Blog

نوێنەری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە بەغدا بەشداری لە کۆنگرەی تایبەت بە کوالیتی خوێندنی پیشەیی دەکات

رۆژی دوو شەممە 20ی ئایاری 2024، بە نوێنەرایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە شاری بەغدا بەشداری کرد لە کۆنگرەی (الجودة في تعزيز التعليم المهني – الدروس المستفادة من تجربة المدارس المهنية التابعة لوزارة التربية).

کۆنگرەکە لە چوارچیوەی پرۆژەی (TVET2) بەڕێوەدەچێت و لە لایەن رێکخراوی یونسکۆ بۆ وەزارەتی پەروەردی فیدراڵ و هەرێم لە شاری بەغدا رێکخرابوو. تیایدا باس لە رۆلی پرۆسەی دلنیایی جۆری لە خوێندنی پیشەی کرا.

شایانی باسە هەر یەکە لە نوێنەری وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی کۆنگرەکە بوون.

دوو مامۆستای زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداری خولێکی راهێنان دەکەن لە وڵاتی چین

دوو مامۆستای زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر/ کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر بەشداری خولێکی راهێنان دەکەن لە وڵاتی چین، کە تایبەتە بە وزەی نوێبووەوە و کاریگەرییەکانی کاربۆن بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام بوو.

خولەکە لە ژێر ناونیشانی (Seminar on Green Energy and the Management of Meeting Carbon Peaking and Carbon Neutrality Goals) لە شاری (China-Chingdu) بە بەشداری هەریەکە لە مامۆستایان د. یوسف طه مەعرووف و مامۆستا فەرهاد حەمەدئەمین یوسف لە ماوەی نێوان 9ی ئایارتاکو 22ی ئایاری 2024 بەردەوام دەبێت.

لە خولەکەدا نوێترین پێشهاتەکانی بواری وزەی پاک و کاریگەرییەکانی لەسەر ژینگەی جیهان بۆ بەشداربووان روونکرایەوە هەروەها لایەنێکی دیکەی خولەکە تایبەت بوو بە کاریگەرییەکانی کاربۆن.

کۆتایی هاتنی خولێکی فریاگوزاری سەرەتایی

ڕێکەوتی: ٢٠/ ئایار/ ٢٠٢٤ بە ئامادەبوونی بەڕێز( پ.ی.د.تیران جمیل پیرۆ) ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر کۆتایی بە خولێکی فریاگوزاری سەرەتایی هێنرا، کە لەلایەن ڕاهێنەری بە توانا ( مامۆستا مجاهد) بۆ ماوەی یەک هەفتە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەیمانگە ڕێکخرا بوو.
خولەکە بە شێوەیەکی کرداری پێشکەش کرا بۆ ئاشنا بوون و فێربوونی فریاگوزاری سەرەتایی لە کۆتایی خولەکە بڕوانامەی بەشدار بوون لەلایەن بەڕێز ڕاگری پەیمانگە بەخشرایە بەشداربووانی خولەکە.

شاندێکی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر سەردانی تیمی شوێنەوارناسی کامبریج دەکەن لە ئەشکەوتی شاندەر

شاندێکی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر سەردانی تیمی شوێنەوارناسی کامبریج دەکەن لە ئەشکەوتی شاندەر

لە چوار چێوەی پەیوەندییە ئەکادیمییەکان و بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی توێژەرانی شوێنەوارناسی کامبریج، ئەمرۆ شەممە 18ی ئایاری 2024، ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر بەرێز (د.طالب محمدشریف عمر ) بەیاوەری شاندێک سەردانی توێژەرانی شوێنەوارناسی زانکۆی کامبریج کرد بە سەرۆکایەتی پرۆفیسۆر گرایم و د.ئیما پۆمێرۆیی کە لەئێستادا کاری هەلکۆلین و توێژینەوەی زانستی لەسەر کەلتوری مرۆڤی نیاندەرتاڵ دەکەن.

لە دیدارێکدا شاندی زانکۆی کامبریج کە پێکهاتوون لە پڕۆفیسۆر گرایم و دکتۆر ئیما باسی گرنگی و چۆنیەتی دۆزینەوەی ئێسکەپەیکەری مرۆڤی نیاندەرتاڵیان کرد کە لە ماوەی رابردوو کاریان لەسەر دۆزینەوەی ئێسکە پەیکەر و سەری مرۆڤی نیاندەرتاڵ کردووە و ئێستاش سەرقاڵی بەدواداچوونن لەسەر شێوازی رەفتار و کەلتوور و خواردن و بواری کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمەی مرۆڤی نیاندەرتاڵن تاکو بزانن لەم بارەیەوە چۆن بوونە و چۆن رەفتاریان کردووە.

لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانیاندا، توێژەرەکان باسیان لە گرنگی ئەشکەوتی شاندەر کرد بۆ کوردستان لە بواری زانستی و ئابووری و سیاسی و گەشتیاری بۆ ناوچەکە و هەموو عێراق.

ڕاگری پەیمانگە دەستخۆشی لە کارەگرینگە زانستیەکانی ئەو دوو زانایە کرد بە گرنگی زانی بۆ کوردستان و هەموو جیهان. هەروەها ئامادەیی پەیمانگە و، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێری دەربڕی بۆ هەموو هاوکاری و ئامادەکارییەک لە بواری لۆجستیکی پیشاندا بۆ تیمی توێژەران.

شیاوی باسە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا، شاندی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر لەگەڵ تیمی توێژەرانی شوێنەوارناس لە زانکۆی کامبریج، پێکەوە پانێلیکی نێودەوڵەتی بەبەشداری کەسانی پسپۆڕ لە بوارەکە، لەسەر گرنگی ئەشکەوتی شاندەر و دۆزینەوەزانستیەکان سازبکەن.

جێگای وەبیرهێنانەوەیە لەماوەی رابردوودا دوو زانکۆی بەریتانی لێکۆڵینەوەیان لە ئەشکەوتی شانەدەر ئەنجامدابوو، و ئێسکی کەلـلە سەری ژنێکیان دۆزیبیووەوە کە لە چلەکانی تەمەنی دایە و مێژووەکەی بۆ 75 هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. ئەم دۆزینەوەیەش، بەڵگە و سەلمێنەری ئەوەیە، کە ژیان لەم خاکەدا بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و کوردستان لانکەی شارستانییەت و مرۆڤایەتییە.

راگەیاندنی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر