Category Archives: سەرۆکایەتی زانکۆ

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر رێوڕەسمی بەفەرمی کردنەوەی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆری ئەنجامدا

رۆژی سێ شەممە رێکەوتی 9ـی ئایاری 2023، بە ئامادەبوونی جەنابی مەلا مستەفا مەسعود بارزانی، نوێنەری سەرۆکی هەرێم، بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا، سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، بەڕێوبەری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، قائیمقامی قەزای مێرگەسۆر، ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ و ژمارەیەک کەسایەتی و پیاوماقولانی دەڤەرەکە و بەرپرسانی حیزبی و حکومی و مامۆستایان و قوتابیان، رێوڕەسمی بەفەرمی ناساندنی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر بەڕێوەچوو.

مەراسیمەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان و گوێگرتن لە مارشی نیشتمانی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد، دواتر راگری پەیمانگە د. طالب محەمەد شەریف وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتن و سوپاسی بەڕێز مەلامستەفا بارزانی کرد بۆ ئەو هاوکاری و دەستگرتنەی بەڕێزیان بە پەیمانگە هەر لەسەرەتای دامەزراندنی پەیمانگە تا ئەم ساتە.

دواتر بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا دەستخۆشی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و بەرپرسانی هاوکار لە دامەزراندنی یەکەمین دامەزراوەی ئەکادیمی لە دەڤەرەکە کرد و ئەم هەنگاوەی بە گرنگ وەسف کرد بۆ گەنجانی قەزای مێرگەسۆر و دەڤەری بارزان و رایگەیاند ئەمە بچووکترین دیاری ئێمەیە بۆ ئەم دەڤەرە شۆڕشگێڕ و تێکۆشەرە و هیواداریم لێمانی قبوڵ بکەن.

پاشان لە پارچە ڤیدیۆیەکدا سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی وتەیەکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: “کردنەوەی ئەم پەیمانگەیە گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ دەڤەرەکە خۆمان بە خۆشحاڵ دەزانین کە بتوانین خزمەتی ئەم دەڤەرە بکەین و وەک زانکۆ هەوڵ دەدەین ئەو پسپۆڕییانەی لەم پەیمانگەیە دەخوێندرێن لەگەڵ سروشتی دەڤەرەکە و بازاڕی کار بگونجێنین، هەر بۆ ئەو مەبەستەش بۆ ئەمساڵی خوێندن بەشێکی دیکەی زانستی لە پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر دەکرێتەوە ئەویش بەشی پەرستارییە کە دەبێتە هۆی پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی قەزای مێرگەسۆر و دەوروبەری بە کارمەند و یاریدەدەری پزیشکی لە گەنجانی دەڤەرەکە ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر بەرەوپێشچوونی کەرتی تەندروستی لە ناوچەکە”.

دواتر کورتە ڤیدۆیەک لەسەر چۆنییەتی دامەزراندن و قۆناغەکانی بنیاتنانی پەیمانگە، هەروەها ستراتیژ و بەرنامەی داهاتووی پەیمانگەی تێدا روونکرایەوە.

بەر لە کۆتایی رێوڕەسمەکە بەڕێز مەلا مستەفا بارزانی خەڵاتی رێزلێنانی بەخشییە هەریەک لەو بەڕێزانەی کە لە ماوەی رابردوودا یارمەتیدەر و هاوکار و پاڵپشتیکارێکی گرنگ بوون لە دامەزراندن و کردنەوە و پەرەپێدانی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر.

 

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر مەراسیمی ناساندنی جۆرێکی کۆنکریت کە ناسراوە بە (Pervious Concrete) رێکخست

پێنج شەمە رێکەوتی 4ـی ئایاری 2023 لەژێر چاودێری و ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.د ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی و بەئامادەبوونی راگری کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر پ.د ئەیاد زکی صابر آغا و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و چەندین بەرپرسی حکومی و حیزبی و نوێنەرانی کۆمپانیاکان چالاکی ناساندنی جۆرێکی کۆنکریت کە ناسراوە بە (Pervious Concrete) بەڕێوەچوو.
سەرەتا راگری کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر وتەیکی پێشکەش کرد و تیادا بەخێرهاتنی سەرۆکی زانکۆ و مێوانەکانی کرد وە باسی ئەم جۆرە کۆنکریتە و بەکارهێنانی کرد هەروەها سوپاسی گشت لایەنە سپۆنسەرەکانی کرد.
پاشان سەرۆکی زانکۆ پ.د ئیدریس هەرکی وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا دەستخۆشی لە راگرایەتی کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێری کرد لەگەڵ گشت لایەنە سپۆنسەرەکان، و ئاماژەی بەوە کرد کە زانکۆکان تەنها شوێنی خوێندن و پێدانی بڕوانامە نین، بەڵکو دەبێت زانکۆکان تەواوکاری پێداویستییەکان وە پڕکردنەوەی کەموکوڕییەکانی هاووڵاتییان بن وە ئەمەش لەڕێی هەماهەنگی زانکۆکان و دامودەزگای حکومی و ناحکومییەکان دەبێت، ئەم پرۆژەیەش لە چوارچێوەی ستراتیژییەتی هاوکاریکردنی کۆمەڵگەیە لە لایەن زانکۆوە تاکو لە رێگەی ئەم جۆرە کۆنکریتە زۆرترین سوود لە ئاو وەربگیرێت.
ئەم داهێنانە لە کۆنکریت بە شێویەکە کە رێژەیەکی زۆر لە ئاو گلدەداتەوە و رێگر دەبێت روودانی لافاو و لە رێگەیەوە دەتوانرێت دواتر ئەو ئاوە دووبارە بەکار بهێنرێتەوە بۆ مەبەستی جیاواز. دواتر سەرۆکی زانکۆ و راگری کۆلێژ بە یاوەری مێوانەکان بە شێوەیەکی پراکتیکی کاردانەوەی ئەم جۆرە کۆنکریتە بەرامبەر بە ئاو تاقیکرایەوە .
لە کۆتاییشدا سەرۆکی زانکۆ و راگری کۆلێژ خەڵاتی رێزلێنانیان بەخشییە سپۆنسەرەکان.

 

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وۆرکشۆپی (گەرانی داهێنەرانە بەدوای کار و دروستکردنی تۆری پەیوەندی و پێشکەشکردنی کار)ـی رێکخست

رۆژانی 2- 4ـی ئایار 2023 لە سەنتەری توێژینەوەی زانستی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بەرێوەبەرایەتی سەنتەری گەشەپێدان بۆکار بەهاوکاری رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆواتر وۆرکشۆپی راهێنانی راهێنەران و گەرانی داهێنەرانە بەدوای کار و دروستکردنی تۆری پەیوەندی و پێشکەشکردنی کار ئەنجامدا.

وۆرکشۆپەکە بە ئامادەبوونی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، بەرێوەبەری سەنتەری گەشەپێدان بۆ کار، بۆ ژمارەیەک لە مامۆستایانی کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکان رێکخرابوو بۆ ماوەی ٣ رۆژ بە مەبەستی ئامادەکردنی راهێنەران بۆ ئاشنا کردنی قوتابیان بە چۆنیەتی گەران بەدوای کاردا و هەنگاوەکانی ئامادەکاری بۆ دۆزینەوەی هەلی کار.

پاشان شارەزایانی نێودەوڵەتی لە بواری پێشانگای هەلی کار و گەرانی داهێنەرانە بەدوای کاردا، بەرێزان مارک و ڤیکتۆر ئید بابەتێکیان پێشکەش کرد و تیایدا بە پێی ستانداردە جیهانیەکان، دەرچووانی زانکۆ سوودمەندی یەکەم دەبن بۆ دەست خستنی کار لە بازاڕی کاری هەرێمی کوردستان. هەروەها مامۆستایانی بەشداربوو ئاشنابوون بە نوێ ترین رێگاکانی دۆزینەوەی هەلی کاری سەردەمیانە و ئامادەکردنی قوتابیانی دەرچوو بۆ بازاری کار، لە ماوەی سێ رۆژدا راهێنانیان وەرگرت.

ئەمڕۆ پێنج شەممە رێکەوتی 4ـی ئایاری 2023 کۆتایی بە وۆرکشۆپەکە هات و لە لایەن سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی بروانامە بەسەر مامۆستایانی بەشداربوودا دابەشکرا.

 

وۆرکشۆپەکە لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی هاوبەشە لەلایەن دامەزراوەی (کۆواتەر ئینتەرناشناڵ) و (جی.ئای. زی)ـی ئەڵمانی جێبەجێ دەکرێت و لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە کۆمەکی دارایی دەکرێت.

پرۆژەکە بۆ ماوەی سێ ساڵ بەردەوام دەبێت کە دوو بواری سەرەکی لەخۆدەگرێت کە ئەوانیش: پەرەپێدان و پێشخستنی پرۆگرامەکانی خوێندنی بەشی ڤێتێرنەری لە کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە ناردنی ستافی ئەکادیمی بەشی ناوبراو بۆ زانکۆیەکانی یەکێتی ئەوروپا بەتایبەتی بۆ وڵاتی بەلجیکا و هۆڵەندا بەمەبەستی ئاشناکردنیان بە نوێترین شێوازی تەکنیکی بەشی ڤیتێرنەری و چۆنیەتی ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی سەردەمییانە و چارەسەرکردنی کەمکردنەوەی کێشە کشتوکاڵیەکان و زیاترکردنی بەرهەم.

لایەنی دووەمی جێبەجێکردنی پرۆژەکە گرنگی دانە بە ستافی کارگێری بەرێوەبەرایەتی گەشەپێدان بۆ کار لە سەرۆکایەتی زانکۆ، ئەنجامدانی چەند وۆرکشۆپ لە بواری پەرەپێدانی تواناکان و دروست کردنی پەیوەندی نێوان زانکۆ و بازاری کار.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر خولی (هەشتەم و نۆیەم)ـی پێداگۆجی رادەگەیەنێت

سەنتەری راهێنانی پێداگوجیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر خولی (هەشتەم و نۆیەم)ـی پێداگۆجی رادەگەیەنێت، بۆ ئەم مەبەستە ئاگاداری سەرجەم مامۆستایانی هەڵگری بروانامەی ماستەر و دکتۆرا دەکەینەوە ئەوانەی دەیانەوێت بەشداری لە خولی پێداگۆجی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بکەن، پێویستە بەشێوەی ئۆنلاین خۆیان تۆمار بکەن و رەچاوی ئەو مەرج و خاڵانە بکەن کە لە خوارەوە دیاری کراون:

 

مەرج و رێنمایی و پێداویستییەکان: ‎

یەکەم: پرکردنەوەی فۆرمی پێشکەشکردن بەشێوازی ئۆنلاین.

دووەم: بڕوانامەی ئەکادیمی ماستەر یان دکتۆرا بە پەسەند کراوی.

سێیەم: یەکسانکردنی بروانامە تەنیا بۆ ئەوانەی کە پێویستە بروانامەیان یەکسان بکرێت.

چوارەم: هێنانی بروانامەی توانستی زمانی ئینگلیزی تاقیکردنەوەی ئایڵتس کە پێویستە تێکڕای ئاستی زمانی

لە ‎(5) پێنج ئایڵتس کەمتر نەبێت ، یان هاوتاکەی.

پێنجەم: ئەو مامۆستایانەی کە دامەزراون دەبێت نووسراوی فەرمی لاری نەبوون (رێگەپێدان) لە شوێنی

کارەکەیان بهێنن.

 

بۆ خۆ تۆمارکردن لە خولی هەشتەم کە لە مانگی ‎7‏ دەستپێدەکات  لێــــــــــــــــــــــــــرە کلیک بکە .

بۆ خۆ تۆمارکردن لە خولی نۆیەم کە لە مانگی ‎9 دەستپێدەکات  لێــــــــــــــــــــــــــرە کلیک بکە .