زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پرۆژەی چاپتەری گەنجانی نەخشەساز رادەگەیەنێت

رۆژی سێ شەممە رێکەوتی 1ـی ئاداری 2022 لە هۆڵی بونەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی، راوێژکارانی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی د. صباح و د. امیر، ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی زانکۆ و مامۆستایان و پسپۆڕان، مەراسیمی ناساندنی چاپتەری گەنجانی نەخشەساز

(EPU YouthMappers Students Chapter)

بەرێوەچوو.

لەسەرەتای مەراسیمەکەدا سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و باسی لە گرنگی پرۆژەکە کرد و بە پێویستییەکی سەردەمی زانی و هەروەها دەستخۆشی و سوپاسی مامۆستایانی سەرپەرشتیاری پرۆژەکە مامۆستا محمد فەیسەڵ و مامۆستا گڵپە علی کرد کە سەرکەوتووانە پرۆژەکەیان بە ئەنجام گەیاندووە.

دواتر مامۆستا گڵپە علی کورتە باسێکی دەربارەی پرۆژەکە و مێژووی دامەزراندنی کرد و هەروەها روونیکردەوە کە (یوث ماپەرز) پێك دێت لە کۆمەڵێك قوتابی و توێژەر و مامۆستا کە تێیدا تەکنەلۆجیا و داتای بەردەست و گشتی بەکار دەهێنن بۆ دەسنیشانکردن و خستنەڕووی ئەو ئاستەنگانەی کە دێنە بەردەم پێشکەوتنی هەر ووڵاتێك. قوتابیانی زانکۆکان لەسەرتاسەری جیهان بە شێوەیەکی چالاکانە بەشداری دەکەن لە پرۆگرامێك کە بەردەستە بۆ هەموو خەڵك ئەویش پێی دەگوترێت پلاتفۆرمی (ئۆ ئێس ئێم)، کە تێیدا قوتابیان نەخشەی ئەو شوێنە دەکەن کە تێیدا دەژین وە لە بەرامبەردا سوودێکی زۆر گەورە بە کۆمەڵگاکەیان دەگەیەنن.

مەبەستی سەرەکی کردنەوەی ئەو چاپتەرە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر روونکردەوە کە بریتییە لە پێگەیاندن و گەشەپێدانی توانای گەنجەکانمان بۆ ڕابەریکردن و بەرەو پێشبردنی ووڵاتەکەمان لە ڕێگەی ماپ کردن.

دواتر مامۆستا محمد فەیسەڵ سیمنارێکی پێشکەش کرد دەربارەی چۆنیەتی کارکردنی ئەو گرووپە قوتابییە لە پرۆژەکە کە تیایدا بە وردی ئامانج و سوودەکانی بۆ کوردستان بەگشتی و کەسانی شارەزا و پسپۆڕ و حکومەت و رێکخراو و کۆمپانیا و تەنانەت کەسانی ئاساییش روونکردەوە، هەروەها باسی لە رووداوەکانی ئەم دواییەی پارێزگای هەولێر کرد کە بە هۆی لافا و قەتیس بوونی باراناو لە چەند ناوچەیەکی پارێزگاکە دروستبوو و چونیەتی رووبەروو بوونەوە یاخود ئامادەکاری کردن پێش رووداوەکان هەروەها لە کاتی رووداندا چۆن هاوکاری بگەیەندرێتە شوێنە زیان لێکەوتووەکان، لەرێگەی ئەو پرۆژەیەوە کە سوودێکی زۆری هەیە.

دواتر سەرۆکی زانکۆ د. کاوە شێروانی خەڵاتی تایبەتی بەسەر قوتابییە چالاکەکانی ئەو پرۆژەیە دابەشکرد و پاشان لەلایەن راوێژکارانی وەزیری خوێندنی باڵاوە بروانامەی رێزلێنان بەخشرایە مامۆستایانی سەرپەرشتیار و قوتابیانی بەشداربوو.

(EPU YouthMappers Students Chapter)

پێك دێت لە کۆمەڵێك قوتابی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کە لەسەر ئاستی جیهانی کاردەکەن بۆ هاریکاریکردنی مرۆیی خەڵکانی هەر ووڵاتێك لە ڕێگای دروستکردنی نەخشە بۆ ئەو شوێنەی کە لێی دەژین، بە مەبەستی ئامادەبوون و کارئاسانی بۆ ئەو حالەتانەی کە تێیدا کارەساتی سروشتی و مرۆیی ڕوودەدات یاخود ڕوویداوە، ئەمەش یارمەتیدەرێکی

گەورە دەبێت بۆ دەزگاو دامەزراوە حکومی و ناحکومیەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکان