رۆژی سێ شەممە رێکەوتی 8ـی ئاداری 2022 بە بۆنەی رۆژی جیهانی ئافرەتان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دیدارێکی لە ژێرناونیشانی (جیاوازی جێندەری لە دیدی کۆمەڵگە و ئایین) بە بەشداری د. هێشو رێبوار علی، د. مولود خضر قەرەنی و ئاڤان فارس جاف ئەنجامدا.
لە سەرەتای چالاکیەکەدا سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتنی وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بەرێز ئانۆ جەوهەر و خانمان و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و مامۆستایان و میوانەکانی کرد و پیرۆزبایی لە ئافرەتانی سەرۆکایەتی زانکۆ و کوردستان و جیهان کرد بە بۆنەی ٨ـی مارسەوە و هیوای خواست ئەم بۆنەیە ببێتە مایەی بەرەوپێشچوونی زیاتر لە بواری مافەکانی ئافرەتان لە کوردستان و جیهان، لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا سەرۆکی زانکۆ وتی: “ئێمە وەک زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە کاری خۆمانی دەزانین کە گفتوگۆی راشکاوانە لەسەر چۆنیەتی تێڕوانینی کۆمەڵگەی کوردستان لە ماف و ئەرکی ئافرەتان بکەین و دیبەیتی بۆ ئەنجام بدەین و و پاشان توێژینەوەی جددی لەسەر بکەین لە کۆتاییدا دووبارە پیرۆزبایی لە خانمان و ئافرەتانی کوردستان و جیهان دەکەم بەبۆنەی ئەم رۆژەوە.
دواتر دیدارەکە بە سەرپەرشتی د. سەلار عثمان دەستی پێکرد و پانێلیستەکان گفتوگۆیەکی چڕ و پڕیان کرد دەربارەی کێشە و ئاڵنگارییەکانی بەردەم ئافرەتان لە کۆمەڵگە و دامەزراوەکان و ژیانی رۆژانەیاندا. هەروەها بە گرنگی و پێزانینەوە باس لە توانای خانمان کرا لە سەرجەم کایەکانی ژیان سەرباری ئەوەی ئەرکی دایکایەتی و خێزانیشیان لەسەرە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئایینەکانیش ئافرەتیان لە پێگەیەکی بەرز داناوە، دواتر دەرگای گفتوگۆ کرایەوە و میوانەکان راو سەرنجی خۆیان خستەڕوو وە لە لایەن پانێڵیستەکانەوە وەڵامیان درایەوە ، لە کۆتاییشدا سەرۆکی زانکۆ بڕوانامەی رێزلێنانی بەخشییە پانێڵیست و ئەندامانی لێژنەی ئامادەکاری دیدارەکە و دووبارە سوپاسی ئامادەبوونی میوانان و خانمانی کرد و رایگەیاند کە نووسراوی سوپاس و پێزانینی ئاراستەی فەرمانبەرانی ئافرەت لە سەرۆکایەتی زانکۆ کردووە.
ساڵانە سەرۆکایەتی زانکۆ لە رۆژی جیهانی ئافرەتاندا چالاکی تایبەت بەم بۆنەیە ئەنجام دەدات و بۆ ئەمساڵیش سەرۆکی زانکۆ سوپاس و پێزانین بە سەرجەم فەرمانبەرانی ئافرەت دەدات














