Category Archives: سەرۆکایەتی زانکۆ

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی نۆلیج یاداشتێکی لێکتێگەیشتن واژۆ دەکەن

رۆژی یەکشەممە 12ی ئایاری 2024، پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێشوازی کرد لە پ.د. ئەحمەد دزەیی سەرۆکی زانکۆی نۆلیج و شاندی یاوەری.

لە دیدارێکدا کە هەریەکە لە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و بەڕێوبەری نووسینگەی سەرۆکی زانکۆ ئامادەیبوون، گفتوگۆ کرا لەبارەی زیاتر بەرەو پێشبردن و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو زانکۆ لە بواری زانستی و قوتابییان.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوولا کە چەند لایەنێکی ئاکادیمی و زانستی لەخۆی گرتبوو کە گرنگترینیان بریتیبوو لە وەرگرتنی دەرچووانی پەیمانگە تەکنیکییەکانی سەربەزانکۆمان لە زانکۆی نۆلیج بەمەبەستی بەردەوامیدان بەخوێندن لە کۆلێژەکانی زانکۆی ناوبراو.

بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر مەراسیمێکی بە بۆنەی رۆژی جیهانی پەرستاران رێکخست

رۆژی یەکشەممە 12ی ئایاری 2024، بە ئامادەبوونی پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر مەراسیمێکی شایستەی بە بۆنەی ڕۆژی (جیهانی پەرستاران) لە سەرۆکایەتی زانکۆ ڕێکخست.

لە وتەیەکدا سەرۆکی زانکۆ بە بۆنەی ئەم رۆژە جیهانییەوە پیرۆزبایی لە تەواوی پەرستارانی جیهان و کوردستان کرد. بۆ ئەو خزمەتە زۆرەی کە پێشکەشی نەخۆشی دەکەن لە ناوەندە تەندروستییەکان و بە چینێکی گرنگ و کاریگەری کۆمەڵگەی لە قەڵەمدا.

پاشان پ.ی.د. تیران جمیل پیرۆ ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر، پیرۆزباییەکی گەرمی لە گشت پەرستارانی جیهان و کوردستان کرد. لە پای ئەو ڕۆڵە گرنگەی، کە لە نەخۆشخانەکان دەیگێڕن لە خزمەت کردنی نەخۆش.

هەر لەو مەراسیمەدا کە یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و شاخەوان سلیم سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای کارمەندانی تەندروستی و مامۆستایان و پەرستاران و قوتابیانی بەشی پەرستاری ئامادەیبوون، سیمنارێکی تایبەت بە کارەکانی پەرستاران و فریاگوزاری سەرەتایی لە لایەن مامۆستایەکی پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێرەوە پێشکەشکرا.

لە کۆتایی رێوڕەسمەکەدا خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە ژمارەیەک پەرستار کە لە نەخۆشخانەکاندا ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە خزمەتکردنی پەرستاری و نەخۆش لە نەخۆشخانەکان.

لە هەفتەی رۆشنبیری قوتابییان، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر میوانداری پێشمەرگەیەک دەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی ئایاری 2024، لە درێژەی چالاکییەکانی هەفتەی رۆشنبیری قوتابیان، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لەژێر چاودێری پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆ، سیمنارێکی بۆ مامۆستا جەمال مورتکە سازکرد لەژێر ناونیشانی (بۆچی کوردستانیان خاوەن کیانێکی سەربەخۆ نین؟ بۆ هەبوونی کیانێک دەبێت پلانمان بۆ داهاتوو چی بێت، ئاڵنگاری و بەربەستەکانی بەردەم هەبوونی کیانێکی سەربەخۆ چین؟)

لەسەرەتای سیمنارەکەدا کە سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و یاریدەدەرانی و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ، سەرۆک بەش و مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان ئامادەیبوون، لە لایەن پێشکەشکاری چالاکییەکەوە کورتەیەک لە ژیان و خەباتی مامۆستا جەمال بۆ ئامادەبووان خوێندرایەوە.

پاشان مامۆستا جەمال دەستیکرد بە پێشکەش کردنی سیمنارەکە و تیایدا وێرای سوپاس و دەستخۆشی لە سەرۆکی زانکۆ و ئەندامانی ئەنجومەن بۆ سازکردنی ئەو سیمینارەو بەشداری کردنی مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان گوتی: “خۆم بەخۆشحاڵ ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەی ئازیزو مامۆستایان و قوتابیانی زانکۆ کۆبوومەتەوە لەسیمینارێکدا کەڕێکخراوە لەلایەن مامۆستایانی زانکۆ و هەڤاڵانی زانکۆ، پێخۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست، لەگەڵ ئێوەی سەرکردەی داهاتووی نەتەوەو نیشتیمانەکەمان، لەگەڵ ئێوەی هەڵگری قورسایی مێژووی خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانیمانم، کەساڵەهای ساڵە باوک و باپیرانمان بەپێی مێژووی نەتەوەکەمان خەباتیان کردووە و ماندووبوونە و خوێنیان ڕشتووە و پارێزگاریان لەگەل و نیشتمان کردووە.

هەر لە سیمنارەکەدا مامۆستا جەمال بە تێر و تەسەلی باسی لە چەند وێستگەیەکی گرنگ و مێژوویی کوردستان و بزووتنەوەی ئازادی خوازی کوردستان و خەباتی کوردستان کرد لە سەرەتای دروست بوونی عێراقەوە تا دەگاتە ئەم قۆناغەی ئێستا و تیشکی خستە سەر کاریگەری وڵاتە زلهێزەکان لەسەر بە ئامانج نەگەیشتنی کوردستان.

دواتر دەرگای گفتوگۆ بۆ ئامادەبووان وەڵا کرا و چەند پرسیارێکیان ئاراستەکرد ولە لایەن بەڕێز مامۆستا جەمال مورتکەوە وەڵامدرانەوە.

دواتر پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆ سوپاسی مامۆستا جەمالی کرد بۆ پێشکەشکردنی سیمنارەکەی و خەڵاتی رێزلێنانی بەخشییە بەڕێزیان، لە بەرامبەردا مامۆستا جەمال ژمارەیەک لە کتێب و بەرهەمی نووسینەکانی خۆی پێشکەش بە پ.د. ئیدریس و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کرد.

بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ فێستیڤاڵی ساڵانەی قوتابییانی کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ پێنچ شەممە 9ی ئایاری 2024، بە ئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر فێستیڤاڵی ساڵانەی کولتور و کەلەپوری کوردی لە کۆلێژی تەکنیکی کارگێری هەولێر بەڕێوەچوو.

لە فێستیڤاڵەکەدا یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و سەرۆک بەش و مامۆستایان بەشداربوون و تیایدا قوتابییانی کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر بەپۆشینی جلوبەرگی کوردییەوە، خواردنی کوردەواری، کاری دەستییەکانیان نمایشکرد، کە سەرجەمیان لەلایەن قوتابییانەوە ئامادەکرابوون.

فێستیڤاڵەکە لەلایەن قوتابیانی هەر چوار بەشی کارگێری کار، تەکنیکی میدیا، تەکنیکی ژمێریاری و بازارگەری نێودەوڵەتی و زمان لە کۆلێژی تەکینیکی هەولێر ئامادەکرابوو.