Monthly Archives: ئایار 2025

کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە هەشتی ئەنجوومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٤-٢٠٢٥ بەڕێوەچوو

رۆژی دووشەممە  ١٢ـی ئایاری ٢٠٢٥، بە سەرۆکایەتی پ.د.ئیدریس محەمەد تاھیر ھەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر و بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ، کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە هەشتی ئەنجوومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٤-٢٠٢٥ لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەن لە دیوانی سەرۆکایەتی زانکۆ بەڕێوەچوو.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر راگری کۆلێژ و پەیمانگاکانی راسپارد کە ئامادەکاری تەواو بکەن بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی سمستەر و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە کەسانی شارەزا و بە ئەزموون لە لیژنەی تاقیکردنەوەکان دابندرێن و بەر لە ئەنجامدانی کارەکانیشیان رێنوێنی تەواو بکرێن کە پێویستە بەوەپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیارییەتییەوە کارەکانیان ئەنجام بدەن و دادپەروەریی تەواو پەیڕەو بکەن، هەروەها هیوای خواست تاقیکردنەوەکان بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت و قوتابیان لەم قۆناغەی خوێندنیشیاندا سەرکەوتووبن.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە دوا ئامادەکارییەکان کرا بۆ ئەنجامدانی پێنجەمین کۆنفرانسی توێژینەوەی زانستی قوتابیان کە بڕیارە رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی (١٥/٥/٢٠٢٥) لە پەیمانگای تەکنیکی کۆیە ئەنجام بدرێت.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا چەند پرۆژەیەک پەسەند کران لەوانە (پرۆژەی بنیاتنانی تواناکان لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی کارەسەتاکان) و پرۆژەی (لووتکەی کوردەواری) کە لە لایەن نوێنەری قوتابیانەوە پێشکەش کرابوو.

ئەنجوومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر میوانداریی پ.ی.د.ھەتاو کریم بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی کار لە زانکۆ کرد و بە کورتی باسی لە کار و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی کرد بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ بۆ ئەوەی لە نزیکەوە رێنماییەکان و پێشنیارەکانی خۆیان بگەیەنێت.

پاشان سرمند حمید نصرالدین بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆ بە وەکالەت سیاسەتی راگەیاندنی زانکۆ بۆ ئەندمانی ئەنجوومەنی زانکۆ شیکردەوە و داوای کرد ھەماھەنگی زیاتر دروست بکرێت لە نێوان راگەیاندنی زانکۆ لەگەڵ راگەیاندنی گشت کۆلێژ و پەیمانگەکان.

هەر لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکەدا، گفتۆگۆ لەسەر چەند بابەتێک کرا لە تەوەرەکانی زانستی، کارگێری و دارایی و کاروباری قوتابیان،  سەنتەری توێژینەوەی زانستی و دوای گفتوگۆکردن لەبارەیانەوە، لەلایەن ئەنجوومەنی زانکۆوە بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.

بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ رێوڕەسمی کۆتایی خولی فریاگوزاری سەرەتایی بۆ قوتابیانی زانکۆمان بەڕێوەچوو

لە درێژەی کاروچالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی زانکۆمان، دوای ئەوەی لەژێر چاودێری پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای هەولێر خولێکی فریاگوزاری سەرەتایی بۆ قوتابیانی زانکۆمان کردەوە، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٠٢٥/٥/١١ بە ئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و پ.د.ازاد حسن قادر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی و پ.ی.د.بۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ و هاوڕێ ئیحسان سەرۆکی لقی هەولێر و دهۆکی رێکخراوی مانگی سووری عێراقی و ئەندازیار ناز جەلال بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای هەولێر، رێوڕەسمی کۆتایی خولەکە بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای رێوڕەسمەکەدا، جوان مەهدی عابد بەڕێوەبەری تەندروستی و سەلامەتی زانکۆمان لە وتەیەکدا دوای بەخێرهێنانی میوانان، سوپاسی سەرۆک و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و راگرانی کۆلێژ و پەیمانگاکان و ستافی سەرۆکایەتی زانکۆی کرد کە هاوکاربوونە لە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوونی ئەم خولە و کارەکانی دیکەی بەڕێوەبەرایەتییان.

بەڕێوەبەری تەندروستی و سەلامەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر راشیگەیاند کە کردنەوەی ئەم خولە بۆ قوتابیانی زانکۆمان لە روانگەی بایەخدانی زیاتری زانکۆمان بە بابەتی تەندروستی و خۆپارێزی و چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی رووداوی نەخوازراو لە ناو زانکۆ و دەرەوەی زانکۆش.

دواتر پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە وتەیەکدا دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی زانکۆ کرد کە بە هەماهەنگی بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای هەولێر ئەم خولەیان بۆ قوتابیانی زانکۆمان کردووەتەوە.

سەرۆکی زانکۆ راشیگەیاند کە بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان گرنگییەکی زۆری هەیە و تەنانەت لە جیهانیش گرنگییەکی زۆر بەو بابەتە دەدەن.

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئاشکرای کرد، وەک زانکۆ جگە لە بایەخدان بە بابەتی سەلامەتی لە شوێنی کار، هاوکات بایەخی تایبەتییان بە سەلامەتی تاک داوە و کردنەوەی ئەم جۆرە خولانە لە چوارچێوەی ئەم بایەخدانەدایە، و گوتی: “ئەوەی جێگای دڵخۆشییە قوتابیان و لاوانی نیشتیمان بەپەرۆشن بۆ بەشداریکردن لەو جۆرە خولانە، بۆ وەڵامدانەوەی هەموو ئەو ئەگەرانەی دێنە پێش”.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی زانکۆ ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کراون، لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا دوو سەد بۆ چوار سەد کارەسات لە ساڵێکدا زیادبووە، لە سەدا نەوەدی ئەو کارەساتانەش لە ئەنجامی تێکچوونی ژینگە و گۆڕانکاری کەشوهەواوە دروست بووە، بۆیە پێشبینی دەکرێت کە کارەساتەکان بەردەوام بن تا ئەوەی مرۆڤایەتی بە ئاگا دێتەوە لە چارەسەری قەیرانی کەشوهەوا و پاراستنی ژینگە.

پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی ستایشی هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و رایگەیاند کە جێگەی دەستخۆشییە کە حکوومەتی هەرێم بیری لەوە کردووەتەوە بەڕێوەبەرایەتی لەم جۆرە دابمەزرێنێت کە کار لەسەر قەیرانەکان بکات و وەڵامدانەوەی خێرای هەبێت.

پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەو قوتابیانەی بەشداریی خولەکەیان کردووە، دواجار دەگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگا و خزمەت بە کۆمەڵگا دەکەن لەکاتی روودانی هەر رووداوێکی نەخوازراودا، کە ئەمەش یەکێکە لە کارە گرنگەکانی زانکۆ کە جگە لە بابەتی زانستی پێویستە خزمەت بە کۆمەڵگەش بکات. ئێمە وەکو زانکۆ بە کاری خۆمانی دەزانین بەردەوام بین لە کردنەوەی خول و پێدانی ڕێنمایی بە قوتابیان و فەرمانبەران.

دواتر لەلایەن ئامادەبووانەوە بڕوانامەی بەشدارییکردن و دیاری تایبەتی زانکۆمان و بۆکسی فریاگوزاری بەسەر بەشداربوواندا دابەشکرا.

 

مەڕاسيمێکی ڕێزلێنان

ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی 8ی5ی2025 ، بە ئامادەبوونی ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر بەڕێز پ.د. ئەیاد زەکی صابر ، بە هەماهەنگی هەریەک لە یاریدەدەری ڕاگری کۆلێژ بەڕێز د. بازیان یونس محی الدین و بەرپرسانی EPU Youth mapper Students Chapter بەڕێز م. گلپە علی محمود و بەرێز م. کمال ياسين عبداللە ، ڕێکخەری ڕێزلێنان بەڕێز م. دلڤین حەسەن عومەر ، مەڕاسيمێکی ڕێزلێنان بۆ مامۆستايان و قوتابيانی بەشدار بوو لە پڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی لافاو ئەنجام درا .
لەم پرۆژەيەدا کە ماوەی نزيکەی 6 مانگی خاياند قوتابیيان ، خۆبەخشانە هەڵسان بە نەخشەکێشانی mapping ی ناوچەی قوشتەپە کە ناوچەيەکی بەرفراوان بوو ، کارێکی قورس و ماوەيەکی درێژی خاياند . لە پای ماندووبوونی زانستی مامۆستايان و قوتابیيان بەڕێز پ.د. ئەیاد زەکی صابر لە وتەیەکدا بەچڕوپڕی لایەنە گرنگەکانی کاری خۆبەشی و لێکەوتە سوودبەخشەکانی ئاماژە پێکردوو ڕۆڵی مامۆستایان و قوتابییان و بەڕێزانی بەرپرس و ڕێکخەرانی بەرزنرخاند ، دواتر بڕوانامەی ڕێزلێنانيان پێ بەخشرا و هیوای سەرکەوتنی هەمیشەییان بۆ خواستن