لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ خولێکی زمانی ئینگلیزی بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کرایەوە

ئەمڕۆ پێنچ شەممە 2ی مایسی 2024، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەیاوەری یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و قوتابییان، ڕاگری کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر، ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی کارگێری هەولێر و بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوە بەشداری کرد لە مەراسیمی کردنەوەی خولی زمانی ئینگلیزی و پەرەپێدانی زمانی ئاخاوتن کە لەلایەن دەزگای (University Institution) و سەنتەری تۆێژینەوە و پەرەپێدان لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر جێبەجێ دەکرێت.

لە سەرەتای مەراسیمەکەدا سەرۆکی زانکۆ بەزمانی ئینگلیزی بەخێرهاتنی سەرپەرشتیاران و ئامادەبووانی کرد و گوتی: خۆشحاڵین ژمارەیەک مامۆستای بەئەزموون بەشدارن لەگەڵمان لەخولێکی زمانی ئینگلیزی بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆمان، خۆشحاڵین ئاستی زمان بەرەوپێش بچێت لەزانکۆمان، بۆ ئەم مەبەستە ژمارەیەک مامۆستای بەهرەدار کەزۆربەی وڵاتانی جیهان گەراون و تەمەنێکی زۆرباشیان لە بواری پێداگۆجی و زمانەوانی بەسەربردووە لێرەن، خۆشحاڵین بەمیوانداری کردنیان، زانکۆ زۆر پێویستی بەکەسانی پسپۆر هەیە بەگشتی و بەتایبەتی لەبواری زمانی ئینگلیزی، کەچۆن زانکۆ بەرەو پێش بچێت، ئێمەش وەک سەرۆکایەتی زانکۆ لەبەجیهانی بوونی زانکۆمان نەوەستاوین و لەهەوڵی بەردەوامداین بۆ ئەو مەبەستە.

مامۆستایانی بیانی کەسەرپەرشتی ئەو خولە دەکەن سوپاسی سەرۆکی زانکۆ و سەنتەر و بەرێوەبەری توێژینەوەیان کرد کە خەمخۆرانە هەوڵدەدەن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆ، و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتریان بۆ زانکۆ خواست و دڵخۆشی خۆیان بەو پێشوازییە گەرمەی مامۆستایان و فەرمانبەران دەربڕی بۆ بەرەو پێشبردنی کەسییان.

ئەم خولە بە سەرپەرشتی 10 مامۆستای پسپۆری بیانی خاوەن ئەزموون لە بواری ئینگلیزی و فێربوون و سەرکردایەتی بەڕێوەدەچێت کە تیایدا ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆ بەشدارن و بۆ ماوەی 2 هەفتە بەردەوام دەبێت و لە کۆتایی خولەکەشدا بەشداربووان بروانامەی تایبەتیان پێ دەبەخشرێت.