Daily Archives: ئایار 21, 2025

بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ رێوڕەسمی کۆتایی خولی پەرەپێدانی تواناکانی مامۆستایان بەڕێوەچوو

بە ئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆد و د. ساد رووسێل جێگری سەرۆکی کۆلێجی پۆرتڤل لە کالیفۆرنیای ئەمریکا و مامۆستایان، رێوڕەسمی کۆتایی و بەخشینی بڕوانامە بە بەشداربووانی خولێک لە ژێر ناونیشانی “پردێک لە نێوان کولتوورەکان لە پەروەردەدا “  لە سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەڕێوەچوو.

لە دەستپێکی مەراسیمەکەدا د.طالب محمد شەریف ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر وتەی بەخێرهاتنی پێشکەش کرد و تیایدا باسی لە ناوەڕۆکی خولەکە کرد.

دواتر پ.د. ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وتارێکی بە زمانی کوردی و ئینگلیزی پێشکەش کرد و لەدوای بەخێرهاتنی ئامادەبووان کرد، دەستخۆشی لە پەیمانگای تەکنیکی مێرگەسۆر و کۆلێجی پۆرتڤل  کرد کە لە ئەنجامی کاری پێکەوەییان ئەم خولەیان بۆ مامۆستایانی زانکۆمان و مامۆستایانی سنووری پەروەردەی سۆران کردووەتەوە.

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر گوتیشی “ئێمە لە هەمیشە جەخت لەوە دەکەینەوە کە پێویستە مامۆستایان بەشداریی لە چالاکییە زانستییەکانی وەک وۆرکشۆپ و سیمینار و خول و ئەو پڕۆگرامانەی کە تایبەتن بە پەروەردە و خوێندن و پەرەپێدانی بەردەوام”.

راشیگەیاند، لە رێگەی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی ساڵانە لەسەر ئاستی زانکۆ چەندین خول وۆرکشۆپی تایبەت بە سەرۆک و مامۆستایان دەکەینەوە، و ئامانجمان ئەوەیە کە کردنەوەی ئەم جۆرە خولانە بەردەوام بن.

سەرۆکی زانکۆ ئاماژەی بە گرنگی ناوەڕۆکی ئەو خولە کرد کە بەهاوبەشی لەنێوان پەیمانگای تەکنیکی مێرگەسۆر و کۆلێژی پۆرتڤڵ کرد و رایگەیاند، ئەم خولە کە پێنج مۆدیۆڵی لەسەر بابەتی پەروەردە و فێرکردن لەخۆگرتبوو، دڵنیام کاریگەریی زۆر باشی لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی مامۆستایان دەبێت.

گوتیشی یەکێک لەو مۆدیۆڵانەی لە خولەدا باس کراوە، بابەتی پەیوەندی نێوان پەروەردە و کولتوورە کە ئەمەش زۆر گرنگە بەتایبەت بۆ ئێمەی کورد کە چۆن بتوانین کولتوور لەنێو پەروەردە جێبکەینەوە، هەروەها پراکتیزەکردنی بابەتەکانی فێربوون لەناو هۆڵ، دەرەنجامەکانی فێربوون و دیزاینی پڕۆگرامەکان کە زۆر پێویستن بۆ ئێمە کە سەرقاڵی پێداچوونەوەین بە پڕۆگرامەکانی خوێندن بەجۆرێک کە گونجاوبێت لەگەڵ بازاڕی کار، پەرەپێدانی بەردەوام، پاراستنی ژینگە و بابەتە مرۆییەکانی دیکە.

سەرۆکی زانکۆ جەختی لە بەردەوامی پڕۆسەی پەرەپێدانی بەردوام و خۆبەهێزکردنی زیاتر کرد و هیوای خواست کە بابەتەکانی وەرگیراو لەو خولەدا رەنگدانەوەی هەبێت لەسەر پڕۆگرامەکانی خوێندن.

دواتر د.ساد ڕووسێل جێگری سەرۆکی کۆلێژی پۆرتڤل لە کالیفۆرنیا وتەیەکی پێشکەش کرد و باسی لە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی خولەکە و سوودەکانی بۆ مامۆستایانی بەشداربوو کرد.

جێگری سەرۆکی کۆلێژی پۆرتڤل جەختی لە بەردەوامی هەماهەنگی کرد و رایگەیاند کە لە داهاتوودا ئامادەن خولی زیاتر بۆ مامۆستایانی زانکۆمان بکەنەوە.

لە کۆتایی رێوڕەسمەکەدا لەلایەن پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر  و مامۆستایانی کۆلێجی پۆرتڤل بڕوانامە بەخشرا بەشداربووانی خولەکە.

جێی ئاماژەیە لە چوارچێوەی یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان کۆلێژی پۆرتڤل لە کالیفۆڕنیا و پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر، خولێکی پەرەپێدانی تواناکان وەکو پردێک لە نێوان پەروەردەکاران و مامۆستایانی جیهان، بە بەشداری 51 مامۆستای زانکۆ و 22 مامۆستای سنوری پەروردەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەڕێوەچوو، خولەکە بەشێوەیەکی فەرمی لە 15ی 11ی 2024 تا 10ی 3ی 2025 بەردەوام بوو.

خولەکە بەشێوەی ئۆنلاین و بە سوود وەرگرتن لە پڕۆگرامی کانڤس و پلاتفۆڕمی زووم بەڕێوەدەچوو، هەفتەیەک بە لایڤ بوو هەفتەیەک وانەکان جێبەجێ دەکران، خولەکە لە 5 مۆدیۆل پێکهاتبوو، وەک: پەرەپێدانی تواناکان، دیزاینکردنی پۆلێکی کاریگەر، بابەتەکانی وانە وتنەوە، تێگەیشتن لە قوتابی، چۆنیەتی دارشتنی وانەیەکی کاریگەر، دەستنیشانکردنی بەربەستە کلتوری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیستەماتیکیەکان بۆ دەستڕاگەیشتن بە خوێندنێکی کوالێتی، هەروەها کۆکردنەوەی تێڕوانین و تیۆریە پێداگۆژیە جیهانییەکان.

 

یەکەمین کۆنفراسی دەرمانسازی و پەرەپێدانی چاودێری تەندروستی کارپێکراو بەڕێوە دەچێت

لە ڕۆژانی ١٤-١٥ ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ یەکەمین کۆنفراسی دەرمانسازی و پەرەپێدانی چاودێری تەندروستی کارپێکراو تایبەت بە پەیمانگەکەمان لە هۆڵی کۆنفراسی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەڕێوە دەچێت . بۆ زانیاری زیاتر و ناو تۆمارکردن ئەو QR کۆدە سکان بکە یاخود سەردانی لینکەی خوارەوە بکە.

Home

 

 

پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی

هۆبەی ڕاگەیاندن و چالاکیەکان