زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سیمنارێکی بۆ د. پشتیوان صادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی رێکخست

لە درێژەی چالاکییەکانی هەفتەی رۆشنبیری قوتابییانی زانکۆ کە لەژێر چاودێری پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆبەڕێوەدەچێت، ئەمڕۆ پێنج شەممە د. پشتیوان صادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سیمینارێکی لەژێر ناونیشانی “دوا پێشهاتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان” بۆ قوتابییانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێشکەش کرد.

 لە دەستپێکی سیمنارەکەدا کە یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و مامۆستایان و قوتابییان ئامادەیبوون د. پشتیوان صادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی گووتی: “زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەی ئازیزو خۆشەویستدام، سوپاسی سەرۆکی زانکۆ و ئەندامانی ئەنجومەن دەکەم بۆ ئامادەکاری بۆ پێشکەشکردنی ئەو سیمینارە، ئەمڕۆ ڕۆژێکی جیاوازە بۆ من چونکە لەگەڵ توێژێکم کە داهاتووی کوردستانن.”

وەزیری ئەوقاف لە سمینارەکەدا، باسی لەوەکرد حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆر بە کەرتی پەروەردە و خوێندن و هەروەها بە توێژی قوتابیان دەدات، تاوەکو لە ڕێگای زانست و مەعریفەکانیان، کۆمەڵگایەکی داهێنەر و بەرهەمدار دروست بکات.

لە بەشێکی تری سمینارەکەدا، رایگەیاند لە هەرێمی کوردستان، لە هەموو بوارەکان خزمەتێکی زۆر کراوە و دەستکەوتی مەزن بەدەستهاتوون، تەنها لە سێکتەری پەروەردە و خوێندنی باڵا، ئێستا خاوەن دەیان زانکۆ و پەیمانگە و هەزاران قوتابخانەین، بۆیە دڵنیابن ئایندەمان زۆر گەش و رووناکە و کوردستانیش بەردەوام دەبێت لە گەشەسەندن و پێشڤەچوون و ئاوەدانی و ئارامی زیاتر.

د. پشتیوان صادق کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانیشە ئاماژەی بەوەکرد، “هەرێمی کوردستان لە رووی پەیوەندی سیاسی و دبلۆماسی و نێودەوڵەتیەکان، زۆر بەهێزە و  ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە پێشکەوتن و بەرەوپێشچوون دایە، بۆیە پێویستە ئێوەی قوتابی کە دواڕۆژی ئەم ووڵاتەن، هەوڵی پێشخستنی زانست و زانیاری خۆتان بدەن و هەمیشە بە چاوی پڕ لە خۆشەویستی و ڕێزەوە سەیری ئەم خاک و نیشتمان بکەن، کە بە خوێنی ئاڵی هەزاران شەهید هاتۆتە بەرهەم.”

دواتر دەرگای گفتوگۆ بەڕووی ئامادەبوواندا کرایەوە پرسیارەکانیان ئاراستە کرد و لە لایەن بەڕێزیانەوە وەڵامی پێویست درانەوە، لە کۆتاییشدا پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆ، خەڵاتی رێزلێنان و پلاکێتی تایبەت بە زانکۆی پێشکەش بە بەڕێز د. پشتیوان صادق کرد و سوپاسی بەڕێزیانی کرد بۆ پێشکەشکردنی سیمنارەکەی.