Blog

ئاهەنگی یەکترناسینی قوتابیانی هەردوو کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر و کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر بۆ قوتابییانی قۆناغی یەکەمی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٤-٢٠٢٥

ڕۆژی چوار شەممە رێکەوتی ١٢ی٢ی٢٠٢٥ ، بەسەرپەرشتی و ئامادەبوونی هەردوو بەڕێزان ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر بەڕێز پ.د. ئەیاد زەکی صابر ، ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر بەرێز پ.ی.د. موحسین شەریف شێروانی ، یاوەری هەریەک لە یاریدەدەرانی ڕاگر و ئامادەبوونی بەڕێزان لە سەرۆک بەشەکان و مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیانی هەردوو کۆلێژەکە و بەڕێوەبەری کەمپی دووی زانکۆ و میوانداری هەریەک لە بەرپرسی ڕێکخراوی مامۆستایانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەرێز د.کۆڤان عومەر حەسەن بارزانی و بەرپرسی نوسینگەی قوتابیانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەڕێز ئەندازیار حوسێن عوسمان حوسێن ، میوانانی تری حکومی و حزبی و کەس و کاری قوتابییان ، ئاهەنگی یەکترناسینی قوتابیانی هەردوو کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر و کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر بۆ قوتابییانی قۆناغی یەکەمی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٤-٢٠٢٥ بەرێوەچوو …

ئاهەنگەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان و سەروەرییان بارزانی نەمر دەستیپێکردوو ، دواتر وتەی بەخێرهاتن و زانستی بەڕێزان هەردوو ڕاگری کۆلێژەکە و وتەی نوێنەری قوتابیانی هەردوو کۆلێژەکە لەلایەن نوێنەری قوتابیان بەڕێز بەیار هێمن ڕەشید ، پێشکەشکرا و ئاهەنگەکە بە بەخشینی ڕێزلێنان بە قوتابییە یەکەمەکانی ساڵی ڕابردوو بۆ گشت بەشە زانستییەکانی هەردوو کۆلێژەکە گەشایەوە و بە دڵشادی و ئاسوودەیی قوتابیانی بەڕێزوداهاتووی نیشتیمان کۆتایی هات

کۆبوونەوەی ئاسایی

ڕۆژی دوو شەممە ڕێکەوتی ١٠ی ٢ى٢٠٢٥ بەسەرپەرشتی ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر بەڕێز پ.د. ئەیاد زەکی صابر ، بەئامادەبوونی ئەندامانی دوو لێژنەی زانستی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیان ئەنجامدا ، لەبارەی پێداچوونەوە و ئامادەکردنی پڕۆپۆزەڵی کردنەوەی بەشە تازەکانی کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر ، بەمەبەستی بەرەوپێشچوونی زیاتری کۆلێژەکە و بەرزکردنەوەی ڕانکینگی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر …
لە کۆبوونەکەدا چەند تەوەرەیەکی گرنگی زانستی سەبارەت بە پپێشنیازی بەشەزانستییەکان گفتوگۆیان لەسەرکرا و ڕاسپاردەی پێویستیان لەبارەوە دەرکرا.

سیمینارێک لەبارەی پلان و دیدگای سەنتەری پەرەپێدانی کار لە کۆلێژی تەکنیکی کارگێری ئەنجامدرا

بە سەرپەرشتی پ.ی.د. محسن شریف شێروانی ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی کارگێری، بە ئامادەبوونی پ.ی.د.هەتاو کەریم بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی کار و پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندن لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر؛ سەرۆک بەشەکان، نوێنەرانی CDC بەشەکان، مامۆستایان و قوتابییان. سیمینارێک لە لایەن پ.ی.د. هەتاو کەریم بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی کار (CDC) لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە هۆڵی کتێبخانەی کۆلێژی ئەندازیاری پێشکەشی کرا.  و تیایدا ناساندنی سەنتەر بە هاوبەشەکانی؛ ئامانجی کردنەوەی سەنتەرەکەی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو، دواتر تیشکی خستە سەر دیدگا، چالاکییەکانی سەنتەر لە داهاتوودا بۆ ئامادەکردنی قوتابییان بۆ بازاڕی کار خرایە ڕوو.

هەروەها بە مەبەستی پەرەپێدانی توانا و لێهاتوویی قوتابییان و کارمەندان دامەزراوە، ئەم سەنتەرە خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەکانی وەک ڕاهێنان، ڕاوێژکاری پیشەیی، و پەرەپێدانی پلانی کار دابین دەکات بۆ یارمەتیدانی قوتابییان لە گەشەکردنی پیشەیان و گەیشتن بە ئامانجەکانیان. هەروەها، CDC هەوڵ دەدات پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ بازاڕی کار دروست بکات و یارمەتی قوتابییان بدات بۆ دۆزینەوەی دەرفەتی کار.

 

یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی لوبنانی فەڕەنسی واژۆ کرا

شاندێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە سەرۆکایەتی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر سەرۆکی زانکۆ، سەردانی زانکۆی لوبنانی فەڕەنسی کرد و لە لایەن پ.د.عبدالقادر عەزیز نەقشبەندی سەرۆکی زانکۆکەوە پێشوازییان لێکرا.

لە سەرەتای دیدارەکەدا کە پ.ی.د.بۆتان مەجید ئەحمەد یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و پ.ی.د.یوسف مستەفا ڕەسول یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان و پ.ی.د.عەبوڵڵا عومەر یاسین بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و م.بهزاد حلمی حسین، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی زانکۆ و شاندی زانکۆی لوبنانی فەڕەنسی کە پێکهاتبوو لە پ.ی.د.عومەر نورەدینی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و قوتابیان و د.بنار فەرید ئیبراهیم یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و پ.د.رۆژان ئیبراهیم دزەیی راگری کۆلێژی یاسا و پەیوەندییە نێودوەڵەتییەکان و تەڵعەت یەحیا باجگر سەرۆکی دەستەی ئەمینداران و د.تاڤان تەڵعەت باجگر ئەندامی دەستەی ئەمینداران و بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئامادەی بوون، پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی بەناوی خۆی و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێرەوە پیرۆزبایی لە پ.د.عبدالقادر عەزیز نەقشبەندی کرد بەبۆنەی دەست بەکاربوونی وەک سەرۆکی زانکۆی لوبنانی فەڕەنسی و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.

هەر لە دیدارەکەدا باس لە گرنگی و پێویستی هەماهەنگی لەنێوان زانکۆ حکوومی و ناحکوومییەکان بەتایبەتی لەنێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی لوبنانی فەڕەنسی بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی ئاستی زانکۆکان، کرایەوە.

لەبارەی گرنگی کاری پێکەوەیی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر رایگەیاند کە پێویستە هەماهەنگی و لێکتێگەیشتن هەبێت لەنێوان سەرجەم زانکۆکان بەتایبەتیش لەنێوان زانکۆ حکوومی و ناحکوومییەکان و بۆ ئەم هەنگاوەش لەداهاتوودا کار لەسەر پرۆسەی خوێندنی باڵا بەهاوبەشی لەنێوان هەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی لوبنانی فەڕەنسی دەکرێت.

لە کۆتاییدا یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی لوبنانی فەڕەنسی لەلایەن پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر و پ.د.عبدالقادر عەزیز نەقشبەندی واژۆ کرا.