رۆژی یەکشەممە رێکەوتی 14ـی ئایاری 2023 بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، ژمارەیەک بەرپرسی حزبی و حکومی دەڤەری مێرگەسۆر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، سێیەمین کۆنفرانسی زانستی قوتابیانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر بەڕێوەچوو.
کۆنفرانسەکە بە گوێگرتن چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز و مارشی نیشتمانی ئەی ڕقیب دەستی پێکرد، پاشان یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان و سەرۆکی لێژنەی باڵای کۆنفرانس پ.ی.د. یوسف مصطفى رسول وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەناوی لێژنەی باڵای کۆنفرانسەوە بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و باسی لە گرنگی کۆنفرانسەکە کرد بۆ قوتابیان و وتی: “بەڕێزان کۆنفرانسی زانستی قوتابیان کۆنفرانسێکی ساڵانەیە تیایدا باشترین پڕۆژەی دەرچووانی قوتابیان لەسەر ئاستی بەشە زانستییەکانی کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکان بەشداردەبن، مەبەستیش لەو کۆنفرانسە خستنەڕووی بەرهەمی ماندووبوون و لێهاتوویی قوتابیانە لەئەنجامدانی پڕۆژەی دەرچوون بەهاوکاری و سەرپەرشتی مامۆستا بەڕێزەکان”.
دواتر سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتنی بەرپرسانی حزبی و حکومی و مامۆستایان و قوتابیانی بەشداربووی کرد و وتی: “بەناوی خۆم و ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەخێرهاتنی میوانە بەڕێزەکان دەکەیین، هەروەها پیرۆزبایی لەو قوتابیانە دەکەین کە سەرکەوتووانە توانییان ئەو قۆناغانە ببڕن و ئەمڕۆ بەشداربن لە سێیەمین کۆنفرانسی زانستی قوتابیان.
بەڕێزان ئامادەکردنی کۆنفرانسات بەشێوەیەکی گشتی لەهەموو دام و دەزگا و ناوەندێکی ئەکادیمی لە سەرتاسەری جیهان ئەنجام دەدرێت، بەڕێوەچوونی هەر کۆنفرانسێک لە چەند رۆژێک تێناپەڕێت، بەڵام خۆئامادەکردن و ئامادەسازییەکانی لەوانەیە چەند مانگێک یاخود لە ساڵێک زیاتری دەوێت، هەروەها لەوانەیە کۆنفرانسێکی زانستی تێچوویەکی ماددی زۆر بوێت تا ئەنجام دەدرێت، پرسیارەکەی ئێمە لێرەدا ئەوەیە لە کاتێکدا کۆنفرانسی زانستی ئەو هەموو کات و ماندووبوون و تێچوو و ئامادەکارییەی دەوێت، ئایا شایەنی ئەو هەموو ماندووبوونەیە؟ یان کۆنفرانسی زانستی پێویستە؟
لە وەڵامدا دەڵێین: “بەڵێ، کۆنفرانسی زانستی پێویستە بۆ توێژەران و قوتابیان و مامۆستایان لە هەموو ناوەندە ئەکادیمی و زانکۆیەکان، لای هەموومان ئاشکرایە توێژینەوەی زانستی چ رۆڵێکی گرنگ دەبینێ لە ژیانی مرۆڤایەتی و پێشکەوتنی کۆمەڵگا، هەروەک دەبینین هەموو بوارەکانی زانست وەک زانستی تەندروستی و ئابووری و ئەلیکترۆنی و کشتوکاڵ و هتد و هەر لایەنێک بگری لە لایەنەکانی زانست پێویستە بۆ ژیانی ئادەمیزاد و پێشکەوتنی کۆمەڵگا.
توێژینەوەی زانستی بۆخۆی رۆڵێکی بەرچاوی هەیە لەژیانی مرۆڤ و دەرگایەکە بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگا ، ئەگەر توێژینەوەی زانستی دەرگایەک بێت بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگا کلیلی ئەو دەرگایە بڵاوکردنەوەی توێژینەوەکەیە ، زۆر پێویستە ئەو توێژینەوەیەی ئەنجام دەدرێت بڵاوبکرێتەوە ، ئاسانترین ڕێگاش بۆ بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستی کۆنفرانساتی زانستییە ، کەواتە یەکێک لە ئامانجە هەرە گرنگەکانمان لە ئەنجامدانی کۆنفرانسی زانستی بۆئەوەیە تۆ بتوانیت ئەنجامەکانی توێژینەوەکە لە کۆنفرانسەکەدا بڵاوبکەیتەوە و خوێندنەوەی بۆ بکەیت و هەڵبسەنگێندرێ ، لە لایەکی ترەوە لە کۆنفرانسی زانستی چەند زانست خوازێک یاخود چەند گرووپێکی هاوشێوە لە پسپۆری لەیەکتری نزیک دەبنەوە، لە ئەنجامدا گفتوگۆیەکی زانستییانە و پڕ مانا لە ماوەی ئەو کۆنفرانسەدا لەنێوانیان ئەنجام دەدرێت، ئەو توێژەرانەی لە کۆنفرانسەکان پێکەوە کۆدەبنەوە و دادەنیشن لەوانەیە بیروڕا ئاڵوگۆر بکەن و کێشەکانی یەکتری چارەسەربکەن و شارەزاییان دەبێت لەو تاقیگە و کەرەستە و ئامێرانەی کە لە ناوەندە زانستییەکان هەیە کە دەتوانرێت سوود لەیەکتری وەربگرن.
جگە لەو سوودانەی باسم کرد بەرێوەچوونی کۆنفرانسی زانستی گرنگییەکی تری هەیە ئەویش ئەوەیە کاتێک کۆنفرانسی زانستی لە وڵاتێک بەڕێوەدەچێت جارێکی تر لە وڵاتێکی تر ئەنجام دەدرێت، لەو لایەنەش دەتوانین میللەتان سوود لە کەلتوری یەکتری وەربگرن لەو شوێن و وڵاتەی کۆنفرانسەکەی لێ ئەنجام دەدرێت .
ئێمەش هەر لەسەر ئەو نیەتە ویستومانە کە لەمەودوا هەر ساڵەو لە شوێنێکی جیاواز ئەنجام بدەیین ، رۆژێک لە مێرگەسۆر و رۆژێک لە شەقڵاوە و کۆیە و سۆران و خەبات و هەولێر ئەنجامی دەدەین ان شاءالڵە، قوتابیانی ئازیز بەهیوام ئەمڕۆ وانەیەکی تر فێربن لەسەر چۆنیەتی بەشداریکردنتان لە کۆنفرانساتی زانستی و یا سوود و بەرێوەچوونی کۆنفرانسی زانستی بۆچییە.
بۆیە بەپێویستمان زانی گرنگی بەو بابەتەش بدەیین ئەمەش وانەیەکی ترە تا قوتابیان بزانن لە ناوەندە ئەکادیمییەکان و زانکۆکاندا بە چی شێوازێک کۆنفرانس ئەنجام دەدرێت.
لە کۆتاییدا دەستخۆشی لە لێژنەی ئامادەکاری کۆنفرانس دەکەم و دەستخۆشی لە ڕاگرایەتی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر دەکەین کە میوانداری ئەو کۆنفرانسەیان کرد و بەهیواین توێژینەوە و پڕۆژەکانی قوتابیان هەڵسەنگاندنێکی تریان بۆ بکرێت قوتابیان دووبارە سەرکەوتووبن تیایدا”.
هەر لە میانەی بەڕێوەچوونی مەراسیمی کردنەوەی کۆنفرانسەکەدا سەرۆکی زانکۆ رێزلێنانی بەخشییە د. طالب محەمەد شەریف راگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر، مامۆستا سەروەر حسین راگری پەیمانگەی تەکنیکی چۆمان و د. هەژار محەمەد حسین بەبۆنەی بەرزکردنەوەی زازناوی زانستییان.
دواتر دەستکرا بە بەڕێوەچوونی سیمناری قوتابیان بە پێی کەرتە پسپۆڕییەکانی کارگێڕی، ئەندازیاری و تەکنەلۆجی، پزیشکی، کشتوکاڵی کە دابەش کرابوون بەسەر چوار هۆڵی سیمنار لە لایەن هەڵسەنگێنەرانی کەرتە جیاوازەکان هەڵسەنگاندن بۆ پرۆژەی قوتابیان کرا.
شیاوی باسە لە کۆنفرانسەکەدا 67 توێژینەوە لە بوارەکانی کارگێڕی و ئەندازیاری و تەکنەلۆجی، پزیشکی و کشتوکاڵی بەشدار بوون.
لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس هەرکی خەڵاتی رێزلێنان بەخشییە لێژنەکانی ئامادەکاری کۆنفرانس و هەڵسەنگێنەران و لێژنەلاوەکییەکان.