لە درێژەی کاروچالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی زانکۆمان، دوای ئەوەی لەژێر چاودێری پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای هەولێر خولێکی فریاگوزاری سەرەتایی بۆ قوتابیانی زانکۆمان کردەوە، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٠٢٥/٥/١١ بە ئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و پ.د.ازاد حسن قادر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی و پ.ی.د.بۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ و هاوڕێ ئیحسان سەرۆکی لقی هەولێر و دهۆکی رێکخراوی مانگی سووری عێراقی و ئەندازیار ناز جەلال بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای هەولێر، رێوڕەسمی کۆتایی خولەکە بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای رێوڕەسمەکەدا، جوان مەهدی عابد بەڕێوەبەری تەندروستی و سەلامەتی زانکۆمان لە وتەیەکدا دوای بەخێرهێنانی میوانان، سوپاسی سەرۆک و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و راگرانی کۆلێژ و پەیمانگاکان و ستافی سەرۆکایەتی زانکۆی کرد کە هاوکاربوونە لە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوونی ئەم خولە و کارەکانی دیکەی بەڕێوەبەرایەتییان.
بەڕێوەبەری تەندروستی و سەلامەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر راشیگەیاند کە کردنەوەی ئەم خولە بۆ قوتابیانی زانکۆمان لە روانگەی بایەخدانی زیاتری زانکۆمان بە بابەتی تەندروستی و خۆپارێزی و چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی رووداوی نەخوازراو لە ناو زانکۆ و دەرەوەی زانکۆش.
دواتر پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە وتەیەکدا دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی زانکۆ کرد کە بە هەماهەنگی بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای هەولێر ئەم خولەیان بۆ قوتابیانی زانکۆمان کردووەتەوە.
سەرۆکی زانکۆ راشیگەیاند کە بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان گرنگییەکی زۆری هەیە و تەنانەت لە جیهانیش گرنگییەکی زۆر بەو بابەتە دەدەن.
سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئاشکرای کرد، وەک زانکۆ جگە لە بایەخدان بە بابەتی سەلامەتی لە شوێنی کار، هاوکات بایەخی تایبەتییان بە سەلامەتی تاک داوە و کردنەوەی ئەم جۆرە خولانە لە چوارچێوەی ئەم بایەخدانەدایە، و گوتی: “ئەوەی جێگای دڵخۆشییە قوتابیان و لاوانی نیشتیمان بەپەرۆشن بۆ بەشداریکردن لەو جۆرە خولانە، بۆ وەڵامدانەوەی هەموو ئەو ئەگەرانەی دێنە پێش”.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی زانکۆ ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کراون، لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا دوو سەد بۆ چوار سەد کارەسات لە ساڵێکدا زیادبووە، لە سەدا نەوەدی ئەو کارەساتانەش لە ئەنجامی تێکچوونی ژینگە و گۆڕانکاری کەشوهەواوە دروست بووە، بۆیە پێشبینی دەکرێت کە کارەساتەکان بەردەوام بن تا ئەوەی مرۆڤایەتی بە ئاگا دێتەوە لە چارەسەری قەیرانی کەشوهەوا و پاراستنی ژینگە.
پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی ستایشی هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و رایگەیاند کە جێگەی دەستخۆشییە کە حکوومەتی هەرێم بیری لەوە کردووەتەوە بەڕێوەبەرایەتی لەم جۆرە دابمەزرێنێت کە کار لەسەر قەیرانەکان بکات و وەڵامدانەوەی خێرای هەبێت.
پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەو قوتابیانەی بەشداریی خولەکەیان کردووە، دواجار دەگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگا و خزمەت بە کۆمەڵگا دەکەن لەکاتی روودانی هەر رووداوێکی نەخوازراودا، کە ئەمەش یەکێکە لە کارە گرنگەکانی زانکۆ کە جگە لە بابەتی زانستی پێویستە خزمەت بە کۆمەڵگەش بکات. ئێمە وەکو زانکۆ بە کاری خۆمانی دەزانین بەردەوام بین لە کردنەوەی خول و پێدانی ڕێنمایی بە قوتابیان و فەرمانبەران.
دواتر لەلایەن ئامادەبووانەوە بڕوانامەی بەشدارییکردن و دیاری تایبەتی زانکۆمان و بۆکسی فریاگوزاری بەسەر بەشداربوواندا دابەشکرا.