پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە سەرۆکایەتی شاندێکی زانکۆمان کە پێکهاتبوو لە پ.ی.د.بۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و پ.ی.د.رەنج سیروان عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی و ژمارەیەک بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکانی زانکۆمان بەشدارییان کرد لە دیدارى پەرەپێدانى پرۆگرامى پێداگۆجى کە ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ی ئایاری ٢٠٢٥ لەشارى هەولێر بەڕێوەچوو.
لە وتەکەیدا د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند؛ ئەم دیدارە دەرفەتێکە بۆ پێداچونەوەی ناوەرۆکی پرۆگرامی کۆرسەکانی پێداگۆجی لە زانکۆکانی کوردستان، گوتیشى؛ لە ماوەی کارکردنمان هەموو پشتیوانیەکی سەرکەوتن و بەردەوامیمان پێشکەش کردوە، ڕێنماییەکی توندوتۆڵمان داناوە بۆ پارێزگاریکردنی، ئێستاش کاتی ئەوە هاتوە ئەم دیدارە وەک دەرفەتێکی زێڕین ببینین، بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی گۆڕانکاری لە پرۆگرامەکانی خوێندنی ئەم کۆرسە، بە وردی بە مۆدیوڵەکاندا بچینەوە، زیاتر دەوڵەمەندی بکەین، چونکە پەرەپێدانی پرۆگرام پرۆسەیەکی داینەمیکیەو بەشداری هەموو مامۆستایانی پێداگۆجی و هاوبەشەکانی پێویستە.
هەر لە وتەکەیدا د. ئارام محمد قادر دوپاتیکردەوە پرۆسەی خوێندن تەنها لە چوارچێوەی هۆڵەکانی خوێندندا قەتیس نەکەین، بەڵکو ئاوێتەی خەم و پرسەکانی کۆمەڵگەببین، خوێندکاران هان بدەین توانای بیرکردنەوە و داهێنانی خۆیان بەکار بهێنن بۆ چارەسەرکردنی کیشەو گیروگرفتەکانی کۆمەڵگە،
گوتیشى؛ گرنگە هەنگاو بنێین ئەم ڕیفۆرمە تەنها بۆ خوێندنی باڵا نەبێت، بەڵکو دەبێت کار بکەین بۆ دروستکردنی تێگەیشتنێکی نیشتیمانی بۆ ڕیفۆرمی پێداگۆجی لە قۆناغەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵادا، هەر بۆیەش پلانمان هەیە کارئاسانی بۆ بەشداری هەموو مامۆستایانی زانکۆ بکەین بۆ ئەوەی بەشداری لەم کۆرسە ناوازەیە بکەن، بەشێک لە زانکۆکان دەستیان بەم کارە کردوەو ئێمە دەستخۆشیان لێدەکەین.
هەر لە دیدارى پەرەپێدانى پرۆگرامى پێداگۆجى (ڕێگەکانى وانەوتنەوە) د. ژاڵە سەعید خەتات بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى توێژینەوەو پەرەپێدان لە وتەیەکدا ئاماژەى بە هەوڵەکانى وەزارەت کرد بۆ پەرەپێدانى پرۆگرامى پێداگۆجى و ئامانجەکانى ئەنجامدانى ئەم دیدارە بۆ پێداچونەوەى قوڵ و گرنگ بە پرۆگرامى پێداگۆجى.
هەروەک گوتیشى؛ لەم دیدارەدا پانێڵێک بە ناونیشانى رۆڵى پێداگۆجى لەبەرەو پێشبردنى کواڵتى پرۆسەى فێربوون پێشکەش دەکرێت، هەروەها لەڕێگەى شەش گرووپیشەوە کە لەسەر بنەماى شەش مۆدیۆڵى پێداگۆجى پێکهراوە پێشکەش دەکرێت، پێشتریش زنجیرەک کۆبوونەوە ئەنجامدراوە بۆ گفتوگۆکردنى بابەتەکان و ئەنجامدانى گۆڕانکارى پێویست لە ناوەرۆکى پرۆگرامەکان.