لە سەرەتای سیمنارەکەدا کە ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و بەڕیوبەر و مامۆستایان و قوتابیان ئامادەیبوون، سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی زۆر سوپاسی بەڕێز د. بەشیر حەدادی کرد بۆ ئەنجامدانی سیمنارەکە و هەروەها بەخێرهاتنی میوانانی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە دیداری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەردەوامی دەبێت دوای ئەوەی بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا سیمنارەکانی راوەستا بوو، هەروەها سەرۆکی زانکۆ گوتی: زانکۆ تەنها بریتی نیە لە وانە و پۆل و قوتابی و مامۆستا بەڵکو پێویستە چالاکی زانستی و کەلتوری ئەدەبی و سیاسیش لەخۆی بگرێت چونکە هەموو ئەوانە وا دەکەن قوتابیان و مامۆستایانی زانکۆ لە سەرجەم بوارەکاندا ئاستی رۆشنبیرییان بەرەو پێش بچێت.
دواتر سیمنارەکە دەستی پێکرد و د. بەشیر بەوردی باسی لە پرۆسەی سیاسی عێراقی نوێ و ئاڵنگارییەکانی کرد لە ساڵی 2003ـوە تاکو کابینەکەی کازمی، هەروەها هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان کرد و هۆکارەکانی هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و پەرلەمانی خولی پێشووی رونکردەوە.
لە بەشێکی دیکەی قەسەکانی دا جێگرەکەی پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باسی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی خولی پێنجەم کرد و تیشکی خستە سەر لایەنە براوەکان و ئەوانەش کە کورسیەکانیان کەمی کردووە و مەترسی هەڕەشەکانیانی رونکردەوە، دواتر باسی لە گرنگی بیرۆکەی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە کرد و وتی ئێمە ئەزمونێکی باشمان لەگەڵ حکومەتی تەوافوق نیە، پێم باشە ئەزمونی حکومەتی زۆرینەش تاقی بکەینەوە هەرچەند لایەنی باش و خراپیشی هەیە بەڵام پێم وایە لایەنە باشەکانی زیاترن.
پاشان باسی لە کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و چۆنیەتی مامەڵەکردنی هەردولا لەگەڵ پرسەکان کە هەندێکیان بە دەرکردنی یاسا چارەسەر دەبن وەک پرسی نەت و گاز و هەندێکی دیکەیان بە سیاسی چارەسەر دەکرێن بەڵام بەداخەوە تا ئێستاش لە عێراق بە ئەقڵیەتی فیدراڵی مامەڵە ناکرێت بەڵکو بە ئەقڵیەتی مەرکەزیەت دەیانەوێ مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن و ئەوەش وای کردووە کێشەکان کەڵەکە بن.
لە کۆتاییشدا دەرگای گفتوگۆ بەڕووی ئامادەبوواندا کرایەوە و پرسیارەکانیان ئاراستە کرد و لە لایەن د. بەشیر حەدادەوە بە وردی و راشکاوانە وەڵام درانەوە.
دواتر سەرۆکی زانکۆ پلاکێتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێری بەخشییە بەرێز د. بەشیر خلیل حەداد و سوپاسی بەرێزیانی کرد بۆ ئەنجامدانی سیمنارەکە.