ئامادەبوونی هێمن قادر پاريزگاری هەولێر بە وەکالەت و د.عەلی رەشید سەرۆکی ئەنجوومەنی پاريزگای هەولير و پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و د.دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بریکاری وەزارەتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەر گشتییەکان لە وەزارەتە جیاجیاکانی حکوومەتی هەرێم و د.سامح ئەلمقدادی سەرۆکی رێکخراوی سەنەد، یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و رێکخراوی سەنەد بۆ گەشەپێدانی ئابووری واژۆکرا.
لە سەرەتای رێوڕەسمەکەدا د.عەلی رەشید سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە وتەیەکدا باسی لە گرنگی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە لەنێوان هەر سێ دامەزراوەکە کرد و رایگەیاند، ئێمە و رێکخراوی سەنەد بەهەموو شێوەیەک پاڵپشتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەکەین کە وەک زانکۆیەکی دیار لەسەر ئاستی کوردستان و ناوچەکە تاوەکو بەشێوەی زانستی و ئەکادیمی کار لەسەر ئەم پڕۆژەیەک بکات کە هاوتەریبە لەگەڵ دیدگا و پلانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.
پاشان هێمن قادر پارێزگاری هەولێر بە وەکالەت لە وتەیەکدا بەناوی پارێزگاری هەولێرەوە دەستخۆشی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و رێکخراوی سەنەد بۆ گەشەپێدانی ئابووری کرد بۆ واژۆکردنی ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنە و هیوای خواست کە ناوەڕۆکەکەی خزمەت بە هەولێر و کوردستان بگەیەنێت.
دواتر د.کەنار فازل بەڕێوەبەری گشتیی هاوکاری و هەماهەنگیی پەرەپێدان لە وەزارەتی پلاندانان وتاری د.دارا رەشید وەزیری پلاندانانی خوێندەوە و تیایدا ويڕای دەستخۆشی بۆ زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و رێکخراوی سەنەد بۆ گەشەپێدانی ئابووری بۆ بە ئەنجامدانی ئەم کاری پێکەوەییە، هاوکات باسی لە پلانی وەزارەت بۆ ناوەڕۆکی یاداشتەکە خستەڕوو.
هاوکات نادیا ڤۆنلانتی سکرتێری یەکەم و جێگری سەرۆکی نێردراوی باڵیۆزخانەی سویسرا لە عێراق لە وتەیەکدا رایگەیاند کە ئەوان وەک حکوومەتی سویسرا پاڵپشتی دارایی بۆ پڕۆژەکە دابین دەکەن و هەموو هەوڵێک دەدەن کە ئەم پڕۆژەیە سەرکەوتووبێت.
پاشان و د.دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وتەیەکدا باسی لە دیدگا و ستراتیژییەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد بەتایبەتی لەسەر پرسی ژینگە و پەرەپێدانی بەردەوام و رایگەیاند، وەک حکوومەت چاوی لە هەنگاوەکانی زانکۆ و دامەزراوەکانی دیکەیشە کە زانستیانە کار لەسەر ئەم پرسانە بکەن و پشتیوانی خۆیشی بۆ یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە دووپات کردەوە.
دواتر پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە وتەیەکدا رایگەیاند، کە ئێمە هەمیشە جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئەرکی زانکۆ تەنها زانست و مەعریفە نییە، بەڵکو ئەرکێکی دیکەی زانکۆ ئەوەیە کە چۆن خزمەت بە کۆمەڵگە بکات و بەشدار بێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگە.
راشیگەیاند کە وەک زانکۆ کارمان کردووە بۆ جێبەجێکردنی ئەو راسپاردە و ئامانجانەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان دیاری کردووە و لەمبارەیەوە لەگەڵ هاوبەشەکان لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەنگاوی جددیمان ناوە.
پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی گوتیشی؛ ستراتیژییەتی زانکۆمان ئەوەیە کە چۆن بتوانین کار بکەین بۆ گەشەپێدانی ئابووری و پەرەپێدانی بەردەوام، هەروەها جەختمان لەسەر پرسی ژینگە و ژینگەپارێزی و سەوزکردنی زانکۆ کردووە و بۆ ئەم مەبەستەش وەک یەکەم زانکۆ لەسەر ئاستی زانکۆکانی کوردستان بەشێکمان بەناوی بەشی وزەی نوێبووەوە لە کۆلێژی تەکنەلۆجی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کردەوە کە لە ئێستادا قوتابیان تیایدا دەخوێنن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی زانکۆ سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە هەنگاوێکی دیکەیان ئەوە بووە کە چۆن بتوانن پڕۆگرامەکانی خوێندن لەگەڵ پێویستی بازاڕی کار بگونجێنن تاوەکو دەرچووان لە دوای تەواوکردنی خوێندن ببنە خاوەن کاری خۆیان و لەسەر ئەم بنەمایەش ژمارەیەک بەشی نوێمان کردەوە و گۆڕانکاریمان لە پڕۆگرامەکانی خوێندن و ناوی چەند بەشێکی دیکە کرد.
پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی راشیگەیاند، بەو هەنگاوانەی کە نران، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە ساڵی رابردوو زۆرترین ژمارەی قوتابی لەسەر ئاستی زانکۆکانی کوردستان وەگرت کە ژمارەیان زیاتر لە هەشت هەزار و شەش سەد قوتابی بوو کە لە ئێستادا لە کۆلێژ و پەیمانگا تەکنیکییەکانی سەربە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر درێژە بە خوێندن دەدەن.
پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی ئاماژەی بەوەشکرد کە واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و رێکخراوی سەنەد بۆ گەشەپێدانی ئابووری بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگا و پەرەپێدانی بەردەوامە بە ئامانجی بنیاتنانی وڵاتێکی ئارام و سەقامگیر و کوردستانێکی ئاوەدانترە.
لە کۆتاییدا د.سامح ئەلمقدادی سەرۆکی رێکخراوی سەنەد وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا باسی لە ناوەڕۆکی یاداشتەکە و ئامانجەکانی کرد و ئومێدی ئەوەی خواست کە دەرەنجامەکانی لە خزمەتی کۆمەڵگەدا بێت.
پاشان یاداشتی لێکتگەیشتن لەنێوان پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و د.عەلی رەشید سەرۆکی ئەنجوومەنی پاريزگای هەولير و د.سامح ئەلمقدادی سەرۆکی رێکخراوی سەنەد بۆ گەشەپێدانی ئابووری واژۆکرا.