Blog

مامۆستایەکی زانکۆمان بە توێژینەوەیەک وەک قسەکەر بەشداری لە یەکەمین کۆنفرانسی ئافرەتانی کوردستان دەکات

پ.ی.د.هەتاو کریم خضر مامۆستا لە کۆلێژی تەکنیکی کارگێری و بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدان بۆ کار لە سەرۆکایەتی زانکۆمان بە توێژینەوەیەک بەشداری لە یەکەمین کۆنفرانستی ئافرەتانی کوردستان کرد کە لەژێر ناونیشانی (بەتواناکانمان داهاتوو بنیات دەنێین) بەڕێوەچوو. 

توێژینەوەکەی پ.ی.د.هەتاو کریم خضر لەژێر ناونیشانی (پێگەیاندنی ئافرەتی سەرکردە لەلایەن یەکێتی ئافرەتانی کوردستان؛ واقیع، ئاڵنگارییەکان، چارەسەر و میکانیزمی پێگەیاندنی پێشنیازکراو) کە تیایدا توێژەر باسی لە رۆڵی رێکخراوی یەکێتی ئافرەتانی کوردستانی لە پێگەیاندنی ئافرەت کرد.

لە دوای پێشکەشکردنی باسەکەی، لەلایەن سەرپەرشتیاری کۆنفرانسەکەوە سوپاسنامەی ئاراستەکرا لە بەرامبەر بەشداریرکنی کارای وەک ئەندامی گرووپی (رۆڵ و پێگەی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان).

جێی ئاماژەیە، لە ژێر درووشمی “بەتواناکانمان داهاتوو بنیات دەنێین” و بە چاودێریی سەرۆک مەسعود بارزانی یەکەمین کۆنفرانسی ئافرەتانی کوردستان لە رۆژانی 13 و 14 ی نیسانی 2025 لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.

کۆنفرانسەکە کە ماوەی دوو ڕۆژی خایاند، پێنج پانێڵی سەرەکی لەخۆگرتبوو لە چوارچێوەی 20 بابەتی جیاوازدا، کە تێیدا باس لە رۆڵ و پێگەی ئافرەتان لە ڕێکخستنەکانی پارتی و بەربەستەکان، دیدگای پارتی بۆ بەشداری ئافرەتان لە دامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستاندا، رۆڵی ئافرەتان لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان، پێگەی ئافرەت لە میدیا و سۆشیاڵ میدیا، و رۆڵی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان لە خزمەتکردنی دۆزی ئافرەت، کرا.

 

هەڵگرتنی کەپسوولی کات بۆ ساڵی ٢٠٥٠

دوا بە دوای ئەنجامدانی سیمپۆسيۆمیک لە لایەن (د.ئازاد ابراهیم نەجار) بەڕێوەبەری( KII) Kurdistan Innovation Institute و( د.طارق ويسی صادق) یاریدەدەری ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر و (د. سەردار قادر عمر) سەرۆکی بەشی دەرمانسازی بە ناونیشانی دیدگای دەرمانسازی و داهاتوو بۆ ساڵی ٢٠٥٠ ٫ ئامادەبوان بەشداربوون لە چالاکی هەلگرتنی کەپسوولی کات کە بریتی بوو لە نووسینی پێشبینیەکانیان .
ئەمڕۆ لە ڕێکەوتی (١٧ نیسانی٢٠٢٥) بە ئامادەبوونی بەڕێز (پ.ی . د.ادریس محمد طاهر هەرکی)سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و بەڕێز (پ.ی. د. تیران جمیل پیرۆ) ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی و بەڕێز (د. مراد امیر) ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی پزیشکی هەولێر و بەڕێز (د.سەرسام خلیل شوانی) ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر و بەڕێز (د.طارق ويسي صادق) و ماموستا و فەرمانبەران و بەشداربووانی چالاکیەکە هەستان بە هەڵگرتنی کەپسولی کات و ناشتنی لە پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی و لە ساڵی ٢٠٥٠ دەکرێتەوە 

لە کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی وۆركشۆپێک لەبارەی گونجاندنی پڕۆگرامەکانی خوێندن لەگەڵ بازاڕی کار ئەنجامدرا

ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی نیسانی ٢٠٢٥ لە هۆڵی کۆنفڕانسی کەمپی یەکی زانکۆ، بە ئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ و میوانانی حکوومی و حزبی، لە کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر وۆركشۆپێک بەناونیشانی‏(Program updates in MLT  dep, and job opportunities for graduates ) ئەنجامدرا.

لە سەرەتای وۆرکشۆپەکەدا پ.ی.د.موڕاد امیر احمد ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی وتەی کردنەوەی وۆرکشۆپ و بەخێرهاتنی پێشکەش کرد.

پ.ی.د.موڕاد امیر احمد ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم وۆركشۆپە ئەنجامی چەندین دانیشتن و کۆبوونەوەی یەک لە دوای یەك و وۆركشۆپی دیکە بووە.

راگری کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی ئاشکرای کرد کە سەرجەم چالاکییەکانیان لەژێر ڕێنمایی سەرۆکی زانکۆ ئەنجام دەدەن کە هەمیشە هانیان دەدات بۆ بەردەوامبوون لە چالاکی زانستی و فەرهەنگی و کولتووری.

پ.ی.د.موڕاد امیر احمد لەبارەی وۆرکشۆپەکەوە رایگەیاند کە ئەم وۆركشۆپە بۆ ئەوەیە ئێمە پڕۆگرامەکانمان نوێ بکەینەوە بەجۆرێک کە لەگەڵ بازاڕی کاردا بیگونجێنین، پێویستە سوپاسی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت بکەین بەتایبەت کەرتی تایبەت لەبەر ئەوەی پشتگیری تەواوی زانکۆکانیان کردووە بەتایبەت زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، لەبەر ئەوەی زانکۆکەمان توانیوییەتی پەیوەندیەکی زۆر باش لەگەڵ سەنتەر و نەخۆشخانەکان و تەنانەت تاقیگەکانیش دروست بکات.

راگری کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی ڕووی قسەکانی کردە قوتابیان کە زانکۆ سەرەتای فێربوونە، بۆ ئەوەی ببنە کادیرێکی باش لەناو کۆمەڵگا بەپێویستی دەزانم هەموومان بەیەکەوە لەگەڵ کەرتی گشتی و تایبەت و تەنانەت تاقیگەکانیش گرنگیەکی زۆر بە کوالێتی بدەین.

دواتر پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە وتەیەکدا وێڕای بەخێڕهاتنی میوانان و دەستخۆشی لە رێکخەرانی وۆرکشۆپەکە کرد و ئامادەیی و پاڵپشتی بۆ ئەنجامدانی هەر جۆرە چالاکییەک کە خزمەت بە بەرەوپێشبردنی زیاتری ئاستی زانستی و کواڵێتی خوێندن بدات، دووپات کردەوە.

سەرۆکی زانکۆ ئەم جۆرە وۆرکشۆپەی بە گرنگ زانی و رایگەیاند کە لە دوای دەست بەکاربوونیان لە رێگەی لیژنەی تایبەتەوە کاریان بۆ گۆڕینی پڕۆگرامی خوێندنی ژماریەک بەشی زانستی کردووە و ژمارەیەک بەشیان داخستووە و گۆڕانکاریان لە پڕۆگرامی خوێندنی چەند بەشێکی دیکە کردووە و بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ بەرەوپێشچوونەکان و رەخساندنی هەلی کار بۆ قوتابیان لەدوای دەرچوونیان ژمارەیەک بەشی زانستی نوێیان کردووەتەوە کە بەشێکیان لە هیچ زانکۆیەکی کوردستان و تەنانەت عێراقیش بوونیان نییە.

راشیگەیاند کە ئەرکی زانکۆ تەنها دەرچوون و پێگەیاندنی فەرمانبەر نییە بۆ کەرتی گشتی، بەڵکو لەگەڵ گۆڕانکاری و پێشکەوتنەکانی سەردەم ئەرکی زانکۆش گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و لە ئێستادا ئەرکی زانکۆ ئەوەیە کە پڕۆگرامەکانی لەگەڵ پێویستی بازاڕی کاردا بگونجێنێت تاوەکو دەرچووانی لە دوای تەواوکردنی خوێندن ببنە خاوەن کار و پیشەی خۆیان.

پاشان هەریەک لە پ.د.نجات جبار احمد و د فرهنگ علی عوڵا بەجیا باسیان لەگۆڕانکارییەکان لە پرۆگرامەکانی خوێندن وخۆ گونجاندن لەگەڵ بازاڕی کاردا  کرد بەتایبەتی بۆ قوتابیانی بەشی شیکاری نەخۆشیەکان.

لە کۆتاییدا بڕوانامەی بەشداربوون بەسەر ژمارەیەک  لە قوتابیان مامۆستایان دابەشکرا کە لە ماوەی ڕابردوودا خولێکی ئەکادیمیان لەسەر چەند ئامێرێکی تاقیگەیی پێشکەوتوو بۆ کرابووەوە.

 

 

 

 

خولێکی هۆشیاری ژینگەیی بۆ قوتابیانی زانکۆمان دەکرێتەوە

لە درێژەی کار و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی زانکۆمان، بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی ئاڤیاری هۆشیاری ژینگە خولێکی دوو رۆژەی بۆ قوتابیانی کۆلێژ و پەیمانگاکانی سەربە زانکۆمان کردەوە.

خولەکە لەژێر ناونیشانی (رۆڵی قوتابی لە گۆڕانکاری کەشوهەوا) ئەنجامدرا و ئامانج لە ئەنجامدانی هاندانی قوتابیان بوو بۆ چۆنیێەتی پاکڕاگرتنی ژینگە و بایەخدان بە پاراستنی ژینگەی زانکۆ و کوردستان.

لە دوای ئاشناکردنی قوتابیان بە وانەکانی خولەکە، بڕیارە لە ڕێوڕەسمێکدا بڕوانامەی ڕێزلێنان ببەخشرێت بە قوتابیانی بەشداربوو و مامۆستایانی خولەکە.

 

 

[