Category Archives: سەرۆکایەتی زانکۆ

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وۆرکشۆپێکی نێودەوڵەتی تایبەت بە ئاسایشی ئەلیکترۆنی رێکخست

ڕۆژی سێ شەممە 20ی شوباتی 2024، لەژێر چاودێری و ئامادەبوونی پ. د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ، ڕاگری کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر پ.د. کەیهان زرار غەفوور وۆرکشۆپێکی نێودەوڵەتی بە بەشداری کۆمەڵێک کەسی پسپۆڕ و ئەکادیمی لە وڵاتانی جیهان سازکرد کە تایبەت بوو بە ئاسایشی ئەلیکترۆنی.

وۆرکشۆپەکە بە سەرپەرشتی د. کەیهان و بە بەشداری ژمارەیەک پسپۆڕی نێوخۆیی و نێودەڵەتی بەڕێوەچوو کە پێکهاتبوون لە بەرێزان د. کاشیف ناسر قوڕەیشی لە زانکۆی لیمرێک ئێرلەند، د. سەلیم ئیقبال لە زانکۆی ئەلامە ئیقبال ئیسلام ئاباد، د. عوسمان ئەحمەد لە زانکۆی دوبەی و د. ڕاجا وەسیم ئەنوەر لە زانکۆی تەکنەلۆژی جێرمان_مەسقەت.

لە سەرەتادا د. کەیهان بە ناوی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێرەوە بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و کورتە باسێکی دەربارەی وۆرکشۆپەکە بۆ ئامادەبووان باسکرد و گوتی، ” ‎ئەم وۆرکشۆپە بۆ کۆکردنەوەی زانایان و توێژەران و قوتابیان لە سەرانسەری جیهاندا بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری و ئەزموون و تێگەیشتنیان لەسەر دوایین پێشکەوتنەکان له بواری لێکۆڵینه وه ی ئاسایشی سایبەردا، ئامانجی ئێمەش ئەوەیە پلاتفۆرمێک دروست بکەین بۆ بەرهەمهێنان و گفتوگۆی گرنگ لەسەر بابەتە پەیوەندیدارەکان. کە ئامادەبووان لەم وۆرکشۆپەدا لێی دەکۆڵنەوە و چەندین لایەنی ئاسایشی ئەلیکترۆنی، لەوانە دۆزینەوەی هەڕەشەی ڕێکخستنی داتا، بەڕێوەبردنی مەترسی و وەڵامدانەوەی هێرشی ئەلیکترۆنی لەخۆ دەگرێت.

دواتر دەستکرابە پێشەکەشکردنی بەرنامەی وۆرکشۆپێکە کە تیایدا بەشدابووان چەند تەوەرێکی گرنگیان لە بارەی ئاسایشی ئەلیکترۆنی باس کرد کە ئامانج لێی هۆشیارکردنەوەی خەڵک و کەمکردنەوەی مەترسییە ئەلیکترۆنیەکان هەروەها تێگەیشتنی گشتگیر لە بنەماکانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی بوو.

قوتابییانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سیمپۆزیۆمێک لە یادی 18ی شوباتدا رێکدەخەن

ڕۆژی دووشەممە 19ی شوباتی 2024، بە ئامادەبوونی پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و مامۆستایان و ژمارەیەکی بەرچاو لە قوتابییان، سیمپۆزیۆمێک لەژێر ناونیشانی (ئەکادیمیست و سەرکردە کارگێڕییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر باس لە ڕۆڵی یەکێتی قوتابییانی کوردستان لە مێژووی خەباتی نەتەوە نەتەوایەتیدا دەکەن) بەڕێوەچوو.

 سیمپۆزیۆمەکە بە دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان و گوێگرتن لە مارشی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب دەستیپێکرد دواتر سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەش  کرد کە تیایدا بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و گوتی:

“ئەمڕۆ زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە شێوەیەکی تر یادی ئەو ڕۆژە مەزنە دەکاتەوە ڕۆژی 18ی شوبات یادی دامەزراندنی یەکێتی قوتابییانی کوردستان، ئەمڕۆ مامۆستایان و سەرکردە کارگێڕییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لەم یادەدا باس لە ڕووڵی خۆیان دەکەن کە لەنێو ئەو ڕێخکراوە مەزنەدا کاریان کردووە ، ڕێکخراوی یەکێتی قوتابیانی کوردستان کە لە 18ی شوبات پێش 71 ساڵ بە دەست پێشخەری سەرکردەی ڕۆحی نەتەوەی کورد بارزانی نەمر دامەزراوە، و 71 ساڵە ئەم ڕێکخراوە تێدەکۆشێ و خەبات دەکات جگە لە خەباتکردن بۆ دەستکەوتەکان و پێداویستی پەروەردە و خوێندن  بۆ قوتابییان ، ڕێکخراوی یەکێتی قوتابیانی کوردستان ڕێکخراوێک بووە لەگەڵ شۆڕش خەباتی کردووە لە پێناو پاراستنی نەتەوە و زمانی کوردیدا.

بەڕێزان ڕێکخراوی یەکێتی قوتابییانی کوردستان لە درێژەی خەباتیدا چەندەها شەهیدی داوە و نموونەی هەرە گەورەشمان لەیلا قاسمی تێکۆشەر بووە کە قوتابی بوو لەبەشی زمانی کوردی لە زانکۆی بەغدا ئەم ئافرەتە تێکۆشەرە یەکێک بووە لەوانەی کە بە دەستی ڕژێمی بعثي لە ناوچوو لە سێدارە درا ، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە یەکێتی قوتابییانی کوردستان چ کاریگەرییەکیان هەبووە لهسهر دوژمنانی نەتەوەییمان ، و خەباتێکی مێژووییان هەیە لە بابەتی نەتەوە سازیدا. جگە لە بابەتی نەتەوەسازیدا ئەمڕۆ ئێوە چەند مامۆستایەکی زانکۆ دەبینن کە سەرکردایەتی زانکۆیەکی وەکوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەکەن کە سەرکەوتوو بوونە لە بواری زانستەکەی خۆیاندا هەم لە بوارە کارگێڕییەکانی زانکۆدا ئەوەتا یاریدەری سەرۆکی زانکۆ و ڕاگری کۆلێژەکان مامۆستایان پڕۆفیسۆرەکان کە ئەندامی ئەم ڕێکخراوە بوونە ئەمڕۆ ئەم زانکۆیە بەڕێوەدەبەن ئەوەتا ڕۆڵی یەکێتی قوتابیانی کوردستان هەم ڕۆلی لە بابەتی نیشتمان پەروەری و هەم ڕۆڵی لە پێگەیاندنی مامۆستا و پرۆفیسۆر و ئەکادیمست و سەرکردەی کارگێڕی.

لە کۆتاییدا دووبارە پیرۆزبایی لە قوتابییان و لە ئەندامانی یەکێتی قوتابییانی کوردستان و لە سکرتێر و ئەندامانی سکرتاریەتی یەکێتی قوتابییانی کوردستان دەکەین ئومێد دەکەین ئەو ڕێکخراوە بە گیانی نەتەوایەتی و نیشتمانپەروەری بەردەوام بێت لە کارە ڕێکخراویەکە و ئاوا ئەندام و سەرکردەی کارگێڕی و مامۆستای بە توانا لە ناو زانکۆکاندا پێ بگەیەنێت”.

دواتر دەست کرابە پێشکەشکردنی بەرنامەی سیمپیۆزیۆمەکە بەبەشداری هەر یەکە لە بەڕێزان  ئەندازیار حوسێن تۆڤی مۆدەرەیتەر، پ.ی.د. بۆتان مەجید ئەحمەد یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، پ.ی.د موراد شێروانی ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر، د. شێرزاد مەهدی سەرۆکی بەشی بازاڕگەری نێودەوڵەتی و زمان و د. نزار نزاری مامۆستا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێشکەش کرا کە تیایدا بە ڕوونی باسیان لە ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی ڕێکخراوەکە کرد لە پێگەیاندنی کادیر و سەرکردە کارگێڕیەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە لایەن ڕێکخراوی یەکێتی قوتابییانی کوردستان و مێژووی خەباتی نەتەوایەتی و ڕۆڵی ڕێکخراوەکە لە پێگەیاندنی کەسانی شارەزا و ئەکادیمیست و مامۆستای زانکۆ بۆ خزمەتکردنی زیاتری کوردستان.

 

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کۆتایی بە خولێکی تۆپی سەرمێز بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران دەهێنێت

رۆژی یەکشەممە 18ی شوباتی 2024، بە ئامادەبوونی پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ، بەڕێوبەرایەتی چالاکییە وەرزشییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ کۆتایی هێنا بە پاڵەوانێتی تۆپی سەرمێز کە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران کرابوویەوە.

لە یاری كۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا کە هەریەکە لە راگرانی کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر، کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر و پەیمانگەی تەکنیکی کارگێری هەولێر و ژمارەیەک مامۆستا و فەرمانبەر ئامادەیبوون، هەردوو یاریزانی کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر بڵند محەمەد و جەمال جەلال یارییان کرد و لە کۆتاییدا بلند محەمەد بووە پاڵەوانی خولەکە.

دواتر لە لایەن سەرۆکی زانکۆ و ئامادەبووانەوە خەڵات بەخشرایە پاڵەوان و سەرپەرشتیارانی خول.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کۆتایی بە خولێکی تۆپی پێی بچووککراوە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران دەهێنێت

رۆژی یەکشەممە 18ی شوباتی 2024، بە ئامادەبوونی پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ، بەڕێوبەرایەتی چالاکییە وەرزشییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ کۆتایی هێنا بە پاڵەوانێتی تۆپی پێی بچووکراوە کە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران کرابوویەوە.

لە یاری كۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا کە هەریەکە لە راگرانی کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر، کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر و پەیمانگەی تەکنیکی کارگێری هەولێر و ژمارەیەک مامۆستا و فەرمانبەر ئامادەیبوون، هەردوو تیمی کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر و سەرۆکایەتی زانکۆ یاریایان کرد و لە ئەنجامدا تیمی سەرۆکایەتی زانکۆ یارییەکەی بە ئەنجامی 4 گۆڵ بەرامبەر 2 گۆل بردەوە و بووە پاڵەوانی خولەکە.

دواتر لە لایەن سەرۆکی زانکۆ و ئامادەبووانەوە خەڵات بەخشرایە باشترینەکانی پاڵەوانێتییەکە و سەرپەرشتیاران و هەردوو تیم.