Category Archives: سەرۆکایەتی زانکۆ

سەرۆکی زانکۆ پێشوازی لە دوو قوتابی زانکۆمان کرد کە بۆ یەک وەرز لە زانکۆیەکی پۆڵەندا دەخوێنن

رۆژی پێنج شەممە 15ی شوباتی 2024، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێشوازی کرد لە دوو قوتابی کۆلێژەکانی تەکنیکی کارگێری و ئەندازیاری هەولێر کە بۆ وەرزێک لە زانکۆی وارشۆ University of life scinces warsaw لە وڵاتی پۆڵەندا درێژە بە خوێندن دەدەن.

ناردنی ئەو قوتابییانە و خوێندنیان لەو زانکۆیە لە چوارچێوەی ستراتیژییەتی زانکۆمانە لەگەڵ زانکۆ نێودەوڵەتی و جیهانییەکانە.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە پ.ی.د. ڕەنج سیروان عەبدوڵا بەڕێوبەری گشتی شەنتەری توێژینەوەی زانستی ئامادەیبوو، سەرۆکی زانکۆ بەخێرهاتنی گەرمی قوتابیان و کەسوکاریانی کرد و هیوای گەشتێکی زانستی سەرکەوتوی بۆ خواستن، بەهیوای‌ ئەوەی بەدەستکەوتی باشەوە بگەڕێنەوە، گوتی، ” ئامانجی سەرەکی ئێمە بەنێودەوڵەتی کردنی زانکۆمانە کە سەرەنجام لە بەرژەوەندی قوتابیان و مامۆستایان و سەرجەم ستافی زانکۆیە بەگشتی، لەئێستادا هەماهەنگی هەیە لەگەڵ 70 زانکۆی جیهانی کەچۆن ئاڵوگۆری قوتابیان بکەین.

پێمان خۆشە قوتابیانمان لە دەرەوە کولتور و سیمای جوان زانست و زانیاری بەسوود بهێننەوە بۆ وڵاتەکەمان، و زۆر گرنگی بەو بابەتانە دەدەین کە گەشتەکەتان زانستی و پەروەردەییە، بۆمان گرنگە تاچەند دەتوانن سوود لەو کۆرسانە وەربگرن و نمونەیی بن لەرووی دەوام و هەڵسوکەوت پشتیوان بەخوا بە زانستی باشترو زانیاری زیاتر دەگەڕێنەوە”.

پاشان بەرێوبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان گوتی، “ئێمە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دوای هەوڵ و ماندووبوون و کێبرکێیەکی زۆر لەگەڵ بەشێکی زۆری زانکۆکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست توانیمان ئەو ئۆفەرە بەدەست بهێنین لەسەر ئاستی هەموو زانکۆکانی عێراق ئەو پاڵپشتییە داراییەما بۆ قوتابیان وەرگرت تاکو لەسەر خەرجی زانکۆی ناوبراو ئەو کۆرسە بخوێنن.

دواتر قوتابییەکان سوپاسی سەرۆکایەتی زانکۆ و کۆلێژەکانیان کرد و خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بەپشتگیری و هاندانی قوتابیان بۆ گەشتی هاوشێوە بۆ وڵاتانی جیاواز، و رایانگەیاند لە ئاستی چاوەڕوانی مامۆستایان و زانکۆدا دەبن.

شیاوی باسە ئەو دوو قوتابییە لە بەشی بازاڕگەری نێودەوڵەتی لە کۆلێژی تەکنیکی کارگێری هەولێر و بەشی ئەندازیاری شارستانی لە کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر، دوای پرۆسەیەکی وردی هەڵسەنگاندن لە لایەن بەڕێوبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەڵبژێردراون بۆ ئەوەی لەو ئۆفەرە بەشدار بن، و بڕیارە لەم نزیکانە لە وڵاتی پۆڵەندا دەست بەخوێندن بکەن.

 

کۆمپانیای تۆیۆتا عێراق ژمارەیەک پێداویستی تاقیگە بۆ زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دابین دەکات

رۆژی دووشەممە 12ی شوباتی 2024، بە ئامادەبوونی پ.ی.د. بۆتان مەجید ئەحمەد یاریدەدەری  سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ کاروباری زانستی، پ. د.کیهان زرار غفور ڕاگری کۆلیژی تەکنەلۆجی هەولێر و شاندی کۆمپانیای تۆیۆتا عێراق رێوڕەسمی رادەستکردنی ژمارەیەک پێداویستی تاقیگە بۆ بەشی ئەندازیاری تەکنیکی ئۆتۆمبێل(A.T.E) لە کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر بەڕێوەچوو.

لە مەراسیمەکەدا کە یاریدەدەری ڕاگری کۆلێژی ناوبراو و سەرۆکی بەشی ئەندازیاری تەکنیکی ئۆتۆمبێل و ژمارەیەک مامۆستا ئامادەیبوون شاندی کۆمپانیای تۆیۆتا ژمارەیەک کەل و پەلی وەک (گێڕ و بزوێنەری ئۆتۆمبێل، جەگی بەرزکردنەوەی ئۆتۆمبێل) رادەستی بەشەکە کرا.

شیاوی باسە دابینکردنی ئەو پێداویاستییانە یەکێکە لە خاڵەکانی رێککەوتننامەی لێکتێگەیشتنی نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و کۆمپانیای تۆیۆتا عێراقە کە لە ماوەی رابردوودا واژوو کرا.

سەرۆکی زانکۆ پێشوازی لە شاندێکی دامەزراوەی (University Institute) دەکات

رۆژی یەکشەممە 11ی شوباتی 2024، پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێشوازی لە دکتۆر سالی برایاند یاریدەدەری سەرۆکی دامەزراوەی ئەکادیمی (University Institute) و شاندی یاوەری کرد.

لەدیدارێکدا هەریەکە لە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، بەڕێوبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی و بەڕێوبەری سەنتەری زمانی زانکۆمان ئامادەیبوون گفتوگۆ کرا دەربارەی دروست کردنی پەیوەندی لە نێوان هەردوولا وەک دەستپێکیش کردنەوەی خولێکی راهێنانی تایبەت بە مامۆستایان و ستافی زانکۆمان لە لایەن دامەزراوەی ناوبراوەوە بەڕێوەدەبرێت.

ئەم خولە تایبەتە بەهێزکردنی زمانی ئینگلیزی بە تایبەتی لە بواری گفتوگۆکردن و هەندێک بابەتی پێداگۆجی کە بۆ مامۆستاکانی زانکۆمان بەڕێوەدەچێت، کە لە داهاتوودا دەچێتە چوارچێوەی رێکەوتننامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان زانکۆمان دامەزراوەی (University Institute).

بڕیارە خولەکە شەش بۆ هەشت گرووپ پێکبێت کە بۆ ماوەی چوار هەفتە بەردەوام دەبێت و لە کۆتایی مانگی چوار دەست پێدەکات کە تیایدا مامۆستایانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر تێیدا بەشدار دەبن.

ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سەردانی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان دەکات

ڕۆژی چوار شەممە 7ی شوباتی 2024، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە سەرۆکایەتی شاندێک و بەمەبەستی پیرۆزبایی و هاوئاهەنگی سەردانی سکرتاریەتی یەکێتی ‌ئافرەتانی کوردستانی کرد.

شاندەکەی زانکۆ پێکهاتبوون لە هەریەک پ.د.ئازاد حەسەن قادر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی، پ.ی.د.بۆتان مەجید یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، پ.ی.د.یوسف مستەفا ڕەسوڵ یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان، پ.ی.د.ڕەنج سیروان بەرێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ.

سەرۆکی زانکۆ و یاوەرانی لەلایەن بەڕێز زیبا تەها شاهین سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، ئەندامانی سکرتاریەت لیا سەیفەدین، ڕێژین سیامەند، خاتوو دڵڤین پێشوازییان لێکرا.

سەرۆکی زانکۆ بە ناوی ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێرەوە پیرۆزبایی دەست بەکاربوونی ستافی نوێی سکرتاریەتی یەکێتی ئافرەتانی کوردستانی کرد و ستایشی ڕۆڵی خانمانی کرد و رۆڵی ئافرەتانی بەگرنگ زانی کە شان بەشانی پیاوان خزمەت دەکەن، و گوتی “خەباتی شار و شاخی خانمان لەبەرچاوە و لەبیر ناکرێت”.

هەروەها گوتی : زۆر خۆشحاڵین ڕۆژانە دەبینین خانمان و ئافرەتانی وەک بەڕێزتان و ئەندامانتان جیا لەکاری ماڵ و پەروەردەکردنی منداڵ و سەرپەرشتی کردنی کاری خێران لەفەرمانگە و زانکۆ و پەیمانگاکان بەرپرسیاریەتیان هەیە و سەرکەوتووانە کارەکانیان ڕادەپەرێنن، ئێمە هاوکارین و هاوکارتان دەبین.

لای خۆیەوە سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان خۆشحاڵی خۆی بەو سەردانەی شاندەکەی زانکۆ دەربڕی و گوتی: ئێمە شانازی دەکەین پەروەردەی دەستی ئێوەی مامۆستایانین، ئێمەش وەک یەکێتی ئافرەتانی کوردستان ئامادەی هەموو هاوکاریەکین هەرکات پێویستیتان پێمان هەبێت.