یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ژمارەیەک لە زانکۆکانی ئوردن واژۆ کرا

لە دووەمین رۆژی دیداری خوێندنی باڵای ئوردنی – کوردستانی، یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ژمارەیەک لە زانکۆکانی  ئوردن واژۆ کرا.

 پ.د.ئیدریس محەمەدتاھیر ھەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەیاوەری هەریەکە لە پ.ی.د. بۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و پ.ی.د. رەنج سیروان عەبدوڵا بەڕێوبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی زانکۆمان، بەشدارییان لە کارەکانی دووەمین رۆژی دیداری خوێندنی باڵای ھەرێمی کوردستان و ئوردن کرد کە دوێنێ یەکشەممە 5ی ئایاری 2024، لە شاری هەولێر لەژێر ناونیشانی ( وێناکردنی ئایندە لەرێگەی پەرەپێدانی بەردەوام) دەستی بە کارەکانی کرد.

لە پەراوێزی دووەمین رۆژی دیدارەکەدا، یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ژمارەیەک لە زانکۆکانی  ئوردن واژۆ کرا.

جێی ئاماژەیە، لە تەوەرەکانی دیدارەکە باس لایەنە جیاکانی خوێندنی باڵا لە ئوردن و ھەرێمی کوردستان کرا بەتایبەت (متمانە و دڵنیایی جۆری لە خوێندنی باڵا، توێژینەوەی زانستی، خوێندنی بەردەوام، بەنێودەوڵەتیکردنی خوێندنی باڵا، پراکتیزەکردنی شێوازەکانی فێرکردن لە پسپۆڕییە پزیشکیەکان، خوێندن و ڕاھێنانی تەکنیکی و پیشەیی، کارسازی و داھێنان لە خویندنی باڵا لەگەڵ تەکنەلۆژیای زانیاری و زیرەکی دەستکرد).