Category Archives: سەرۆکایەتی زانکۆ

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک کۆتایی بە خولێکی راهێنان دەهێنن

رۆژی سێ شەممە 17ـی کانونی دووەمی 2023 بە ئامادەبونی سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محمدتاهیر هەرکی، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن دانا عەبدولکەریم، سەرۆکی زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک د. ئیدریس هادی، پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو و ژمارەیەک بەرپرسی حکومی، لە هۆڵی کۆبونەوەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوەی هەولێر رێورەسمی کۆتایی هاتنی خولێکی ئەندازیاری بەڕێوەچوو کە بۆ ئەندازیارانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کرابوویەوە.

لەوتەیەکدا سەرۆکی زانکۆ پیرۆزبایی لە سەرپەرشتیاران و بەشداربوانی خولەکە کرد و رایگەیاند کە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هەمیشە ئامادەیە بۆ کاری پێکەوەیی و هاوکاریکردنی دامودەزگا حکومییەکان لە بوارە جیاجیاکان بۆ بەرزتر کردنەوەی ئاستی زانستی و لێهاتوویی کارمەندانی ناوخۆ بۆ زیاتر خزمەتکردنی کوردستان.

هەر لە رێورەسمەکەدا وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە کردنەوەی ئەم جۆرە خولانەو هاوکات سوپاسی سەرپەرشتیارانی خولەکەی کرد و جەختی لەسەر هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی زیاتری نێوان وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و زانکۆکاکانی کوردستان و بەتایبەت کۆلێژە ئەندازیارییەکان کردەوە و وتیشی: زۆرێک لە پڕۆژە گرنگەکانی کوردستان بەتایبەت بواری رێگاوبان لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنەوە ئەنجام دەدرێن، ئەمەش وادەکات رۆڵ و کاریگەریی زانکۆکان و بەتایبەتیش کۆلێژە ئەندازیارییەکان بەردەوام رۆڵێکی گرنگ بێت بۆ هاوکاریکردنی تەکنیکی ئەندازیارانی سەرپەرشتیاری پڕۆژەکان.

خولەکە بە سەرپەرشتی هەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک بەرێوەچوو کە بۆ ماوەی سێ مانگ بەردەوام بوو و تیایدا 70 ئەندازیاری وەزارەتی ناوبراو بەگشتی بەشداربوون، و وانەکان لە لایەن 10 مامۆستای هەردوو زانکۆ پێشکەش دەکران. لەکۆتایی رێورەسمەکەدا بڕوانامەی دەرچوون بەخشرایە ئەندازیاران و بڕوانامەی رێزلێنان بە مامۆستایان بەخشرا.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک کۆبوونەوەیەک لەبارەی کۆنفرانسی ئەندازیاری نێودەوڵەتی هاوبەش ئەنجامدەدەن

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی 16ـی کانونی دووەمی 2023 کۆبوونەوەیەکی هاوبەش ئەنجامدرا لە نێوان هەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێرو زانکۆی تیشکی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئێوارە خوانێک بە ئامادەبوونی هەردوو سەرۆک زانکۆ و یاریدەدەرانی سەرۆک زانکۆ و ژمارەیەک لە ئەندامانی لێژنەکانی کۆنفرانسی ئەندازیاری نێودەوڵەتی هاوبەش کە ساڵانە لە مانگی شوبات ئەنجام دەدرێت.

لە کۆبوونەوەکەدا بە شێوەیەکی گشتی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان هەردوو زانکۆ دووپاتکرایەوە، هەروەها باسی شێواز و چۆنیەتی ئەنجامدانی کۆنفرانسی زاستی لە بوارەکانی ئەندازیاری شارستانی و کۆمپیوتەر کە بڕیارە لە ڕۆژانی 15-16/2/2023 ئەنجام بدرێت گفتوگۆی لەسەر کرا وە بڕیاری گونجاوی لەبارەوە درا.

شایانی باسە لەژێر ڕۆشنایی یاداشتی لیێگەیشتنی نێوان هەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێرو زانکۆی تیشکی نێودەوڵەتی، چەندەها کاروچالاکی زانستی ئەنجامدراوە و تا ئێستاش بەردەوامەوە گرنگترینیان:

ـ (8) کۆنفرانسی زانستی لە بواری ئەندازیاری شارستانی و کۆمپیوتەر

ـ (8) چالاکی و پێشبڕکێی قووتابیان

ـ کردنەوەی خوێندنی ماستەری هاوبەش کە تائێستا (16) قوتابی لە بوارەکانی ئەندازیاری سودمەند بوون و بڕوانامەی ماستەریان بەدەست هێناوە.

سەرۆکی زانکۆ پێشوازی لە سەرۆکی یەکێتی زانکۆکانی جیهان دەکات

رۆژی دووشەممە رێکەوتی 15ـی کانونی دووەمی 2023 سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی لە ئۆفیسی خۆی پێشوازی لە دکتۆر ئۆرهان حیکمەت ئۆغلۆ سەرۆکی یەکێتی زانکۆکانی جیهان کرد.

لە دیدارێکدا کە سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین پ.ی.د. کامەران یونس محمدئەمین، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سەڵاحددین بۆ کاروباری زانستی د. مصطفی، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ کاروباری زانستی د. نجیب تۆما و ژمارەیەک بەڕێوبەرانی سەرۆکایەتی زانکۆ ئامادەیبوون، سەرۆکی یەکێتیی زانکۆکانی جیهان د. ئۆرهان پیرۆزبایی لە د. ئیدریس کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، هەروەها لەلای خۆیەوە سەرۆکی زانکۆ زۆر سوپاسی بەڕێزیانی کرد.

هەر لەو دیدارەدا باس لە کارەکانی یەکێتیی زانکۆکانی جیهانی لە تورکیا کرا و جەخت کرایەوە لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وەک ئەندامی یەکێتییەکە لەگەڵ زانکۆکانی جیهانی بەمەبەستی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی یەکدی وەک سوود وەرگرتن لە توانا مرۆیی و زانستییەکان و ئەنجامدانی چالاکی زانستی.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ژمارەیەک پێداویستی وەرزشی بۆ کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکیەکان دابین دەکات

لە ژێر چاودێری سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محمەدتاهیر هەرکی و بە ئامادەبوونی یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و قوتابییان، بەڕێوبەرایەتی چالاکییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ ژمارەیەک پێداویستی وەرزشیی بۆ سەرجەم کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکان دابین کرد.

پێداویستییەکان پێکهاتبوون لە مێزی تایبەت بە یاری تۆپی سەرمێز و رێکت و تۆپ کە لەلایەن سەرۆکایەتی زانکۆوە بۆ کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکان دابین کرابوو و بەسەرپەرشتی بەڕێوبەرایەتی چالاکییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ دابەش کرا.

هەر بۆ زیاتر گرنگیدان و بەرەوپێش بردنی بواری وەرزشی لە زانکۆمان و لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی زانکۆ بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا یاریگای تۆپی پێی بچووککراوە بەشێوەیەکی مۆدێرنانە لە سەرجەم کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکان دروست بکرێت.