پەیمانگەی تەکینیکی مێرگەسۆر خەڵاتی رێزلێنان دەبخشێتە دوو منداڵە شەهید
دوای ئەوەی دوو منداڵە شەهید وەک میوانێکی رۆح سووک بەشدارییان کرد لە مەراسیمی بەفەرمی کردنەوە و ناساندنی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر لە رۆژی 9ـی ئایاری 2023، ئەمڕۆ راگری پەیمانگە (د. طالب محەمەد شەریف ) لە رێوڕەسمێکدا خەڵاتی رێزلێنانی بەخشییە ئەو دوو منداڵە بەناوەکانی (نهال عبدولسەلام مەعروف و، رەیان زێرۆ حسن).
لە کاتی پێشکەش کردنی خەڵاتەکە، راگری پەیمانگە وتەیەکی کورتی پێشکەش کرد و گوتی: خۆشحاڵین کە ئەمڕۆ پەیمانگەیەک کراوەتەوە لەم دەڤەرە قارەمان و شۆڕشگێڕە و خزمەتی کچ و کوڕی قەزای مێرگەسۆر و دەوروبەری و هەموو کوردستان دەکات، ئەمەش بەری رەنج و ماندووبوونی پێشمەرگە گیان لەسەردەست و شەهیدەکانمانە کە بەهۆیانەوە کوردستان ئازادە و دەتوانرێت ناوەندێکی ئەکادیمی لەم شێوەیە بکرێتەوە بۆ پێگەیاندنی نەوەکانی دوارۆژی ئەم نیشتمانە، بۆیە زۆر خۆشحاڵ و شادمانین بە بەخشینی ئەم خەڵاتە بەم منداڵە شەهیدانە کە لەسایەی بێ ناز بوونی ئەمانە ئێمە لە ژیاندا ماوین و دەتوانین خزمەتێکی بچووک بکەین بە وڵاتەکەمان.




