ئەمڕۆ سێ شەممە 11ی حوزەیرانی 2024، لەهۆڵی کۆنفرانسەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ بەسەرپەرشتی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و بە هەماهەنگی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی ناوخۆ، مەراسیمی یەکەمین خولی دەرچوونی قوتابیانی بەشی بەڵگەکانی تاوان لەپەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر بەرێوەچوو.
مەراسیمەکە بەئامادەبوونی د.هێمن میرانی بەرێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، د. توانا نەجەف محەمەد بەڕێوبەری گشتی دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بەڕێوبەری فەرمانگەی بەڵگەکانی تاوان لە وەزارەتی ناوخۆ، د. یاسین کەریم بەڕێوەبەر گشتی فەرمانگەی پزیشکی دادی هەرێمی کوردستان، د. سەباح وەیس ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، ژمارەیەک ئەفسەری وەزارەتی ناوخۆ و مامۆستایانی زانکۆمان بەرێوەچوو.
سەرەتای مەراسیم بەخولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادی و سەربەخۆی کوردستان لەگەڵ مارشی نیشتمانی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد، دواتر سەرۆکی لێژنەی ئامادەکاری مامۆستا بەهزاد حیلمی ئاکرەیی گوتەیەکی پێشکەش کرد و بەخێرهاتنی گەرمی میوانانی کرد و گوتی : زانكۆى پۆلیتهكنیكى ههولێر شانازى دهكات بهپێشكهش كردنى یهكهم گرووپی دهرچووانى بهشی بهڵگهكانى تاوان له پهیمانگهى تهكنیكى پزیشكى ههولێر، به كورد و كوردستان كه یهكهم بهشه لهسهر ئاستى ههرێمى كوردستان.
دواتر پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وتارێکی پێشکەشکرد
دەقی وتارەکە:
“بەناوی خودای گەورەو میهرەبان
ئامادەبووانی بەڕێز… میوانانی خۆشەویست…
مامۆستایانی خۆڕاگرو دڵسۆز….
قوتابیانی خۆشەویست…
دەرچووانی ئازیز…
خانەوادەی دەرچووان…
بەناوی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بەخێرهاتنتان دەکەین بۆ رێوڕەسمی دەرچوونی یەکەمین روواندنی (بەشی بەڵگەکانی تاوان) لە زانکۆمان، ئەوەش جێگەی خۆشحاڵییە ئەمڕۆ بەیەکەوە لێرەین تاپیرۆزبایەکی گەرم لەخۆمان و لەستافی ئەکادیمی و کارگێڕی پەیمانگای تەکنیکی پزیشکی هەولێرو دەرچووانی خۆشەویست و خانەوادە بەڕێزەکانیان و هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی و وەزارەتی ناوەخۆ لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین.
بەڕێزان…
بەشی بەڵگەکانی تاوان، یەکەمین بەشی زانستییە لەسەر ئاستی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە پەیمانگای تەکنیکی پزیشکی ھەولێر لە زانکۆمان تایبەت بە کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان کراوتەوە، ئەوەش بەرەنجامی واژووکردنی ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەی نێوان وەزیری خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی و وەزیری ناوخۆ بوو لە رێکەوتی 2021/12/14. لە پێناو پێگەیاندنی کادیری پسپۆڕ لەبواری بەڵگەکانی تاوان و تاقیگەی تاوان بۆ وانە پڕاکتیکییەکان و گەیشتن بە سەرچاوەى تاوان، سەرەتا وەک یەکەم گروپ (23) ئەفسەرو کارمەندی وەزارەتى ناوخۆمان وەرگيران، تا بەشێوەیەکی ئەکادیمی و زانستی سەردەمیانە بە پێشکەوتووترین سیستەم رابهێنین و بڕوانامەى دیپلۆمى تەکنیکى لەبوارى بەڵگەکانى تاوان وەربگرن و ببنە پاڵپشت بۆ دادگاکان لە دۆزینەوەی سەرچاوەی بەڵگەکانی تاوان بە شێوەیەکی زانستییانە.
ئامادەبووانی بەڕێز….
زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، یەکێکە لە زانکۆ پێشەنگەکانی هەرێمی کوردستان لە پێگەیاندنی کادیری زانستی و پیشەیی بۆ بازاڕی کار لە کوردستان، بۆ ئەمەش ساڵانە بڕوانامەی دەرچوون دەدەین بە هەزاران قوتابی لە بەشە جیاوازەکان تا بتوانن لە بازاڕی کار دەرفەتی ئیش کردن بەدەست بهێنن، لەو روانگەشەوە بەردەوام پڕۆگرامی خوێندنمان نوێکردۆتەوە تا لەگەڵ خواستی بازاڕ کارو کەرتی تایبەت و گشتی بسازێنین، ئەو پۆلە قوتابییەی ئەمڕۆش بڕوانامەی دەرچوون وەردەگرن، هاوشێوەی پۆلەکانی دیکە بە هەگبەیەکی پڕی زانستییەوە دەچنەوە نێو دامەزراوەکانی وەزارەتی ناوخۆ تا بە گڕوتینێکی زۆرەوە خزمەت پێشکەش بە هاوڵاتیان بکەن و ووردبینانەو لێزانانەو کارزانانە بە شێوەیەکی زانستییانە ئەرکە سەرەکییەکەی خۆیان راپەڕێنن، ئەوەش ئامانجی سەرەکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بە تایبەت خودی جەنابی سەرۆک وەزیران.
خۆشەویستان….
زانکۆمان، لەم چەند ساڵەی دواییدا، تەنها بڕوانامەی دیپلۆمی تەکنیکی و بەکالۆریۆس نابەخشێت، بەڵکو لەگەڵ فراوانبوونی بەشە زانستییەکان لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر لە کردنەوەی کۆلێژو پەیمانگەش، ئەوا دەستمان بە پڕۆسەی خوێندنی باڵا کردووەو بە پشت بەستن بە کادیری ئەکادیمی و زانستی ناوەخۆیی زانکۆ، ئێستا بڕوانامەی(دبلۆمی باڵا- ماستەر- دكتورا)یش دەبەخشین، ئەوەش هەنگاوێکی پیرۆزە لە سەر هەردوو رەوتی ئەکادیمی و زانستی و پیشەیی کار بۆ خزمەتکردنی کوردستان.
بەڕێزان…….
ئەو بۆنەیە بە دەرفەت دەزانم، وەک سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سوپاسی رێزدار جەنابی(مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بکەم کە سەرەڕای ئاستەنگە داراییەکان و فشارە ناوەخۆیی و دەرەکییەکان، کەچی هەردەم پاڵپشتی پڕۆسەی خوێندن و سەرخستنی زانکۆکانی کردووەو لە پارەدارکردنی پڕۆژەکانمان و کۆی پڕۆسەی خوێندن، دەتوانین بڵێن بە خۆڕاگری جەنابیان، زانکۆکان توانیان بەردەوام بن لە پڕۆسەی خوێندن، تەنانەت بۆ یەک چرکەش پڕۆسەی خوێندن نەوەستاوە، پشتیوان بە خودای گەورە و پاڵپشتی کابینەی نوێەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاروانی زانست لە کوردستان بەرەوپێش دەچێت و هیواخوازین زانکۆمان بە هەوڵی مامۆستایانی ماندوونەناس و کارمەندانی ستافی کارگێڕی و قوتابیانی ئازیزی سەرمەشقی ئەم کاروانە بێت، هەروەها زۆر سوپاسی هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی و وەزارەتی ناوەخۆ دەکەین کە لە سەرەتای کردنەوەی بەشی بەڵگەکانی تاوان لە زانکۆمان، هەموو کات پاڵپشتییان بۆ سەرکەوتنی ئەم بەشە تا ئەمڕۆ لێرە بە چاوی خۆمان ئەو بەرهەمە دەبینین.
لە کۆتاییدا جارێکی دیکە، پیرۆزبایی لە دەرچووانی ئازیز دەکەم، پیرۆزە بڕوانامەی تێکۆشان و هەوڵ و رەنج و ماندووبونی دوو ساڵی خوێندنتان، ئومێدەوارم هەمیشە سەرکەوتووبن لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، ئایندەیەکی پڕشنگدارو روناک چاوڕێتان دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە تواناو کارامەییە جەستەیی و زانستییەکانی ئێوەی خۆشەویستە تا بتوانن ببنە ستونی سەرەکی چەسپاندن و سەروەری یاسا و نەهێشتنی تاوان لە کۆمەڵگە.
هەر شەکاوە بێت ئاڵای کوردستان، لە نیشتیمانێکی سەربەخۆ و ئارام.
دواتر وتاری وەزارەتی ناوخۆ لە لایەن د. هێمن میرانی خوێنرایەوە و گوتی: “بە ناوی وەزیری ناوخۆوە سوپاسی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر و مامۆستایان دەکەم، کە ئەو بەشەیان کردەوە و لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو پۆلێک لە ئەفسەر و کادیرانی وەزارەتی ناوخۆیان لەخۆ گرت وە توانیتان لە بەشی بەڵگەکانی تاوان بە زانستی نوێ و سەردەم پەروەردەیان بکەن پیرۆزبایی لە دەرچووان و کەسوکاریان دەکەم و خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لەگەڵ هاوڕێیانم لە وەزارەتی ناوخۆ بەشداری لە خۆشی و ئاهەنگی دەرچوونی ئەم ئازیزانە دەکەین کە بێگومان لە داهاتوو سوود لە تواناکانیان وەردەگرین چونکە ئێستا باشتر لە بایەخی بەڵگەکانی تاوان و چۆنیەتی کۆکردنەوە و پاراستنی بەڵگە و لێکۆڵینەوەکردن بۆ ئاشکراکردنی تاوانکار و پاراستنی مافی خەڵک و قوربانییان تێدەگەن.”
دواتر وتاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە لایەن د. سەباح وەیس خوێنرایەوە کە تیایدا وێڕای پیرۆزبایی لە قوتابیانی دەرچوو گوتی: “ئەمڕۆ رۆژێکی مێژوویی و گرنگە بۆ هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی ناوخۆ کە ئەمڕۆ یەکەمین خولی دەرچوونی قوتابیانی بەشی بەڵگەکانی تاوان بەڕێوەدەچێت، هیوادارم لەو دووساڵەدا کە قوتابییانی ئازیز پرەنسیپەکانی ئەکادیمییان لەو بەشە وەرگرتووە سوودێکی باشی بۆ کارەکانتان هەبووبێت.”
دواتر قوتابییانی دەرچوو سوێندی یاساییان خوارد، پاشان راگری پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر بە ناوی ئەنجومەنی پەیمانگەی ناوبراوەوە داوای لە سەرۆکی ئەنجومەنی زانکۆ کرد کە بڕوانامەی دەرچوون ببەخشێتە قوتابیان، پ.د. ئیدریس هەرکی سەرۆکی ئەنجومەنی زانکۆ بڕوانامەی بەخشییە قوتابیانی بەشی بەڵگەکانی تاوان.
دواتر بڕوانامەی ڕێزلێنان بەخشرایە دەرچووان لەگەڵ دابەشکردنی خەڵات بەسەر قوتابی یەکەم و دووەم و سێیەم، لە کۆتاییشدا بە گرتنی وێنەیەکی گشتی مەراسیمەکە کۆتایی هات.
بۆ بینینی سەرجەم وێنەکان بە کالیتی بەرز تکایە سەردانی ئەم بەســـــــــــــــــــــــــــتــــــــــــەرە بکەن.