Author Archives: Hallo Majed

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەرفەتی خوێندن بۆ یەک وەرز(سمستەر) دەدات بە قوتابیان لە زانكۆی بێڵێفدی ئەڵمانی

لە ژێر رۆشنایی رێککەوتننامەی لێکتێگەیشتنی نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانكۆی بێڵێفیڵد بۆ زانست و تەکنەلۆژیا و لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی بە نێودەوڵەتی كردنی زانكۆمان، بەڕێوبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، دەرفەتی خوێندن بۆ یەک وەرز (سمستەر) بۆ قوتابییانی قۆناغی دووەم و سێیەمی کۆلێژەکانی زانکۆمان لە زانكۆی بێڵێفیڵد بۆ زانست و تەکنەلۆژیا رادەگەیەنێت.

بۆ بەشداری كردن لەم پڕۆگرامە پێویستە قوتابی ئەم مەرجانەی خوارەوەی تێدابێت:

١-پێویستە قوتابی قۆناغی (دووەم یان سێیەم)ـی كۆلێژەکان بێت.

٢-پێویستە قوتابی ئینگلیزی زۆر بەباشی بزانێت و یەکێک لە بڕوانامەکانی (,TOEFL PTE) یان (IELTS 5-6)ـی هەبێت.

٣-گشت خەرجیەكان لەسەر ئەستۆی قوتابیە (جگە لە کرێی خوێندن لە زانکۆکە).

٤-قوتابی دەبێت وەكالە و كەفالە بکات و بەڵێننامە پڕ بكاتەوە كە دوای تەواوكردنی خوێندن بگەرێتەوە.

٥- لیژنەیەك پێك دێت بۆ هەڵسەنگانی قوتابیانی بەشداربوو.

٦- رۆژی 23/10/2023 دواکاتە بۆ پێشکەش کردن.

قوتابی ئارەزوومەند بە گوێرەی ئەم مەرجانە لە ڕێگەی ئەم لـــیـــنـــــــکـــــەوە دەتوانێت بەشداری بكات.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وۆرکشۆپێک بۆ سەرۆکی بەشە زانستییەکانی کۆلێژ و پەیمانگەکان رێکدەخات

رۆژی چوارشەممە 13ـی ئەیلولی 2023، بە ئامادەبوونی پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی زانکۆ، وۆرک شۆپێک لەژێر ناونیشانی (پەرەپێدانی توانای کارگێری و ئەکادیمییەکان) بۆ سەرۆکی بەشە زانستییەکانی کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکان بەرێوەچوو کە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.

لە سەرەتای وۆرکشۆپەکەدا سەرۆکی زانکۆ پ.د.ئیدریس وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و باسی گرنگی و پێویستی ئەو جۆرە وۆرکشۆپانەی کرد و گوتی: “ئەو وۆرکشۆپە یەکێکە لە کارە هەرە گرنگەکان و پێویستە ساڵانە لە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن و پێش هەر سمستەرێک وۆرکشۆپی لەو شێوەیە سازبکرێت و بەو دەسەڵات و رێنماییانەی هەیە پێویستە ئاگاداری و رێنمایی بەسەرۆک بەشەکان بدرێت، هەندێک بابەت هەیە کەساڵانە دووبارە دەکرێتەوە و کاری تێدا دەکەین، سیستەمی بۆلۆنا پرۆسێس کە بەردەوام کاری تێدا دەکرێت و بەردەوام پێش دەخرێت، چونکە ئەو سیستەمە پرۆسەیەک نییە هەڵبگیرێت و گرنگی پێ نەدرێت، بەڵکو دەبێت بەردەوام کاری لەسەر بکرێت، بۆیە پێمان باشە هەموو ساڵێک و سەرەتای دەستپێکی هەموو سمستەرێک وۆرکشۆپ یا خولێکی لەو شێوەیە بکرێتەوە و تیایدا سەرۆک بەشەکان میوانداری بکرێن و زانیاری بدرێت لەسەر ئەو پێشکەوتنانەی هاتووەتە پێش و بزانرێت چییان کردووە و چییان ئامادەکردووە”.

لە درێژەی وتەکەیدا سەرۆکی زانکۆ گوتی، “ئومێدەوارم سوود لەو هەنگاوە گرنگە وەربگرن و هیوادارم هەمووکات سەرکردەی لێهاتووبن بۆ ئەوەی هەموومان بەیەکەوە بتوانین زانکۆمان زیاتر بەرەوپێش ببەین، ئەگەر سەیری جیهان بکەین ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەوەی زانکۆ پۆلیتەکنییکیەکان دەیکەن بە زانکۆ بە ئەکادیمییەکان ناکرێت.

بۆیە زانکۆکەمان بەردەوام پێویستی بەپێشخستن هەیە و دەبێت بە هەوڵی هەموومان هەم فراوان بکرێت و هەمیش ئەدایەکەی و کادیرەکانی و ئەوانەی لەناو زانکۆ کاردەکەن زیاتر پەرەی پێبدرێت بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر زانکۆکەمان بەرەوپێش ببەین، دووبارە زۆر بەخێربێن و ئومێد دەکەم ئەو دوو رۆژە سوود لەو وۆرکشۆپە و زانیارییەکانی وەربگرن”.

دواتر دەستکرا بە پێشکەشکردنی بابەتەکانی وۆرکشۆپەکە کە تیایدا جگە لە باسکردنی ناوەرۆکی سیمنارەکان، نوێترین بەرنامە و پلانی زانکۆ بۆ سەرۆکی بەشە زانستییەکان رووندەکرێتەوە هەروەها لە نوێترین رێنماییەکان ئاگادار دەکرێنەوە.

لە رۆژی یەکەمی وۆرکشۆپەکەدا هەریەکە لە پ.ی.د.عباس برهان ساڵەیی لە ژێر ناوی پلانی توێژینەوە بۆ ساڵی داهاتوو لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، د.مهدی خالد قادر لەژێر ناوی هەندێک لە یاساکانی سەرکردایەتیکردن سیمیناری تایبەتی خۆیان پێشکەش کرد، بڕیارە لە رۆژی دووەمی وۆرکشۆپەکەشدا هەریەک لە پ.ی.د سەرسام خلیل عمر لەژێر ناوی رێنماییەکانی تۆماری گشتی، مامۆستا یاسین حمید رشید و مامۆستا گۆران مغدید کریم لەژێرناوی جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی بەکارهێنانی داتابیسی سیستەمی بۆلۆنا ECTS سیمینارەکانیان پێشکەش بکەن بۆ سەرۆک بەش و ڕاگرو مامۆستایان.

 

سەرۆکی زانکۆ چەند پرۆژەیەک لەنێو کامپی کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر بەسەردەکاتەوە

رۆژی سێشەمە 12ـی ئەیلولی 2023، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە یاوەری یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و مامۆستا انزار بهجت ابراهیم به‌رێوه‌به‌ری ئه‌ندازە و پڕۆژەکانی سەرۆکایەتی چەندین پڕۆژەی نوێی لەناو کەمپی کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر و پەیمانگەی تەکنیکی کارگێری هەولێر بەسەرکردەوە.

سەرۆکی زانکۆ و شاندی یاوەری بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لەچۆنیەتی بەرێوەچوونی پڕۆژەکان و کارکردن تێیاندا پڕۆژەکانیان بەسەرکردەوە کە خۆی لە چەند پڕۆژەیەکی گرنگ بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان دەبینێتەوە و لە رێگەیانەوە ژینگەیەکی تەندروست و لەبار بۆ خوێندن لەپەیمانگە و کۆلێژەکان دەڕەخسێت، پڕۆژەکان بریتین لە پڕۆژەی سەنتەری توێژینەوەو تەکنەلۆجیای زانیاری، پڕۆژەی پاشکۆی یاریگای وەرزشی لەکەمپی تەکنەلۆجی هەولێر، پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی شوورەی کەمپی تەکنەلۆجی ، پڕۆژەی دروستکردنی تاقیگەکان لەکەمپی تەکنەلۆجی.

خولی راهێنانی تایبەت بۆ دەست پێشخەری کار لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەستی بەکارەکانی کرد

ئەمڕۆ سێشەممە 12ـی ئەیلولی 2023، لەژێر چاودێری پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، خولی راهێنانی (دەستپێک) دەستی پێکرد، کە پرۆژەیەکی گرنگە و سوودی زۆری هەیە بۆ قوتابیان و دەرچووانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ دۆزینەوەی هەلی کار و بوون بەخاوەن کاری تایبەت بە خۆیان لەڕێگای پڕۆژەی داهێنان و پێشبڕکێ کردن.

پڕۆژه‌ی ده‌ستپێك پێشبڕكێیه‌كی تایبه‌ت بۆ ده‌ست پێشخه‌ری كارە کە زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر شانبه‌شانی شه‌ش زانكۆی دیکەی هه‌رێمی كوردستان تیایدا به‌شداره ‌و له‌ لایه‌ن دامه‌زراوه‌ی (GIZ)ـی ئه‌ڵمانییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت هاوکاری وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و لەلایەن هەریەک لەڕاهێنەران مامۆستا کۆڤان عومەرو مامۆستا زانیار جەبار ڕاهێنان بە بەشداربووان دەکرێت، ئەم پرۆژه‌یه‌ پاڵپشتی دارایی ده‌كرێت له‌ لایه‌ن یه‌كێتی ئه‌وروپا،  ئەو پڕۆژەیە هانی ده‌رچووان و قوتابیانی زانكۆ ده‌دات بیرۆکەی کار و بزنسی خۆیان پەرە پێبدەن و کاربکەن بۆ دامەزراندنی کاری سەربەخۆی خۆیان، لەقۆناغی سه‌ره‌تادا (60)  ده‌رچوو و فێرخواز سوودمەند دەبن.

له‌ڕێگەی ئه‌م پرۆژه‌یه‌وه‌ قوتابیان و ده‌رچووانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر ده‌توانن به‌شداربن له‌ خولێكی ڕاهێنانی دوو ڕۆژه ‌و تیایدا كار ده‌كه‌ن له‌سه‌ر بنیاتنانی پرۆژه‌یه‌كی كار به‌شێوه‌ی تیم و دواتر دوو تیم هه‌ڵده‌بژێردرێن بۆ قۆناغی داهاتووی پێشبڕكێكه‌ شان به‌شانی تیمه‌كانی تری زانكۆ به‌شداربووه‌كانی ئه‌م پرۆگرامه‌، ئینجا ڕاهێنانی چڕیان پێ ده‌كرێت و له‌قۆناغی كۆتاییدا له ‌ڕێوره‌سمێكی شایسته‌ی تایبه‌تدا تیمه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كان پرۆژه‌كانیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.

ئامانجه‌كانی پڕۆژه‌ی ده‌ستپێك بریتین لە: گۆڕینی تێڕوانین و بیركردنه‌وه‌ی قوتابیان و ده‌رچوانی زانكۆ ده‌رباره‌ی كاركردنیان له‌داهاتوو، ئاشنا بوون بۆ ده‌ست پێشخه‌ری كارو پێشه‌نگی بازرگانی، هه‌نگاوه كرده‌ییه‌كانی بنیاتنانی كارو بازرگانی، به‌ره‌وپێشبردن و به‌رزكردنه‌وه‌ی توانای كاركردن به‌ تیم به‌شێوه‌یه‌كی كرداری.