راگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر لە شاری دوبەی چەندین دیدار و کۆبوونەوەی گرنگی زانستی ئەنجامدا

راگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر لە شاری دوبەی چەندین دیدار و کۆبوونەوەی گرنگی زانستی ئەنجامدا

هەفتەی رابردوو د.طالب محەمەد شەریف راگری پەیمانگە بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە شاری دوبەی لە وڵاتی ئیمارات چەندین دیدار و کۆبوونەوەی گرنگی زانستی بەرهەمداری ئەنجامدا لە بوارەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییەئەکادیمیەکان و کاری هاوبەشی زانستی و ئەکادیمی نێوان پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر- زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆکانی وڵاتی ئیمارات.

رۆژی چوارشەممە 17ی کانوونی دووەمی 2024، لە چوارچێوەی پەیوەندییە ئەکادیمیەکان، سەردانی زانکۆی ولۆنگۆنگ لە دوبەی- ئیمارات کرد

لە دیدارێکدا لەگەڵ تاتیانا یەکیمۆڤا بەرپرسی کاروباری پەیوەندییەکانی زانکۆی ولۆنگۆنگ، گفتوگۆکرا لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەو بوارە هاوبەشانەی لە نێوان زانکۆی ناوبراو زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر هەیە بۆ ئەوەی لە ئایندەدا بتوانن لە بوارەکانی پێشخستنی توانا مرۆییەکان و ئاڵوگۆڕی قوتابییان و ستاف و مامۆستایان سوود لەیەکتر وەربگرن، هەروەها کارکردن لەسەر توێژینەوەی زانستی وۆرکشۆپی هاوبەش تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.

رۆژی دواتر واتا رۆژی پێنجشەممە 18ی کانوونی دووەمی 2024، راگڕی پەیمانگە سەردانی زانکۆی دوبەی کرد و لەلایەن پرۆفیسۆر حسێن ئەلئەحمەد یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و پەیوەندییە ئەکادیمیەکان و پرۆفیسۆر واثق مەنسور راگری کۆلیژی ئەندازیاری و تەکنەلۆجیای زانیاری بەفەرمی پێشوازییان لێکرا.

لە کۆبوونەوەیەکدا، دوای کورتەیەک باسکردن لە بارەی رەوشی گەشەسەندنی کوردستان وەک نمونەیەکی جوان لە پێکەوەژیان، باسیان لە ستراتیژی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر کرد لە بواری بەنێودەوڵەتی بوون. هەروەها تیشک خرایەسەر دروستکردنی پەیوەندی ئەکادیمی و پەرەپێدانی ئەو بوارە زانستییە هاوبەشانەی لە نێوان پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر / زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، و زانکۆی دوبەی هەیە و کاریان لەسەر بکرێت.

ئەو بوارانەش پێکهاتوون پێشکەوتنی توانا ئەکادیمیەکان ئاڵوگۆڕی قوتابییان و راهێنانی ستاف و مامۆستایان و ئەنجامدانی چالاکی و توێژینەوەی زانستی هاوبەش. تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە وزەی نوێبووەوە و بەتایبەت کە ئەندازیارانی کە زانکۆی ناوبراو دەستپێشخەر بوون لە دامەزراندنی پرۆژەیەکی وزەی نوێبووەوە کە کارەبای زانکۆکەی دابین کردووە و بەشێکیشی لێ دەفرۆشنەوە، ئێمەش وەک زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشی وزەی نوێبووەوەمان هەیە و دوو تاقیگەی پشکەوتووش بۆ بەشەکە دابینکراون، لەچوارچێوەی سراتیژیەتی زانکۆیە کە کار بکرێت لە بواری وزەی نوێبووەوە بۆ ئەو مەبەستەش بوونی هەماهەنگی نێوان هەردوو زانکۆکە کلیلێکە دەتوانرێت لە ئایندەدا پەرە بە پرۆژە و تاقیگە و بەشە زانستییەکان بدرێت بەردەوامیش بن، بەتایبەت لەگەڵ زانکۆی دوبەی کە یەکێکە لە زانکۆ حکومییە هەرە پێشکەوتووەکانی ئەو وڵاتە.

هەر لەو سەردانەدا راگری پەیمانگە گەشتێکی بە نێو تاقیگەکانی زانکۆی ناوبراودا کرد لە بواری ئەندازیاری و تەکنەلۆژیا و ئەلیکترۆنیک.

جێگەی ئاماژەیە راگری پەیمانگە دوای دیدارەکانی لەگەڵ بەرپرسانی زانکۆی ولۆنگۆنگ و دوبەی، دیاری لۆگۆی پەیمانگە و زانکۆمانی لەگەڵ تابلۆیەکی سروشتی جوانی کوردستان پێشکەش کردن.