Daily Archives: ئایار 23, 2025

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بوو بە ئەندامی تۆڕی کاریگەری ئەکادیمیی نەتەوە یەکگرتوەکان

لە ئەنجامی هەوڵە بەردەوامەکانی پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ بەنێودەوڵەتییکردنی زانکۆ و وەرگرتنی متمانەی نێودەوڵەتی، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بوو بە ئەندامی تۆڕی کاریگەریی ئەکادیمیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNAI).

ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان وەک دامەزراوەیەکی جیهانی کە خاوەنی ئەندامییەتی زۆرێک لە وڵاتانی جیهان و لەسەر ئاستی کیشوەرە جیاوازەکانە و چەندین دامەزراوە و ڕێکخراوی تایبەتمەندی بۆ بوارەکانی پەروەردە، زانست و کولتوور و پەرەپێدانی ئاکادیمی هەیە کە (UNAI) یەکێک لەو ڕێکخراوانەیە و لە بوارەکانی کاریگەریی ئاکادیمی لەڕێگای کاری پێکەوەیی و هەماهەنگی ١٧٠٠ دامەزراوە لەسەر ئاستی ١٥٦ وڵات کار دەکات.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وەک ناوەندێکی باڵای ئاکادیمی لە هەرێمی کوردسان وەک ئەندامی نوێی تۆڕی کاریگەریی ئەکادیمیی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNAI) وەرگیرا کە بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەکانی ئەم ڕێکخراوە کار بۆ برەودان بە ئامانجە جیهانییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک، ئاشتی، مافەکانی مرۆڤ، پێشکەوتنی سەقامگیرانە، رەخساندنی دەرفەتی خوێندن بۆ ئاوارە و پەنابەران، پەرەپێدانی بەردەوام و پاراستنی ژینگە دەدات.

جێی ئاماژەیە، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە پلانی ستراتیژیی خۆیدا کار لەسەر زۆرێک لەو ئامانجانەی تۆڕی کاریگەری ئەکادیمی نەتەوە یەکگرتوەکان دەکات بە تایبەتی خزمەتکردنی کۆمەڵگا و پاراستنی ژینگە و بۆ ئەمەش هەنگاوی کردەیی ناوە.