Category Archives: سەرۆکایەتی زانکۆ

فێستیڤاڵی ساڵانەی زانستی خۆراک لە پەیمانگای تەکنیکی پزیشکی هەولێر بەڕێوەچوو

بە ئامادەبوونی پ.د.ئازاد حسن قادر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی، پ.ی.د.مراد امیر احمد راگری کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر، پ.ی.د.تیران جمیل پیرۆ راگری پەیمانگای تەکنیکی پزیشکی هەولێر، م.ئامانج برادۆستی بەرپرسی لێژنەی ناوچەی زانکۆ، م.بهزاد حلمی حسێن بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی زانکۆ، سەرمەند حەمید بەڕێوەبەری کارگێری و خۆیەتی و یاریدەدەری راگر و ژمارەیەک لە سەرۆک بەش و مامۆستایان و فەرمانبەران، فێستیڤاڵی ساڵانەی زانستی خۆراک لە پەیمانگای تەکنیکی پزیشکی هەولێر بەڕێوەچوو.

لە فێستیڤاڵەکەدا وێڕای نمایشکردنی شانۆگەرییەک لەلایەن قوتابیانی بەشی ئافرەتان و لەدایکبوون، هاوکات کتێبێک لە نووسینی م.پشتیوان محمد ناسێندرا و دواتر فێستیڤاڵی خۆراک کە تیایدا ژمارەیەک خۆراک و شیرینی نمایشکران و باس لە سوودە تەندروستییەکانی کرا.

یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی و بەشداربووانی دیکە دەستخۆشیان لە راگری پەیمانگای تەکنیکی پزیشکی هەولێر و رێکخەرانی ڤێستیڤاڵەکە کرد و هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواستن.

 

شاندێکی زانکۆمان بەشداریی لە سیمپۆزیۆمێک کرد کە بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان ڕێکخرابوو

بەنوێنەرایەتی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر شاندێکی کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر بەشدارییان لە سیمپۆزیۆمێک کرد کەلەلایەن زانکۆی (کوردستان – هەولێر) بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان رێکخرابوو.

شاندەکە پێکهاتبوو لە پ.ی.د. مراد امیر احمد، ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر و د.ذکری علی عزیز سەرۆکی بەشی پەلی دەستکرد و پاڵپشتەکان و م. ریبین ستار عثمان بڕیاردەری بەش و م. سەوزە سعدی سعید و م. مسعود عبدالله حسین.

شایەنی باسە چەند چالاکی و سیمینارێک بەم بۆنەیەوە ئەنجام درا و گفتوگۆ کرا لەسەر چۆنییەتی شیاندنەوەی ژیانی خاوەن پێداویستی تایبەتەکان، بەم بۆنەیەوە خەڵاتی پێشکەشکردنی سیمینار بەخشرایە بەڕێز سەرۆکی بەشی پەلی دەستکرد و پاڵپشتەکان.

 

بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ کۆتایی بە وۆرکشۆپێکی تایبەت بە دڵنیایی جۆری هات

بە ئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پ.د.ئازاد حسن قادر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی و پ.ی.د.بۆتان مەجید ئەحمەد یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا وۆرکشۆپێکی تایبەت بە دڵنیایی جۆری لە خوێندنی باڵا هات کە بۆ بەرپرسی دڵنیایی جۆری گشت کۆلێژ و پەیمانگا تەکنیکییەکانی سەربە زانکۆمان و ستافی بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆری و ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆمان کرابوویەوە.

وۆرکشۆپەکە کە ماوەی دوو رۆژی بەردەوام بوو، بە هەماهەنگی زانکۆمان لەگەڵ رێکخراوی Cowaterی کەنەدی کە لە چوارچێوەی پڕۆژەی ازدهارات لە عێراق کە لەلایەن یەکێتیی ئەورووپا پشتیوانی دارایی دەکرێت و لەلایەن هەردوو رێکخراوی Cowaterی کەنەدی و GIZی ئەڵمانییەوە جێبەجێ دەکرێت.

لە وتەکەیدا کە لە رێوڕەسمی کۆتایی وۆرکشۆپەکەدا پێشکەشی کرد، پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەناوی سەرۆکایەتی زانکۆوە دەستخۆشی لە رێکخەرانی وۆکشۆپەکە و پیرۆزبایی لە بەشداربوونیشی کرد و هیوای خواست کە ورۆکشۆپەکە رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر بەشداربووان هەبێت و سوودی بە پڕۆسەی دڵنیایی جۆری و بۆڵۆنا پرۆسێس لە زانکۆ بگەیەنێت.

 پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی بە ئاماژەدان بە گرنگی پرۆسەی دڵنیایی جۆری بۆ زانکۆکان، رایگەیاند، لەم روانگەیەوە وەک زانکۆ بیرمان لەوە کردەوە کە وۆرکشۆپێکی تایبەت ئەنجام بدەین، بە هەوڵی بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری زانکۆمان، رێکخراوی Cowater ئامادەیی خۆی نیشاندا و ئەم وۆرکشۆپە ئەنجامدرا.


سەرۆکی زانکۆ هیوای خواست پەیوەندی و هەماهەنگییەکانی نێوان زانکۆمان و هەردوو رێکخراوی Cowater و GIZ بەردەوام بێت لەپێناو خزمەتکردنی زیاتر بە زانکۆ و بواری خوێندنی باڵا بە گشتی.

جێی ئاماژەیە، لە ماوەی دوو رۆژی وۆرکشۆپەکەدا باس لە گرنگی پرۆسەی دڵنیایی جۆری لە زانکۆکان، کواڵێتی پڕۆگرامەکانی خوێندن و بەستنەوە و گونجاندنیان لەگەڵ پێویستیی بازاڕی کار هەروەها وەرگرتنی متمانە بۆ دەزگاکانی زانکۆ و پڕۆگرامەکانی خوێندن، هەروەها میکانیزمەکانی وەرگرتنی ئەم متمانەیە کرا کە پێویستە زانکۆ کاری لەسەر بکات لە چوارچێوەی پڕۆسەی بۆڵۆنا و گونجاندنی پڕۆسەکە لەگەڵ رێبەری ستاندارەکان ئەورووپی بۆ دڵنیایی جۆری و متمانەبەخشین.

ئەم وۆرکشۆپە لەلایەن دوو شارەزای ئەورووپی لە بواری پڕۆسەی بۆڵۆنا و خوێندنی باڵا بەڕێوەبرا کە بریتی بوون لە هەریەک لە شارەزای سکۆتلەندی، جیرارد ماوێل و شارەزای بەلجیکی مارک ڤانسنین کاستێ دڵنیایی جۆری.

لە کۆتاییدا بڕوانامە بەخشرایە بەشداربووانی وۆرکشۆپەکە.

 

دوو قوتابی زانکۆمان نوێنەرایەتیی عێراق و کوردستان دەکەن لە پێشبڕکێیەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

بەچاودێری پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و پ.د.کیهان زرار غفور ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری بۆ زانستەکانی کۆمپیوتەر، تیمێک لە سەنتەری ئەکادیمیای هواویی کۆلێژی ناوبراو بانگێشتکرابوون بۆ ئۆفیسی کۆمپانیای هواویی لە سلێمانی بۆ بەشداریکردن لە پێشبڕکێی ساڵانەی ئەکادیمیای هواوی.

تیمەکە پێکهاتبوون لە م. شیرین عبدلله انور بەڕێوەبەری ئەکادیمیای هواوی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و هەر یەک لە قوتابیانی قۆناغی چوارەمی بەشی (ICTE) بە ناوی رەسەن هێرش ئەحمەد و ئەیوب فاخیر نامیق، کە سەرکەوتن بۆ قۆناغی داهاتووی پێشبڕکێی ئەکادیمای هواوی.

شایەنی باسە ئاکادیمیای هواوی ساڵانە هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی پێشبڕکێ بۆ قوتابیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە كۆی زیاتر لە (3000) قوتابی لەسەر ئاستی زانكۆیەكانی عێراق و كوردستان، (8) قوتابی لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر دەرچوون، كە لە رێزبەندی دە یەكەمەكان بوون، لە ئاستی یەكەمی تاقیكرنەوەكە (Preliminary Exam for Iraq 2024-2025) كە لە ڕێكەوتی 30/10/2024 ئەنجامدرا، (2) قوتابی زانکۆمان سەرکەوتن بۆ تاقیکردنەوەی قۆنا‌غی دووەم لە پێشبڕکێکە بۆ (National Exam), كە نوێنەرایەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەكەن لە بواری (Network Track).