Blog

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایک لە کۆلێژی تەکنیکی سۆران دیبەیتێک بەڕێوەچوو

ڕۆژی شەممە 22ـی شوباتی 2025، لە هۆڵی کۆنفڕانسی کۆلێژی تەکنیکی سۆران بە بەشداری هەر یەکە لە دیبەیتەران ( پ.د. شوکریە ڕەسوڵ ، پ.د. مەولود ئیبراهیم ، پ.د. هاوژین صلێوە ، پ.ی.م. فەرهاد عەزیز ) و بەڕێوەبەری دیبەیت د. پشتیوان ئەسعەد مامۆستای کۆلێژەکەمان، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایک بە ناونیشانی ( ڕۆڵی ئەدەبی فۆڵکلۆر لە پاراستنی زماندا ) دیبەیتێک بەڕێوەچوو.

لە دیبەیتەکەدا، پ.ی.د.سیروان لەتیف حاجی ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی سۆران و حەکیم تێلی جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەرپرسانی حزبی و حکومی و مامۆستایان و قوتابییانی کۆلێژ ئامادەبوون.

لە میانەی دیبەتەکەدا دوای پێشکەشکردنی وتاری ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی سۆران و جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دیبەیتەران تەئکیدیان لەسەر پاراستنی زمانی دایک کردەوە، بە مەبەستی بەرەپێش چوونی کلتور و ڕەسەنایەتی زمان و دەوڵەمەند کردنی لەڕێگەی گواستنەوە و گەیاندنی زانیاری و داب و نەریتەکان بە نەوەکانی داهاتوو.

دواتر مامۆستا فەرهاد عەزیز کە یەکێک بوو لە دیبەیتەران بە پشتبەستن بە توێژینەوە زانستییەکان، باسی ئەوەی کرد کە “کوردەکان سۆمەرین” و چەند بەڵگەیەکی لە زمانی سۆمەری خستەڕوو کە پەیوەندییان بە کوردەوە هەیە.

هەروەها، پ.د. شوکریە ڕەسوڵ ئاماژەی بە ڕۆڵی و گرنگی ئەدەبی سەرزاریدا لە پاراستنی نەتەوە و زماندا و ئەزموونی ولاتان و گەلانی لەم بوارەدا خستەڕوو.

لە بەشێکی دیکەی دیبەیتەکەدا پ.د. مەولود ئیبراهیم حەسەن، باسی لە بایەخی ئەفسانە و کوردستان وەک لانکەی مرۆڤایەتی و شارستانیەت کرد، بەڵگەی زانستیانەی بۆ هێنایەوە.

لە هەمان کاتدا، پ.د. هاوژین صلێوە، توێژینەوەیەکی خۆی لەبارەی ئاوێتە بوونی زمانی کوردی و سریانی پێشکەشکرد، بەناونیشانی (بەراوردی پەند و ئیدیۆمی سریانی و کوردی) تێدا کۆمەڵێک دەقی بە زمانی سریانی و کوردی خستەڕوو و بەراوردی کردن.

لەکۆتایی دیبەیتەکەدا سوپاسنامەی کۆلێژی تەکنیکی سۆران لەلایەن جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ڕاگری کۆلێژەکەمان پێشکەشی دیبەیتەران کرا.

 

شاندێکی زانکۆمان لە دووەمین کۆڕبەندی پەرەپێدانی هێزی کار لە هەرێمی کوردستان…

شاندێکی زانکۆمان کە پێکهاتبوو لە پ.ی.د.سیروان لەتیف حاجی راگری کۆلێژی تەکنیکی سۆران و پ.ی.د.هەتاو کەریم بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدان بۆ کار لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆمان بەشدارییان لە دووەمین کۆڕبەندی پەرەپێدانی هێزی کار لە هەرێمی کوردستان کرد کە لەلایەن سەنتەری پەرەپێدانی کار- زانکۆی سۆران، ڕێکخرا بوو.

کۆڕبەندەکە بەئامادەبوونی، پ.ی.د.شێروان شەریف قورتاس، سەرۆکی زانکۆی سۆران و ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ و بەرپرسانی حکومی و حزبی و کارساز و خاوەن کاران و مامۆستا و قوتابیان، “دووەمین کۆڕبەندی پەرەپێدانی هێزی کار لە هەرێمی کوردستان” بەڕێوەچوو.

لە دەستپێکی یەکەمین ڕۆژی کۆڕبەندەکەدا، د. ڕزگار سەعید حسین، یاریدەدری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان و هاوکات سەرۆکی لێژنەی باڵای کۆڕبەند، وتاری کۆربەندی پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا باسی لە ڕێکخستن و مەبەستی ئامانج و گرنگی کۆڕبەندەکەی کرد

دواتر، پ. ی. د. شێروان شەریف قورتاس، سەرۆکی زانکۆی سۆران، وتارێکی پێشکەشکرد و وێرڕی بەخێرهێنانی ئامادەبووان، سوپاسی ڕێکخەرانی کۆڕبەندەکەی کرد، لە بەشێکی وتارەکەیدا ئاماژەی بە گرنگی کۆرڕەندەکە کرد: ئەم کۆڕبەندە هەوڵێکە و دەستپێکێکی باشە بۆ ئەنجامدانی کۆنفڕانس و دیداری گەورەتر بۆ ئەوەی کاری زانستی و بەرهەمدار لە بارەی هێزی کار بخرێنەڕوو، چونکە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان، لە نەبوونی دەستی کار لەلایەن گەنجانەوە بۆ نەبوونی پلان و بەرنامەی زانستیە دەگەڕێتەوە، لە بەشێکی تری وتارەکەیدا، سەرۆکی زانکۆ باسی لە هەوڵەکانی زانکۆی سۆران، کرد سەبارەت بە دەستی کار و ئاماژەی بەوەکرد: کە لە زانکۆی سۆران، لێکۆڵینەوەمان کردووە سەبارەت بە دەستی کار و بەڕێوەبردن، دەمانەوێت لە چوارچێوەی زانکۆ بچینە دەرەوە، ببینە زانکۆیەکی کرداری و هەوڵدەدەین کار و پڕۆژە و بەرهەمی زانستی پێشکەشی لایەنی پەیوەندار بکەین بۆ چارەسەر کردنی کێشە و هۆکارەکانی کەمی دەستی کار.

پاشان، حەکیم تێلی، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، وتارێکی پێشکەشکرد و سوپاسی زانکۆی سۆران کرد بۆ ئەنجامدانی ئەم کۆڕبەندە و ئاماژەشی بە کرنگی کۆڕبەندەکە کرد: ئەنجامدانی ئەم کۆڕبەندە لە زانکۆی سۆران، تەنها کۆڕبەندێکی زانستی یان گفتۆگۆکردن نییە لەسەر پرسێک، بەڵکۆ بناغەیەکە بۆ پەرەپێدانی هێز کار لە دەڤەری سۆران و دەرفەتێکی زێڕینە بۆ گەنجانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و کاریگەری گەورەی دەبێت لە سەر هێز و گەشەپێدانی تواناکانیان.

لە کۆڕبەندەکەدا، چەندان پسپۆر و لێکۆڵەر و کارساز و پەروەردەکار و خاوەکان کار، لە هەرێمی کوردستان، بەشداریان تێدا کرد بوو..

لە پانێڵەکاندا بەشداربووان تیشکیان خستە سەر بەهێزکردنی بیرۆکەی کارسازیی و هاندانی گەشەی ئابووری، گفتۆگۆکردن لە بارەی ڕێگاکانی ئامادەکردنی هێزی کار و ئەقڵییەتی کارساز و گەنجی کارساز و داهێنەر و بیرۆکەی کارسازیی، هەروەها باسیان لە چۆنییەتی چارەسەر کردنی کێشە و ئاستەنگەکان لە ناو گەنجان کرا، لە لایەکی تر دەستپێڕاگەیشتن بە دڵنیایی دارایی و شیکاری بازاڕ و ئاڵنگاریی وەک: سنوورداری سەرچاوەکان و بەربەستە کلتوورییەکان و پێشکەشکردنی چارەسەری پێیان لەلایەن پانێلستەکانەوە گەنگەشەیان لە بارەوە کرا.

پانێلی یەکەم: گرنگی ئەقڵییەتی کارسازی لە گەشەکردنی هێزی کاردا.

پانێڵی دووەم: سەرچاوە خۆجێییەکان و هەلی پڕۆگرامەکان بۆ ئەقڵییەتی کارسازی..

هەر لە چورچێوەی کۆڕبەندەکەدا، چەندین قوتابی زانکۆی سۆران، باسیان لە چیرۆکی سەرکەوتنەکەیان کرد لە بواری کارسازیدا.

 دواتر چەند پڕۆژە پۆستەرێک و بەرهەمی دروستکراوی دەستی قوتابیان نیشاندران.

هەر لە درێژەی ڕۆژی یەکەمی کۆڕبەندەکە، چەند پارچە میوزیک و گۆرانی پێشکەشی ئامادەبووان کران.

پانێلەکانیش بریتی بوون لە:

پانێلی یەکەم: دیدو ئەرکی کۆمپانیا و رێکخراوەکان بۆ ئەقلیەتی کارسازی..

پانێلی دووەم: لە بیرۆکەکانەوە بۆ پێوانەکردنی کاریگەرییەکانی ئەقلیەتی کارسازی بۆ گەشەکردنی بەردەوام…

پانێلی سێیەم: سەنتەرەکانی پەرەپێدانی کار و پلانیان بۆ ئەقلیەتی کارسازی لە نێوان قوتابیان و کارسازییدا..

لە کۆتاییدا بە چەندین راسپاردە کۆتایی بە کۆربەندەکە هات.

 

شاندێک بە نوێنەرایەتی سەرۆکی زانکۆ بەشدارییان لە کۆنفرانسێکی زانستیدا کرد

پ.ی.د.مراد امیر احمد راگری کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر و پ.ی.د.تیران جمیل پیرۆ ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر بەنوێنەرایەتی  سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشدارییان لە کۆنفرانسی پزیشکی زانکۆی کوردستان کرد لە شاری هەولێر.

لە کۆنفرانسە چەندین توێژینەوە و سیمیناری زانستی پێشکەش کران.

 

شاندێکی زانکۆمان بەشداریی لە کۆبوونەوەی ساڵانەی یەکێتی زانکۆکانی دەریای ناوەڕاست دەکات

 

شاندێکی زانکۆمان بە سەرۆکایەتی پ.ی.د.بۆتان مجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و پ.ی.د.عەبدوڵڵا عومەر یاسین بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆمان بەشدارییان لە کۆبوونەوەی ساڵانەی یەکێتی زانکۆکانی دەریای ناوەڕاست UNIMED کرد کە لە رۆژانی ١٨-٢٠ی شوبات لە شاری بڕۆکسل لە وڵاتی بەلجیکا بەڕێوەچوو.

 لە میانی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەدا باس لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و بەرزکردنەوەی توانا زانستی و ئەکادیمییەکانی نێوان زانکۆکانی ئەندام لە یەکێتییەکە، پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان هەروەها دانان و داڕشتنی ستراتیژییەتی زانکۆ بەتایبەت لایەنی بەنێودەڵەتیکردنی زانکۆ، کرا.

هەر لە میانی کۆبوونەوەکاندا باس لە دانانی ستراتیژییەتی بەستنەوەی زانکۆکان و پڕۆگرامەکانی خوێندن بە بازاڕی کار و کۆمەڵگا کرا.

شاندەکە جگە لە بەشداریی چالاکانەیان لە بەرنامەی و چالاکییەکانی کۆبوونەوەکە کە بریتی بوو لە هەڵسەنگاندنی کارەکانی رابردوو هەروەها داڕشتنی بەرنامەی کاری داهاتووی یەکێتییەکە، هاوکات لە پەراوێزیدا ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ زانکۆکانی دەریای ناوەڕاست و باشووری ئەفریقا ئەنجامدا.

جێی ئاماژەیە، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئەندامێکی کاری یەکێتی زانکۆکانی دەریای ناوەڕاست UNIMED ــە و بەشداریی زۆربەی چالاکییەکانی ئەم رێکخراوە دەکات.