Category Archives: سەرۆکایەتی زانکۆ

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کۆتایی بە خولی تۆپی سەرمێز بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان دەهێنێت

رۆژی یەکشەممە رێکەوتی 22ـی کانونی دووەمی 2023 بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی و یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان پ.ی.د. یوسف مصطفى رسول و ژمارەیەک لە راگری کۆلێژ و پەیمانگەکان، بەرێوبەرایەتی چالاکییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ، خولی تێنسی سەرمێزی بەجیا بۆ هەریەکە لە مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابییان (کچ، کوڕ)ـی سەرجەم کۆلێژ و پەیمانگە تەکنییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کردەوە کە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بوو.

بەر دەستپێکی یارییەکانی خولەکە سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا دەستخۆشی لە بەرێوبەرایەتی چالاکییەکانی سەرۆکایەتی و سەرپەرشتیارانی خولەکە کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ بەشداربووان خواست، هەروەها پاڵپشتی خۆی بۆ ئەنجامدانی چالاکییە وەرزشییەکان دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە بڕیاریان داوە چەند پرۆژەیەکی وەرزشی لە کۆلێژ و پەیمانگەکان دروست بکرێت کە خزمەت بە قوتابیان دەکات.

شیاوی باسە لە رۆژی یەکەمی خولەکەدا چەند یارییەک بەڕێوەچوون، لە رۆژی دووەم رێکەوتی 23ـی کانونی دووەم یارییەکانی کۆتایی هەرسێ ئاستەکە بەڕێوەچوو کە ئەنجامەکان بەم شێوەیە بوون:

لەسەر ئاستی مامۆستایان و فەرمانبەران:

  1. بلند محمد عزیز فەمانبەر/ لە کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر.
  2. نبیل حمدی مصطفى/ فەرمانبەر لە سەرۆکایەتی زانکۆ

لەسەر ئاستی قوتابییان (کوڕان):

  1. إبراهیم حسن/ قوتابی کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر
  2. أحمد قادر/ قوتابی پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر

لەسەر ئاستی قوتابییان (کچان):

  1. بنار إسماعیل کریم/ قوتابی کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی
  2. رۆنیا سەردار محمد/ قوتابی پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر

لە کۆتاییدا لە لایەن راگری پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی هەولێرو ياريدەدەری راگری کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر سەرۆک بەشەکان خەڵات بەسەر سەرپەرشتیار و ناوبژیوان و پاڵەوانانی خولەکەدا دابەشکرا.

شاندێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سەردانی بەڕێوبەری گشتی تەندروستی هەولێر دەکەن

رۆژی دووشەممە 23ـی کانونی دووەمی 2023 سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محمد تاھیر هەرکی بەیاوەری شاندێک سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێریان کرد و لە لایەن بەڕێوبەری گشتی د. دلۆڤان محمد فاتح جلال-ـەوە پێشوازییان لێکرا.

لەکۆبونەوەیەکدا کە هەریەک لە یاریدەدەری سەرۆکی بۆ کاروباری زانستی پ.ی.د. نجیب تۆما پتۆ، راگری پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر مامۆستا ئومێد ئەرشەد حوێزی، مامۆستا میدیا فاضل جلیل سەرۆکی دڵنیایی جۆری و مامۆستا ھندرێن یونس نجم بریاردەری بەشی پەرستاری پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی ئامادەیبوون پرسی ئاستی زانستی پەرستاری تاوتوێکرا و ھەماھەنگی هەردوولا لەپرسە زانستیەکانی پەرستاری دووپاتکرایەوە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا دەربارەی زیاتر لێک نزیکبوونەوە و هەماهەنگی کردن لەنێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر بە مەبەستی بەرەو پێش چوونی پرۆسەی خوێندنی تەندروستی و خزمەتگوزاری تەندروستی لەنێو دەزگاکانی تەندروستی لەسنوری شاری هەولێر.

سەرۆکی زانکۆ پێشوازی لە سەرۆکی کۆمەڵەی داهێنان لە بواری کشتوکاڵی وڵاتی پۆڵەندا دەکات

رۆژی یەکشەممە رێکەوتی 22ـی کانونی دووەمی 2023 سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محمد تاهیر هەرکی پێشوازی لە کریستۆن ئۆچاک سەرۆکی کۆمەڵەی داهێنان لە بواری کشتوکاڵی وڵاتی پۆڵەندا و ئەلینا ئوچاک ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی شاری ڤاڵڤیتای پۆڵەندا کرد.


لە دیدارەکەدا کە هەریەکە لە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی پ.ی.د. نجیب تۆما پتۆ و د. وەلاء مامۆستا لە کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر ئامادەیبوون، سەرۆکی زانکۆ کورتەیەکی دەربارەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ شاندی میوان باسکرد، دواتر گفتوگۆ کرا لەسەر ئەنجامدانی چەند چالاکییەک لە داهاتوودا لە لایەن شاندەکەوە وەک:


*ئەنجامدانی وێرشۆپێکی لەبواری داهێنان لە پیشەسازی کشتوکاڵ و ئاژەڵ لە لایەن شارەزایانی وڵاتی پۆڵەندا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
* ئەنجامدانی وێرکشۆپێک بۆ ستافی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە لایەن شارەزایانی بواری تەکنەلۆژیای خۆراک بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ کردنەوەی بەشی تەکنەلۆژیای خۆراک و کوالیتی ئامادەکردنی خۆراک لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر.
* ئەنجامدانی سیمنارێک لە ماوەی ئەم هەفتەیە بۆ قوتابیانی کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر لە بواری بازاڕگەری نێودوڵەتی.
* دانانی پلان بۆ کارکردن لە پرۆژەی بەکارهێنانەوەی پاشماوەکان و دووبارە سوود وەرگرتن لێی.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و دەزگای خێرخوازی بارزانی جەخت لە گرنگی هەماهەنگی نێوانیان دەکەنەوە

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەیاوەری پ.ی.د.نەجیب تۆما پتۆ یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و پ.ی.د.یوسف مستەفا یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان سەردانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد و لەلایەن موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگاکەوە پێشوازییان لێکرا.

لە دیدارەکەدا کە سەرۆکی بەشی بازاڕگەری لە کۆلێژی تەکنۆلۆجی کارگێری هەولێر، د.شێرزاد مەهدی ئامادەیی بوو، باس لە گرنگی خوێندنی تەکنیکی لە هەرێمی کوردستان کرا و هەردوولا کۆکبوون لەسەر بایەخدان بە کۆلێژ و بەشەکانی زانکۆ تەکنیکییەکان بەگشتی و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەتایبەت بەو پێیەی دەچووانی وەک کادری ناوەندی خزمەت دەکەن.

هەر لە دیدارەکەدا وێڕای پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا، هاوکات باس لە پێویستی ئەنجامدانی پڕۆژەی هاوبەش لەنێوان هەردوولادا کرا و لەمبارەیەوە جەخت لە بەشداربوونی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە چالاکییەکانی زانکۆمان و سوود وەرگرتنی دەزگاکە لە ئەزموونی دەرچووانی زانکۆمان کرایەوە کە دەبێتە هۆی رەخساندنی دەرفەتی کار بۆ دەرچووان.

لە کۆتایی دیدارەکەدا هەردوولا رێکەوتن لەسەر بەردەوامی و پەرەپێدانی زیاتر بە پەیوەندییەکان کە دەبێتە هەنگاوێک بۆ خزمەتکردنی زیاتری قوتابیان و دەرچووانی زانکۆمان.