ژمارەیەک قوتابی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ ئەنجامدانی مەشقی هاوینە دەچنە میسر

رۆژی پێنج شەممە 20ـی تەمموزی 2023، پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی پێشوازی کرد لە پێنج قوتابی زانکۆمان کە بڕیارە بەمەبەستی ئەنجامدانی مەشقی هاوینە سەردانی وڵاتی میسر بکەن.

لە دیدارێکدا کە هەریەکە لە یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، قوتابییان و بەڕێوبەری ئۆفیسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئامادەیبوون، دوای بەخێرهاتن، رێنمایی پێویست بە قوتابیان درا دەربارەی چۆنیەتی هەڵسوکەوت کردن لەگەشتەکەیان لەوڵاتی میسر و هیوای گەشتێکی پڕ لەزانست و زانیاری و ئالوگۆری کولتورییان بۆ خوازرا.

لە میانەی دیدارەکەدا سەرۆکی زانکۆ لە وتەیەکی کورتدا وێڕای بەخێرهاتن رێنمایی قوتابیانی کرد و رایگەیاند: “خۆشحاڵ و دڵخۆشم جارێکی تر ژمارەیەک قوتابی ئێمە سەفەر دەکەن بەمەبەستی ئاڵوگۆری زانست و زانیاری و کولتوری و نەتەوەیی، ئێستا دەرگا کراوەیە بۆ گەشتی زانستی، وەک سەرۆکایەتی زانکۆ زۆرمان پێخۆشە قوتابیانمان گەشت بکەن و وڵاتان ببینن و حەزدەکەین کولتوری جوانی کوردەواری نیشانی وڵاتان بدەن، قوتابیانی میسریش پێشوازی زۆرباشیان لێدەکرێت و گەشتی شوێنی جیاوازیان پێدەکرێت، پێکەوەژیانی نەتەوەیی نیشانی قوتابیان دەدرێت، جگە لەگەشتە زانستییەکە کاری باش بکەن و سیمای جوان نیشان بدەن لەڕێگەی کردەوە باشەکانتانەوە ئەوان تێدەگەن ئێوە کێن و لەکوێ هاتوون و مێژووتان چییەو خاوەن چین”.

هەروەها گوتیشی: “دەبێت سیمای جوانمان نیشانیان بدەن، گرنگ ئەوەیە رووی جوان و ڕاستەقینەی خۆمان نیشانیان بدەن و پێیان بڵێن کە فرە ئایین و فرە کولتور لەکوردستان بەیەکەوە دەژین بەبێ کێشە و یەکتریمان قبوڵە، ئێوە گەنجن ئومێد دەکەم سودمەند بن و زیاتر چاو کراوەبن، چونکە ئەم گەشتە بەس زانستی نییە بەڵکو گەشتی کولتوری و نیشتیمانی و نەتەوەییە”.

بڕیارە رۆژی هەینی 21ـی تەمموزی 2023 ئەو قوتابیانە گەشت بکەن و ماوەی مانگێک لە وڵاتی میسڕ دەمێننەوە، قوتابییەکان قوتابی قوناغی سێیەمی زانکۆمانن لەهەریەک لە کۆلێژی تەکنیکی کارگێری، تەندروستی و پزیشکی و ئەندازیاری هەولێر، کە پێشتر هەڵسەنگاندنیان بۆکراوە لە ئاستی زانینی زمان و ئاستی زانستی هەڵبژێردراون، مەشقەکەیان لە زانکۆی میسر بۆ زانست و تەکنەلۆژیا (مصر للعلوم والتکنولوجا) دەبێت.

ئەم گەشتە لە چوارچێوەی ئەو ستراتیژییەتەیە کە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دایڕشتووە بۆ بە نێودەوڵەتی بوون. ئەم پڕۆژەی ئاڵوگۆڕەی قوتابییانیش بەشێکە لەو ستارتیژە و ساڵانە بەردەوامی دەبێت.

 

شاندێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سەردانی وڵاتی بەریتانیا دەکات

شاندێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەمەبەستی بەشداریکردن لە چالاکییەک و ئەنجامدانی چەند دیدارێک لەگەڵ دامەزراوە حکومی و ئەکادیمییەکان سەردانی وڵاتی بەریتانیا-یان کرد.

شاندی زانکۆمان پێکهاتبوون لە نوێنەری سەرۆکی زانکۆ د. طالب محەمەد شەریف، د. سەلار عوسمان، مامۆستا هێرۆ سەید محەمەد نووری و مامۆستا ژیلیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی 9ـی حوزەیرانی 2023 بەشدارییان کرد لە کۆنفرانسێکی زانستی لە ژێر ناونیشانی (Teaching English in A Digital Word) کە لەلایەن (imperial English/Uk) و زانکۆی ئەستەن لە بیرمینگهام بەرێوەچوو و بۆ ماوەی 6 رۆژ بەردەوام بوو.

سەردانی شاندەکە و بەشداریکردنیان لەو کۆنفرانسە لە چوارچێوەی ئەو هەماهەنگییەیە کە لەنێوان زانکۆمان و (imperial English/Uk) لە بواری زمانی ئینگلیزی و ئەکادیمی هەیە. هەر لە پەراوێزی کۆنفرانسەکە دا نوێنەری سەرۆکی زانکۆ و بەرپرسی (imperial English/Uk) کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و تیایدا باسیان لە پرۆژە هاوبەشەکانی نێوان هەردوولا کرد بەتایبەتی بابەتی ریفۆرمی پرۆگرامی ئینگلیزی لە کۆلێژ و پەیمانگەکانی سەر بە زانکۆمان و رێکخراوی ناوبراو هەموو هاوکارییەکی خۆیان نیشاندا بۆ زیاتر پێشخستنی هەماهەنگی نێوان هەردوولا.

هەروەها شاندی زانکۆمان سەردانی سەرۆکی شارەوانی بێرمینگهام یان کرد و دیارییەکیان پێشکەش کرد لە وتارێکدا نوێنەری سەرۆکی زانکۆ باسی لە پێشکەوتن و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە هەرێمەکەمان کرد و رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی کوردستان لە جیاتی جیهان شەڕی تیرۆریستانی داعشی کرد پێویستە زیاتر کاربکرێت بو هاوکاری کردنی هەرێم لە سەرجەم بووارەکان بەتایبەت کارکردن لەسەر بە دەستەخوشک بوونی شاری هەولێر وبێرمینگهام.

هەروەها شاندەکە سەردانی زانکۆی کۆڤێنترییان کرد و لە چوارچێوەی پەیوەندییە ئەکادمییەکاندا گفتوگۆکرا دەربارەی هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی لە ئەنجامدانی پرۆژەی هاوبەش لە نێوان قوتابییانی هەردوولا لە بوارەکانی ئۆتۆمبێل و ئەندازیاری.

هەروەها لە ماوەی مانەوەیان لە وڵاتی بەریتانیا، شاندی زانکۆمان سەردانی زانکۆی کامبریدجیان کرد بەمەبەستی دروستکردنی پەیوەندی و واژووکردنی رێکەوتننامەی لێکتێگەیشتن لە داهاتوودا.

 

لێژنەی داڕشتنەوەی رێنماییەکانی وەرگرتنی قوتابییان بە سیستەمی پۆلیتەکنیک کۆبووەوە

رۆژی دووشەمە 17ـی تەمموزی 2023 لە سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کۆبوونەوەی لیژنەی تایبەت بەداڕشتنەوەی رێنماییەکانی وەرگرتنی قوتابییان بەشێوەی سیستەمی پۆلیتەکنیک لەزانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان بۆ ساڵی خوێندنی 2023-2024 بەرێوەچوو.

کۆبوونەوەکە بەسەرپەرشتی د.وشیار عەبدوڵڵا عەزیز سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و ئەندامییەتی هەریەکە لە د.سەرسام خەلیل عومەر بەرێوەبەری تۆماری گشتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، د. بەختیار عبید شەریف یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بۆ کاروباری قوتابیان، م. ئارام ابراهیم قنبر بەرێوەبەری ناوەندی وەرگرتنی قوتابیان، د.ڕێباز جەلیل عەبدوڵڵا بەرێوەبەری تۆماری گشتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و د.نوزت سادق بەرێوەبەری تۆماری گشتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لە بارەی چۆنیەتی داڕشتنەوەی رینماییەکانی وەرگرتنی قووتابییانی پەیمانگە تەکنیکییەکانی هەر سێ زانکۆکە لە کۆلێژە تەکنیکییەکان بۆ ئەمساڵی خوێندنی 2023-2024.

 

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و کۆمپانیای تۆیۆتای یابانی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژوو کرد

رۆژی پێنج شەممە 13 تەمووزی 2023، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و سەرۆکی لقی عێراقی کۆمپانیای تۆیۆتای یابانی یاداشتێکی لێکتێگیشنیان واژوو کرد.

لە مەڕاسیمەکەدا سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا ئاماژەی بەوە کرد ئەم جۆرە یاداشتنامانە لە نێوان زانکۆ و کەرتی تایبەت هەیە بەڵام ئێمە وەکو زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر یەکەم زانکۆین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بتوانین راستەوخۆ هەلیکار بۆ دەرچووانمان بدۆزینەوە وە ئەمجۆرە یاداشتی لێکتێگەیشتنانە سوودی بۆ هەردوولا هەیە چونکە هەم دەرچووانی زانکۆمان هەلی کاریان دەست دەکەوێت هەم کۆمپانیاکان سوود لە دەرچووەکان وەردەگرن.

لەلایەن خۆشیەوە سەرۆکی کۆمپانیای تۆیۆتا/ لقی عێراق ئاماژە بەوە کرد ئێمە تێڕوانینمان وایە کە هاوکار و بەشدار بین لە بەرەوپێشبردنی عێراق و هەرێمی کوردستان وە مەبەستیش لەم جۆرە پڕۆژانە ئەوەیە هاوکار بین لە دابین کردنی هەلیکار بۆدەرچووانی زانکۆ وە دەمانەوێت پێشەنگی هەموو کۆمپانیا یابانیەکان بین لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

لە کۆتاییدا سەرۆکی زانکۆ بانگهێشتی کۆمپانیای ناوبراوی کرد بۆ ئەوەی ببنە پێشەنگ لە بەرنامەی دۆزینەوەی هە لیکار کە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە ئێستادا کاری لەسەر دەکات، وەکو زانکۆ دەمانەوێ کارێک بکەین دەرچووانمان بیر لە دامەزراندنی حکومی نەکەنەوە هەلی کاریان لە کەرتی تایبەت دەست بکەوێت.

شیاوی باسە شاندی زانکۆمان پێکهاتبوون لە راگری کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر، سەرۆکی بەشی تەکنیکی ئۆتۆمبێل لە کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر، بەڕێوبەرانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، سەنتەری گەشەپێدان بۆ کار و رێکخەری پەیوەندییەکانی نێوان زانکۆ و کۆمپانیای ناوبراو.

ناوەرۆکی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و کۆمپانیای تۆیۆتا/عێراق:

  • دابینکردنی بەشێک لە پێداویستیەکانی مەشق و راهێنانی پڕاکتیکی لە لایەن کۆمپانیای ناوبراو.
  • راهێنانی مامۆستایانی بەشی تەکنیکی ئۆتۆمۆبیل لە کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر لە چەند بوارێکی تەکنیکی ئۆتۆمۆبیل.
  • فەراهەمکردنی هەلی مەشق و راهێنان بۆ قوتابیانی قۆناغی دووەمی پڕۆگرامی دبلۆم و قوتابیانی قۆناغی سێیەمی بەکالۆریۆس بە شێوەیەکی ساڵانە.
  • پێدانی زانیاری دەرچووانی بەشی ئۆتۆمبیل بە کۆمپانیای تۆیۆتا عێراق بە مەبەستی لەبەرچاوگرتنیان بۆ هەلی دامەزراندن لە کۆمپانیاکە بە پێی رێوشوێنی بەرکاری کۆمپانیا.
  • دابینکردنی راهێنانی ئەلیکترۆنی بواری تەکنیکی ئۆتۆمبیل بۆ مامۆستایانی بەشی ئۆتۆمۆبیل بە مەرجی بەکارهێنانی تەنها لەلایەن مامۆستایانی بەش.