەمەد تاھیر ھەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر و بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ، کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە هەشتی ئەنجوومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٤-٢٠٢٥ لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەن لە دیوانی سەرۆکایەتی زانکۆ بەڕێوەچوو.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر راگری کۆلێژ و پەیمانگاکانی راسپارد کە ئامادەکاری تەواو بکەن بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی سمستەر و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە کەسانی شارەزا و بە ئەزموون لە لیژنەی تاقیکردنەوەکان دابندرێن و بەر لە ئەنجامدانی کارەکانیشیان رێنوێنی تەواو بکرێن کە پێویستە بەوەپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیارییەتییەوە کارەکانیان ئەنجام بدەن و دادپەروەریی تەواو پەیڕەو بکەن، هەروەها هیوای خواست تاقیکردنەوەکان بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت و قوتابیان لەم قۆناغەی خوێندنیشیاندا سەرکەوتووبن.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە دوا ئامادەکارییەکان کرا بۆ ئەنجامدانی پێنجەمین کۆنفرانسی توێژینەوەی زانستی قوتابیان کە بڕیارە رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی (١٥/٥/٢٠٢٥) لە پەیمانگای تەکنیکی کۆیە ئەنجام بدرێت.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا چەند پرۆژەیەک پەسەند کران لەوانە (پرۆژەی بنیاتنانی تواناکان لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی کارەسەتاکان) و پرۆژەی (لووتکەی کوردەواری) کە لە لایەن نوێنەری قوتابیانەوە پێشکەش کرابوو.

ئەنجوومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر میوانداریی پ.ی.د.ھەتاو کریم بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی کار لە زانکۆ کرد و بە کورتی باسی لە کار و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی کرد بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ بۆ ئەوەی لە نزیکەوە رێنماییەکان و پێشنیارەکانی خۆیان بگەیەنێت.

پاشان سرمند حمید نصرالدین بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆ بە وەکالەت سیاسەتی راگەیاندنی زانکۆ بۆ ئەندمانی ئەنجوومەنی زانکۆ شیکردەوە و داوای کرد ھەماھەنگی زیاتر دروست بکرێت لە نێوان راگەیاندنی زانکۆ لەگەڵ راگەیاندنی گشت کۆلێژ و پەیمانگەکان.

هەر لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکەدا، گفتۆگۆ لەسەر چەند بابەتێک کرا لە تەوەرەکانی زانستی، کارگێری و دارایی و کاروباری قوتابیان،  سەنتەری توێژینەوەی زانستی و دوای گفتوگۆکردن لەبارەیانەوە، لەلایەن ئەنجوومەنی زانکۆوە بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.