Daily Archives: ئایار 21, 2024

شاندێکی باڵای کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر سەردانی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر دەکەن

شاندێکی باڵای کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر سەردانی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر دەکەن

ئەمرۆ سێ شەممە 21ی ئایاری 2024، شاندێکی کونسوڵخانەی گشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەولێر بەسەرۆکایەتی پامێلا هاک یاریدەدەری کونسوڵی گشتی و دەگ مۆرو سەردانی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆریان کرد لە لایەن ڕاگری پەیمانگە بەرێز د.طالب محمد شریف عمر و تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنی پەیمانگە زۆر بە گەرمی پێشوازیان لێکرا.

سەردانەکە زیاتر سەردانێکی دۆستایەتی بوو بۆ زیاتر ئاشنایەتیان بە بەرنامە و پلانەکانی ئایندەی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر وە ئەو بوارانەی کە پێویستن بۆ پەرەپێدانی پەیمانگە.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە ئەندامانی ئەنجومەنی پەیمانگە تیایدا بەشداربوون، راگری پەیمانگە باسی گرنگی سەردانەکەیان کرد و داوای کرد کە کونسوڵخانە هاوکاری پەیمانگە بکەن لە بەدەستهێنانی هاوکاری و گراند، هەروەها راگری پەیمانگە داوای لە شاندی میوان کرد هاوکاریان بن بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ زانکۆکانی ئەو وڵاتە و تاکو لەرێگەیەوە سودمەند بن لە راهێنان و ئالۆگۆری قوتابیان و ستافی ئەکادیمی و پێشخستنی توانای فەرمانبەران.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا راگری پەیمانگە بە شاندی میوانی راگەیاند، کە لە پلانیاندایە دوو بەشی زانستی (بەشی هەنگەوانی و بەشی رووەکە پزیشکییەکانی) بکەنەوە بۆ ئەم مەبەستە داوای کرد کە لە چوارچێوەی پرۆگرامی پەرپێدانی ئابووری عێراق هاوکاری پەیمانگە بکەن.

دواتر راگری پەیمانگە چەند دیاریەکی پێشکەش بە شاندی کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر کرد. و لای خۆیانەوە شاندەکەش زۆر سوپاسی راگر و ئەنجومەنی پەیمانگەیان کرد.

هەروەها شاندەکە خۆشحاڵی خۆیان نیشاندا کە پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر لە ماوەیەکی پێوانەییدا لە بواری چالاکی زانستی و پەیوەندی نێودەوڵەتی پەرەی سەندووە کە (ئەنجامدانی چالاکی زانستی نێودەوڵەتی، هاوبەشی ئەکادیمی و دەستەخوشکی لەگەڵ پۆرتڤڵ کۆلێجی ئەمریکی لە کالیفۆرنیا) لەخۆگرتووە، لەو رووەشەوە شاندەکە پاڵپشتی خۆیان بۆ ئەو جۆرە هاوبەشییانە دووپاتکردەوە و بەڵێنیاندا هاوکاربن بۆ زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان.

پاشان پامێلا هاک لە دەفتەری زێرینی پەیمانگە چەند یادەوەریەکی نووسی بە گرنگییەوە باسی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر و بەشەزانستییەکان و میوادارییەکەیانی کرد.

بۆ خوانی نیوەڕۆش پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر بە چەندین خواردنی کوردەواری میوانداری شاندی میوانی کرد.

راگەیاندنی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر

سەردان و پیرۆزبایی

ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی:٢١/ ئایار/ ٢٠٢٤ بەڕێز ( پ.ی.د.تیران جمیل پیرۆ) ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر. پێشوازی لە بەڕێزان ( شاخەوان سلیم) سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای کارمەندانی تەندروستی و بەڕێز ( محمد عبدالقادر) جێگری سەرۆک و کارگێری لق و نوێنەری سەندیکا لە پەیمانگە، بەمەبەستی پیرۆزبایی و دەست بەکاربوونی بەڕێز ڕاگر سەردانی پەیمانگەیان کرد.
لەلایەن ڕاگرەوە بە گەرمی پێشوازی کران و جەخت لەسەر هەماهەنگی کارکردن کراوە لە نێوان پەیمانگە و سەندیکا بۆ خزمەت کردن بە کارمەندانی تەندروستی و بایەخدان بەلایەنی زانستیان

ڕێنمایی تایبەت بە تاقیکردنەوەکانی کۆتایی سیمیتەری دووەم وچوارەم

بەڕێز( پ.ی.د. تیران جمیل پیرۆ) ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر بەئامادەبوونی بەڕێز( م محرم ياسين محمد) یاریدەدەری ڕاگر و سەرۆکی لێژنەی ئەزموونەکان به ريز ( مامۆستا نەبەز فيصل شاكر) لەگەڵ سەرۆک بەش و مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەرجەم بەشە زانستیەکان کۆبۆوە بۆ پێدانی کۆمەڵێک ڕێنمایی كه تایبەت بە تاقیکردنەوەکانی کۆتایی سیمیتەری دووەم وچوارەم ،بەڕێز ڕاگر زۆر چەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ ئەوی تاقیکردنەوەکان لە کەشێکی ئارام و سەرکەوتوو بەڕێوە بچێت.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کۆتایی بە خولی نۆیەمی پێداگۆجی دەهێنێت

ڕۆژی سێ شەممە 21ی ئایاری 2024، بە ئامادەبوونی پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پ.ی.د. ژاڵە سعید خطاط بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى توێژینەوە و پەرەپێدان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، د.ئەندام بەرپرسی پێداگۆجی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و بەڕێوبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی، لە رێوڕەسمێکدا کۆتایی بە خولی نۆیەمی پێداگۆجی هات و بڕوانامە بەسەر بەشداربووانی خولەکە دابەشکرا.

سەرەتا سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا وێرای بەخێرهێنان لە میوانان، پیرۆزبایی لە دەرچووانی خولەکە کرد و تیشکی خستە سەر گرنگی ئەو خولە و گوتی: “بەڕێزان دەرچووانی خۆشەویستی خولی نۆیەمی پێداگۆجی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەمەوێت سەرەتا پیرۆزباییەکی گەرمتان ئاراستە دەکەم بەبۆنەی دەرچوونتان لەو خولە، پیرۆزتان بێت، بەتەواوکردنی ئەو خولە دەچیتە دوا قۆناغ بۆ وەرگرتنی ناوێکی تازەو پیرۆز ئەویش ناوی مامۆستایە بەتایبەتی ناوی مامۆستای زانکۆ کە ناوێکی بەرزو پیرۆزە نەک تەنها لەکۆمەڵگای ئێمە بەڵکو لەناو هەموو کۆمەڵگاکانی جیهانیش، ئەگەر سەیربکەین لەویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا سەرۆکەکانی ئەو وڵاتە دوای چوار یاخود هەشت ساڵ کە سەرۆکی بەهێزترن وڵاتە لەجیهاندا، بەدوای کارێکدا دەگەڕێت، زۆربەی هەرە زۆریان پیشەیەک دەدۆزنەوە کەمۆستاییە و دەبنە مامۆستای زانکۆ، لەزۆربەی وڵاتانی تریش، هەتا لەئێران سەرۆکی پێشوو ئەحمەدی نەژاد گووتی: دەمەوێت لەزانکۆ دانەبرێم و وانەیەکم هەبێت لە زانکۆ و مامۆستایەتی بکەم، وەک گوتم مامۆستایەتی پیشەو کارێکی پیرۆزو کارێکی گرنگە، ئومێد دەکەین ئێوەی ئازیز سەرکەتووبن لەبەدەسهێنانی ئەو نازناوە.”

لەبارەی ئەوەی چۆن دەبیتە مامۆستایەکی سەرکەوتوو سەرۆکی زانکۆ گوتی، “بۆ ئەوەی ببیتە مامۆستایەکی سەرکەوتوو، دەبێت خۆشەویستیت بۆ پیشەکەت هەبێت، ئەگەر دەتەوێت سەرکەوتووبیت دەبێت پیشەکەت خۆشبوێت، وەکو مامۆستایەکی سەرکەوتوو ئەگەر دەتەوێت سەرکەوتووبیت پێش هەمووشت بیر لەوە بکەوە کەعەشقی پیشەی مامۆستایی بیت، ئینجا دەتوانی مامۆستایەکی سەرکەوتووبی، ئەگەر ئەو کارەت کرد بەدڵنیاییەوە ڕێز لە دەوروپشتت دەگریت، ڕێز لەو هۆڵە دەگریت کەدەچیە ناوی، ڕێز لەو پێداویستیانە دەگریت کەلەناو هۆلی خوێندنن، هەروەها ڕێز لەو قوتابیانە دەگریت لەوێ دانیشتوون لەگەڵ ئەو هاوکارانەی لەگەڵتن لەپیشەکەت، هەموو ئەوانەت لەلا گرنگ و بەنرخن، فەرمانگەکەت لەلا بەنرخ دەبێت، هەموو ئەوانە پەیوەستن بەوەی کەتۆ پیشەی مامۆستایت خۆشبوێ، ئومێد دەکەین ئێوە سەرکەوتووبن و ببنە مامۆستایەکی سەرکەوتوو لەناو زانکۆکانی کوردستان و بتوانن زیاتر خزمەتی ئەو گەنجانە بکەن کەدێنە ناو زانکۆ بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن لەناو کۆمەڵگادا هەریەکەو بەپێی پسپۆری خۆی شوێنی خۆیان بگرن.

لە کۆتایی رێوڕەسمەکەدا بڕوانامەی دەرچوون بەخشرایە مامۆستایانی بەشداربووی خولی نۆیەمی پێداگۆجی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر.

شایەنی باسە بەشداربووانی خولی نۆیەم پێداگۆجی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێکهاتبوون لە 71 قوتابی کە بە سەرپەرشتی ژمارەیەک مامۆستا لە ناوەوە و دەرەوەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ ماوەی شەش مانگ سەرپەرشتی وتنەوەی وانەکانی خولەکەیان کرد.