Category Archives: کۆلێژی تەکنیکی سۆران

وۆرکشۆپێک لەسەر سیستەمی ژمێریاری کریستاڵ لە کۆلێژی تەکنیکی سۆران بەڕێوەچوو

ڕۆژی شەممە 27ـی نیسانی 2024، لە کۆلێژی تەکنیکی سۆران / بەشی ژمێریاری بە هەماهەنگی لەگەڵ ( کۆمپانیای DWER) وۆرکشۆپێک لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی سیستەمی ژمێریاری تایبەت ( سیستەمی ژمێریاری کریستاڵ وەک نمونەیەکی پراکتیکی ) بۆ 41 قوتابی بەشی ژمێریاری کرایەوە.

وۆرکشۆپەکە لەلایەن ( رەوەز زوبێر ) پێشکەش کرا، ناوبراو تیشکی خستەسەر گرنگی زانینی بەرنامە ژمێریاریەکان بۆ قوتابییان لە ڕۆژگاری ئەمڕۆ دا، بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و کاری ژمێریاری، هەروەها دەرخستنی باری دارایی کۆمپانیاکان و کارکردن لەسەر بنەمای پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری و بەدەستهێنانی زۆرترین قازانج.

لە کۆتایی وۆرکشۆپەکەدا (پ.ی.د. سیروان لەتیف حاجی) ڕاگری کۆلێژەکەمان وتەیەکی پێشکەش بە قوتابییانی بەشداربوو کرد و پاڵپشتی خۆی لە ئەنجامدانی چالاکی لەم شێوەیە بۆ قوتابییان دووپاتکردەوە، دواتر بڕوانامەی بەشداربوونی بەقوتابییان بەخشی و سوپاس و پێزانینیشی ئاراستەی کۆمپانیای ناوبراو و سەرپەرشتانی وۆرکشۆپەکە کرد.

یادی 126 ساڵەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی لە کۆلێژی تەکنیکی سۆران بەرز ڕاگیرا

ڕۆژی دووشەممە 22ـی نیسانی 2024 ، بەبۆنەی 126 ساڵەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی، کۆلێژی تەکنیکی سۆران لە هۆڵی کۆنفرانسی کۆلێژ مەڕاسیمێکی تایبەتی بۆ بەرز ڕاگرتنی ئەم یادە سازکرد.

مەڕاسیمەکە، کە بەئامادەبوونی ( هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران )، ( پ.د شێروان شەریف قورتاس سەرۆکی زانکۆی سۆران ) و نوێنەری سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و بەرپرسانی حکومی و حزبی دەڤەری سۆران بەڕێوەچوو، هەریەک لە ( پ.ی.د سیروان لەتیف حاجی ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی سۆران )، ( هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ) و ( هەژار ئیبراهیم کارگێری نووسیگەی سۆرانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان) وتاریان پێشکەشکرد، کۆی وتارەکان لەبازنەی بەهای کاری ڕۆژنامەوانی دەخولانەوە.

لە چوارچێوەی ئەم مەڕاسیمە ڕێز لەو دەرچوانەی کۆلێژ نرا کە ئێستا لە دەزگا میدیایی و ڕۆژنامەوانییەکان کاردەکەن، لە هەمانکاتدا بڕوانامەی دەرچوون بەخشرایە ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی کۆلێژ کە لەو خولە ڕۆژنامەوانییە بەشداربوون، کە کۆلێژ بە هاوبەشی لەگەڵ نوسینگەی سۆرانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لە ڕۆژانی 16 و 20ی نیسان بۆماوەی 10 کاتژمێر بۆی کردبوونەوە.

لە درێژەی مەڕاسیمەکە پیشانگایەک بۆ گۆڤار و بڵاوکراوەکانی سۆران لە نێوان ساڵانی 1991-2003 و پۆستەری قوتابییانی بەشی شیکاری نەخۆشییەکان کە بە چاودێری (د. پشتیوان ئەسعەد) ئامادەکرابوون کرایەوە.

لە کۆلێژی تەکنیکی سۆران خولێکی ڕاگەیاندن بەڕێوەچوو

ڕۆژی سێ شەممە 16ی نیسانی 2024 کۆلێژی تەکنیکی سۆران بە چاودێری (پ.ی.د سیروان لەتیف حاجی ڕاگری کۆلێژ )، خولێکی ڕاگەیاندنی بۆ مامۆستا و فەرمانبەرانی کۆلێژەکەمان لە هۆڵی ( ECTS ) کردەوە.
خولەکە کە دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، لە ڕۆژی یەکەمیدا ( م. سیروان مەحمود ) بابەتێکی لەبارەی بنەماکانی نووسینی هەواڵ پێشکەش کرد و پاشان ( د. پشتیوان ئەسعەد ) سەبارەت بە هەڵە باوەکانی ڕێنووسی زمانی کوردی لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بابەتێکی تایبەتی پێشکەش بە بەشداربووانی خولەکە کرد.

به‌ یادی جینۆساید سیمینارێك له‌ كۆلێژی ته‌كنیكی سۆران سازكرا

ڕۆژی یه‌ك شه‌ممه‌ 14ی نیسانی 2024 به‌ یادی 14ی نیسان، ساڵڕۆژی جینۆسایدی كورد، ڕاگرایه‌تی كۆلێژی ته‌كنیكی سۆران سیمینارێكی بۆ مامۆستا ئارام ستار سازكرد.

به‌ر له‌ ده‌ستپێكی سیمیناره‌كه‌، بۆ ڕێزگرتن له‌ قوربانیانی ئه‌نفال و شه‌هیدانی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاری خوازی كوردستان، به‌شداربووان ده‌قیقه‌یه‌ك به‌ بێده‌نگی وه‌ستان، دواتر خوێندنه‌وه‌یه‌كی مێژوویی له‌لایه‌ن مامۆستا سیروان مه‌حموود له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی جینۆساید پێشكه‌شكرا.

پاشان مامۆستا ئارام ستار له‌باره‌ی كاریگه‌رییه‌كانی جینۆساید و چۆنیه‌تی پاراستنی قوربانییانی و دووباره‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌یان بۆ نێو كۆمه‌ڵگا خرایه‌ ڕوو