Author Archives: admin

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەردانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێری کرد

رۆژی دووشەممە ١٤ تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ بەڕێز د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیاوەری شاندێک سەردانی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێری کرد و لەلایەن بەڕێز پرۆفیسیۆی یاریدەدەر دکتۆر کاوە شێروانی و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆی زانکۆ پێشوازی لێکرا.

دوای کۆبوونەوە دکتۆر ئارام محەمەد قادر لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ستافی زانکۆ باسیان لە پرسی وەرگرتنی قوتابیان و چۆنیەتی ئامادەکاری و وەرگرتنی قوتابیانی قۆناغی یەکەمی ئەمساڵی کۆلێژ و پەیمانگاکانی سەر بەزانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کرد و پلانی ساڵی نوێی خوێندن بۆ وەزیری خوێندنی باڵا خرایەروو.


دواتر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە یاوەری پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. کاوە شێروانی سەرۆکی زانکۆ سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆماری سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێریان کرد و لەلایەن مامۆستا سەرسام خەلیل پێشوازیان لێکرا و سەبارەت بە کارەکانی تۆمار و کاروباری قوتابیان رونکردنەوەی پێویست درا بە وەزیری خوێندنی باڵا”.


دواتر سەرۆکی زانکۆ یاوەری وەزیری خوێندنی باڵای کرد بۆ سەردانی کردنی هەردوو پەیمانگای (تەکنیکی کارگێڕی هەولێر و پەیمانگای تەکنەلۆژی هەولێر) و دوای بەسەر کردنەوەی چەند بەشێک و کتێبخانەی گشتی زانکۆ دواتر سەردانی هەردوو بەشی تۆماری هەردوو پەیمانگای ناوبراویان کرد و دواتریش وەزیری خوێندنی باڵا و سەرۆکی زانکۆ لەنزیکەوە گوێیان لە داواکاری و پێشنیارەکانی بەرپرسەکانی تۆمار و فەرمانبەران گرت و دڵنیابوون لە ئامادەکاریەکان بۆ ساڵی نوێی خوێندن.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کردنەوەی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆری راگەیاند

ئەمڕۆ سێشەممە ٨ تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لە سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەڕێوەچوو، تیایدا بەفەرمی لەلایەن سەرۆکی زانکۆی پۆلی تەکنیکی هەولێر کردنەوەی پەیمانگای تەکنیکی مێرگەسۆر راگەیاندرا، کە بڕیارە ساڵی داهاتوو بەفەرمی قوتابیان وەربگرێت بۆ خوێندن لە پەیمانگاکە.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا کە بۆ هەریەک لە پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، د. محمد حسین احمد سەرۆکی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وغەفور مەلا سوار قائیمقامی قەزای مێرگەسۆر ئەنجامدرا تیایدا وردەکاری و رونکردنەوە لەبارەی کردنەوەی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆرخرایە روو”.


لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا کە ژمارەیەک زۆر لە دەزگاکانی راگەیاندن ئامادەی بوون ، پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر رایگەیاند، کردنەوەی پەیمانگاکە دیاریەکی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ خەڵکی قارەمان و خۆراگری مێرگەسۆر و وەک ناوچەیەکی شۆرشگیر و فیداکارای شۆرشەکانی کورد، بۆ ئەوەی بتوانرێت خزمەتێکی بچوکی ئەو ناوچەیە بکرێت”.
وتیشی: پەیمانگاکە بەشێوەیەکی کاتی باڵەخانەیەک لەلایەن قایمقامی قەزاکەوە بۆ تەرخانکراوە، لەداهاتووشدا زەوی بۆتەرخان دەکرێت بۆ ئەوەی باڵەخانەی نوێی لەسەر دروستبکرێت”.

سەرۆکی زانکۆ رونیشکردەوە، سێ بەش لەخۆی دەگرێت هەریەک لە بەشەکانی ( کارگێڕی کار، تەکنیکی وەرگێڕانی زمانی ئینگلیزی ، بەشی پەرستیاری) ئەمساڵ ئامادەکاریەکان کراون و پەیمانگاکە ساڵی داهاتوو واتا خوێندنی ساڵی ٢٠٢٠-٢٠٢١ قوتابیان وەردەگرێت و زۆرترین دەرفەتیش بۆ خەڵکی ناوچەکەیە تا بتوانن درێژە بەخوێندن بدەن لە ناوچەکەی خۆیان “.

هەر لەبارەی کردنەوەی پەیمانگای تەکنیکی مێرگەسۆر، د. محمد حسین احمد سەرۆکی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دوای بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن بریارەکە دراوە و جێگای خۆشحاڵیە کە ئەو پەیمانگایەش دەچیتە رێزی پەیمانگاکانی تر بۆ ئەوەی کادیری ناوەند و بەتوانا بخاتە بازاڕەوە و بتوانن لە بوارە جیاجیا کاندا خزمەتبکەن”.

دواتر غەفور مەلا سوار قائیمقامی قەزای مێرگەسۆر ووتی: سوپاسی وەزارەتی خوێندنی باڵا و سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێری کرد بۆ بڕیاردان لە کردنەوەی پەیمانگایەکی تەکنیکی لە قەزای مێرگەسۆر و وەک یەکەی ئیداری قەزاکەش ئامادەیی هەموو هاوکاری و هەماهەنگیەکیشن بۆ ئەوەی پەیمانگاکە بەزورترین کات کارەکانی تەواو بکات و بۆ ساڵی داهاتوو ئامادەبێت بۆ وەرگرتنی قوتابیان.
قەزای میرگەسۆر دەکەوێت بەشی باکوری رۆژئاوای شاری هەولێر ، کە پێکهاتووە لە پێنج ناحیە وە کۆی گشتی دانیشتوانی نزیکەی حەفتا هەزار کەسە و پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆریش کە نۆهەمین پەیمانگای تەکنیکی سەر بە زانکۆی پۆلی تەکنیکی هەولێر لە سنوری پارێزگای هەولێر سوودێکی زۆری دەبێت لەرووی پێگەیاندنی کادری ناوەند و بەتوانا بۆ ئەو سنوورە.

شاندێکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر بەشداری لە دووهەمین کۆنفراسی ساڵانەی بنیاتنانى ستراتیژی بەنێودەوڵەتیکردنى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان-عێراق دەکات

شاندێکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر بە سەرۆکایەتی سەرۆکی زانکۆ پرۆفیسوری یاریدەدەر د. کاوە عبدالکریم شێروانى، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستى، پ.ی.د. نجیب تۆما و بەڕێوەبەری ئۆفیسى نێودەوڵەتى پ.ی.د. رەنج سیروان عبداللە بەشداری لە دووهەمین کۆنفراسی ساڵانە دەکات لەژێر ناونیشانی (بنیاتنانى ستراتیژی بەنێودەوڵەتیکردنى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان-عێراق).

کۆنفراسەکە لە رۆژانى 6 و 7ـی ئۆکتۆبەری 2019 لە شاری سلێمانی ئەنجامدەدرێت، لە چوارچێوەى چالاکییەکانى پڕۆژەى تیگریس (TIGRIS Project) بۆ ستراتیژی بەنێودەوڵەتیکردنى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان-عێراق، کە پڕۆژەیەکى ساڵانەیە لەلایەن ئیراسمەس بە هەماهەنگی لەگەڵ پڕۆگرامی یەکێتى ئەوروپا (Erasmus+Programme In The European Union) ئەنجام دەدرێت.

لە یادی رۆژی جیهانی ئیفلیجی مێشک، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کۆنفرانسێکی هاوبەش ئەنجام دەدات

رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2019 بەبۆنەی رۆژی جیهانی ئیفلیجی مێشک بەشی چارەسەری سروشتی کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی هەولێر لە زانکۆکەمان بەهەماهەنگی و هاوبەشی لەگەل سەنتەری ئایلان بۆ چارەسەری سروشتی و سەنتەری هێلینا و زنجیرە نەخۆشخانەکانی ئاجبادەم لە ئوتێل دێدەمان سازدا.

کۆنفرانسەکە لەژێر چاودێری بەرێز وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان د. سامان بەرزنجی کۆنفرانسێکی زانستی ئەنجامدرا لە کۆنفرانسەکەدا باس لە نوێترین چارەسەرییەکانی ئەو نەخۆشیە کرا و تاوتوێکرا.