زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دیدارێک بۆ مامۆستا دڵشاد وەسانی رێکدەخات

رۆژی سێ شەممە رێکەوتی 1ـی ئاداری 2022 کاتژمێر 3ـی دوانیوەڕۆ لە هۆڵی بونەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ دیداری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ نووسەر و رۆژنامەنووس مامۆستا دڵشاد وەسانی لە ژێر ناونیشانی بارزانی نەمر.. رابەرێک لە سەدەی بیستەمدا بەڕێوەچوو.

بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی و ئازاد جوندیانی ڕاوێژكاری ڕوناكبیری و سیاسی سەرۆک مەسعود بارزانی، هەردوو بەرپرسی ناوچەی ئاسۆ لاوەند دزەیی و بەرپرسی ناوچەی ئایندە کوان قەساب و بەڕێوبەری لە گشتی وەزارەتی رۆشنبیری هەڵگورد جوندیانی و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و مامۆستایان و قوتابیانی زانکۆ لە یادی 43 ساڵەی کۆچی دوایی، بە دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان و گوێگرتن لە سرودی ئەی رەقیب دیدارەکە دەستی پێکرد.

سەرەتا سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.ی.د. کاوە شێروانی وتەیەکی کورتی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتنی پانێڵیست و میوان و بەرپرسانی حیزبی و حکومی کرد.

دواتردەست کرا بە پێشکەش کردنی دیدارەکە و مامۆستا دڵشاد باسی لە سەرەتاکانی ژیانی بارزانی نەمر کرد و قۆناغ بە قۆناغ باسی رۆڵی بارزانی لە شۆڕشەکانی ساڵی 1931-1932 بۆ بەرگریکردن لە میحوەرەکانی ”مێرگەسوور و شێروان” کرد.

پاشان باسی لە قۆناغی دامەزراندنی کۆماری مهاباد کرد کە بارزانی نەمر بە فەرماندەی سوپای کۆماری کوردستان دەستنیشان کرا و پلەی “جەنەڕاڵ”ـی پێ بەخشرا.

هەروەها بە وردی باسی لە قۆناغی دوای کۆماری مهاباد و چوونی بارزانی و هاوەڵانی بۆ یەکێتی سۆڤێتی جاران و گەڕانەوەیان بە سەروەری و ڕێز و شکۆیەکی زۆرەوە پێشوازیی لێ کرانیان لەلایەن خەڵکەوە کرد.

هەروەها باسی لە  ‌ئەیلوول کرد کە مەلا مستەفا بارزانی دژی دەسەڵاتدارانی بەغدا ڕایگەیاند و ھەتا 11ی ئازاری ساڵی 1970 بەردەوام بوو.

شۆڕشی ئەیلول بە سەرکردایەتی بارزانی نەمر، دەسەڵاتدارانی عێراقی ناچاری گفتوگۆ کرد و ڕێککەوتنی ئاداری 1970ی لێ کەوتەوە کە بەپێی بڕگە و ماددەکانی ئەو ڕێککەوتنە، کورد ھاوبەش دەبێت لە حوکمڕانیی عێراق و بۆ یەکەم جاریش زمانی کوردی لە دامودەزگاکانی فێرکردن، دەبێتە زمانی فەرمی، جگە لەوەی سیستەمی حوکمی زاتی لە کوردستاندا جێبەجێ دەکرێت و کورد لە ناوچەکەی خۆیدا حوکمی خۆی دەکات.

پاشان مامۆستا دڵشاد باسی لە کۆمەڵێک بەسەرهات و روداوی مێژووی کرد کە بارزانی چەند بە تەنگ پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ئاین و ئاینزا و کەمە نەتەوەییەکان بووە بەڵگەش بۆ ئەوە بوونی چەندین بەرپرس و هاوەڵ کە کورد و موسوڵمان نەبوون و لە دەوری بارزانی بوون.

پاشان دەرگای پرسیار و گفتوگۆ بەڕووی ئامادەبوواندا کرایەوە پرسیارەکانیان ئاراستە کرد و لە لایەن پانێڵیستەوە وەڵام درانەوە.

لە کۆتاییشدا سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە شێروانی سوپاس و پێزانینی بەخشییە مامۆستا دڵشاد و سوپاسی بەرێزیانی کرد بۆ پێشکەش کردنی سیمنارەکە