ڕۆژی چوارشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە هۆڵی کۆنفڕانسی کۆلێژی تەکنیکی سۆران مەڕاسیمی کردنەوەی شەش هۆڵی خوێندن و ژوورەکانی تایبەت بە ستافی سەرۆکایەتی و مامۆستایان و فەرمانبەران و دوو ژووری تایبەت بە کاروباری کارگێری و مزگەوتی کۆلێژ ساز کرا.
مەڕاسیمەکە بە ئامادەبوونی بڵند ئیسماعیل بەرپرسی لقی 10ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەڵگۆرد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و پ.د.ئیدریس محەمەد تاهر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، مامۆستایان و فەرمانبەران و بەرپرسانی حکومی و حزبی بەڕێوەچوو.
سەرەتای مەڕاسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ رێزگرتن لە شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.
دواتر پ.ی.د.سیروان لەتیف حاجی ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی سۆران وێڕایی بەخێرهاتنی میوانان، سوپاسی سەرۆکی زانکۆ و ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی کرد لەبەرامبەر هاوکاری و پاڵپشتییە بەردەوامەکانیان بۆ کۆلێژەکەمان.
دواتر لەلایەن پ.د.ئیدریس محەمەد تاهر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وتارێک پێشکەش کرا، کە تێیدا سوپاسی کۆلێژی تەکنیکی سۆرانی کرد لەبەرامبەر هەموو ئەو چالاکیانەی کەوا ئەنجامیداوە، بەتایبەت وۆرکشۆپی لە پۆلەوە بۆ ئامادەکاری کار و ئەو پرۆژانەی لە ماوەی ڕابردوو خراونەتە خزمەتی قوتابییان، هەروەها سەرۆکی زانکۆ تیشکی خستەسەر ئەوەی کەوا قوتابیانی ئەمڕۆی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سەرکردەی داهاتوون.
لە بەشێکی دیکەی سەرۆکی زانکۆ ئاماژەی بەوەدا کەوا ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێیکردوون، خزمەتێکی بەرچاوی بە هاوڵاتیان و دانیشتوانانی هەرێم کردووە بە تایبەت لەبواری ڕێگاوبان و پڕۆژەی ڕووناکی و دابینکردنی ئاوی 24 کاتژمێری و تەواوی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی دیکە.
لە چوارچێوەی مەڕاسیمەکەدا بەشداربووانی وۆرکشۆپی ( لە پۆلەوە بۆ ئامادەکاری کار:بنیاتنانی توانا دامەزراندن لە ڕێگەی بیرکردنەوەی داهێنەرانە ) کە کارێکی هاوبەشی کۆلێژی تەکنیکی سۆران و ڕێکخراوی جەنگاوەرانی وڵات بوو، بۆ قوتابییە یەکەمەکانی کۆلێژەکەمان، سوپاس و پێزانین بەخشرایە پێشکەشکار و ڕێکخەرانی وۆرکشۆپەکە و بەشداربووانیش بڕوانامەی دەرچوونیان پێدرا.


















