شاندێکی زانکۆمان بە سەرۆکایەتی پ.ی.د.بۆتان مجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و پ.ی.د.عەبدوڵڵا عومەر یاسین بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆمان بەشدارییان لە کۆبوونەوەی ساڵانەی یەکێتی زانکۆکانی دەریای ناوەڕاست UNIMED کرد کە لە رۆژانی ١٨-٢٠ی شوبات لە شاری بڕۆکسل لە وڵاتی بەلجیکا بەڕێوەچوو.
لە میانی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەدا باس لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و بەرزکردنەوەی توانا زانستی و ئەکادیمییەکانی نێوان زانکۆکانی ئەندام لە یەکێتییەکە، پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان هەروەها دانان و داڕشتنی ستراتیژییەتی زانکۆ بەتایبەت لایەنی بەنێودەڵەتیکردنی زانکۆ، کرا.
هەر لە میانی کۆبوونەوەکاندا باس لە دانانی ستراتیژییەتی بەستنەوەی زانکۆکان و پڕۆگرامەکانی خوێندن بە بازاڕی کار و کۆمەڵگا کرا.
شاندەکە جگە لە بەشداریی چالاکانەیان لە بەرنامەی و چالاکییەکانی کۆبوونەوەکە کە بریتی بوو لە هەڵسەنگاندنی کارەکانی رابردوو هەروەها داڕشتنی بەرنامەی کاری داهاتووی یەکێتییەکە، هاوکات لە پەراوێزیدا ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ زانکۆکانی دەریای ناوەڕاست و باشووری ئەفریقا ئەنجامدا.
جێی ئاماژەیە، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئەندامێکی کاری یەکێتی زانکۆکانی دەریای ناوەڕاست UNIMED ــە و بەشداریی زۆربەی چالاکییەکانی ئەم رێکخراوە دەکات.