Daily Archives: ئایار 8, 2025

بە‌ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ ڕێوڕەسمی کۆتایی خولی چوارەمی ئاخاوتن و پەرەپێدانی زمانی ئینگلیزی بەڕێوەچوو

لەژێر چاودێری و ئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، رێوڕەسمى کۆتایی خولی چوارەمی ئاخاوتن و پەرەپێدانی زمانی ئینگلیزی تایبەت بە فەرمانبەرانی زانکۆ بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا کە پ.ی.د.بۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ ئامادەی بوون، پ.ی.د.رەنج سیروان عەبدوڵڵا بەڕێوەبەرەی گشتی سەنتەری توێژینەوە و بەرەپێدانی زانستی بەخێرهاتنی ئامادەبوونی کرد و دەستخۆشی لە فەرمانبەران کرد بۆ بەشدارییکردنیان و هیوای خواست کە ئەو جۆرە خولانە ببێتە هۆی بەرەوپێشبردنی زمانی ئاخاوتن و پەرەپێدانی ئینگلیزی لە بواری کارکردنیان و سوپاس و دەستخۆشی لە مامۆستایانی خولەکە کرد.

دواتر پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، لە وتەیەکدا دەستحۆشی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەنتەری توێژینەوە و پەرەپێدانی زانستی و سەنتەری زمان و مامۆستایان کرد بۆ ڕێکخستنی ئەم خولە و هیوای خواست کە فەرمانبەرانی بەشداربوو سوودیان لە ناوەڕۆکی خولەکە وەرگرتبێت و لە ئاخاوتننی رۆژانەدا بتوانن سوود لە زمانی ئینگلیزی وەربگرن.

لە کۆتاییدا لەلایەن سەرۆکی زانکۆ و ئەندامانی ئەنجوومەنی زنکۆ، بروانامەی رێزلینان بەخشرا بەمامۆستایانی خولەکە و بەشداربووانیش بروانامەی بەشدارییکردنیان پێ بەخشرا.

جێی ئاماژەیە، خولی چوارەمی ئاخاوتن وپەرەپێدانی زمانی ئینگلیزی تایبەت بە فەرمانبەرانی زانکۆ بۆ بەهێز کردنی زمانی ئینگلیزی بۆ ماوەی (١٠) رۆژ بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەنتەری توێژینەوە و پەرەپێدانی زانستی و ده‌زگاى University Institute ئەنجامدرا و خولەکە لە سەنتەری زمانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەڕێوەچوو.

بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ فێستیڤاڵی زانستی و کولتووری کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە بەڕێوەچوو

لەژێر چاودێری و ئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و رزگار ئەنوەر بەرپرسی لقی ٢٤ی سەفینی پارتی دیموکراتی کوردستان و پ.د.ازاد حسن قادر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ و بەرپرسانی حکوومی و حزبی، فێستیڤاڵی زانستی و کولتووری کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە لەژێر ناونیشانی (داهێنانی زانستی و پاراستنی کولتوور) بەڕێوەچوو.

دوای بەسەرکردنەوەی بەشەکانی فێستیڤاڵەکە کە بەرهەمی کاری زانستی قوتابیان بوو، سەرۆکی زانکۆ و بەشداربووان دەستخۆشیان لە رێکخەران و قوتابیانی بەشداربووی فێستیڤاڵەکە کرد.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر تاوتوێی داهاتووی بەشە کشتوکاڵییەکان و هۆکاری کەمی خواستی قوتابیان لەسەر ئەم بەشانە دەکات

لەژێر چاودێری پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پەیمانگای تەکنیکی خەبات وۆرکشۆپێکی لەبارەی داهاتووی بەشە کشتوکاڵییەکان و هۆکاری کەمی خواستی قوتابیان لەسەر ئەم بەشانە ئەنجامدا.

لەسەرەتای وۆرکشۆپەکەدا کە پ.د.ازاد حسن قادر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی و پ.ی.د.بۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ ئامادەی بوون، پ.ی.د.یوسف مستەفا رەسوڵ یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان و راگری پەیمانگای تەکنیکی خەبات بە وەکالەت وتەیەکی پێشکەش کرد و لەدوای بەخێرهێنانی ئامادەبووان، ئاماژەی بە ناوەڕۆکی بابەتی وۆرکشۆپەکە و ئامانجەکەی کرد و رایگەیاند کە بەمەبەستیانە لەم وۆرکشۆپەدا بە بەشداریی کەسانی پسپۆڕ و مامۆستایان زانستیانە تاتوێی داهاتووی بەشە کشتوکاڵییەکان بکەن و بگەنە دەرەنجاميک باش.

راگری پەیمانگای تەکنیکی خەبات بە وەکالەت ئاشکرای کرد کە ئامانجێکی دیکەی وۆرکشۆپەکە بریتییە لە تاوتوێکردنی هۆکاری کەمی خواست لەسەر بەشە کشتوکاڵییەکان کە ئەم بابەتە بۆ چەند ساڵێک پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و لە گشت بەشە کشتوکاڵییەکان زۆرینەی زانکۆکان ئەم کێشەیە بەدی دەکرێت، بۆیە دەکرێت ئەم هەنگاوەی ئەمڕۆمان وەک سەرەتایەک پەرە و بایەخی زیاتری پێ بدرێت و کۆنفرانسی زانستی لەسەر ئاستی زانکۆکان بۆ ئەنجام بدرێت کە تیایدا هۆکارەکان دیاری بکرێت و چارەسەرییەکانیش بخرێنەڕوو، بۆیە ئێمە ئەمڕۆ هەوڵ دەدەین بگەینە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە هۆکاری کەمی خواست لەسەر بەشە کشتوکاڵییەکان چین، ئایا چارەسەرکردنی ئەم هۆکارانە لە دەسەڵاتی ئێمەیە؟.

پاشان پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە وتەیەکدا دەستخۆشی لە راگرایەتی پەیمانگای تەکنیکی خەبات و رێکخەرانی وۆرکشۆپەکە کرد و رایگەیاند، ئەم بابەتەی ئەمڕۆ کە باسی لێوە دەکەن بابەتێکی زۆر گرنگە و پەیوەندی بە گشت بەش و کۆلێژە کشتوکاڵییەکان لە زانکۆکانی کوردستانەوە هەیە.

سەرۆکی زانکۆ دەستخۆشی لە مامۆستایانی بەشداربووی وۆرکشۆپەکە کرد کە دەستپێشخەر بوونە بۆ ئەنجامدانی ئەم وۆرکشۆپە و هیوای خواست کە لە داهاتوودا لەسەر ئاستی زانکۆ کۆنفرانسێکی زانستی ئەنجام بدرێت.

سەرۆکی زانکۆ بەپێویستی زانی کە هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کۆنفرانسێکی زانستی هاوبەش ئەنجام بدەن و تیایدا بە گرنگییەوە ئەم بابەتە تاوتوێ بکەن چونکە ئەم بابەتە پێویستی بە دانانی پلان و ستراتیژی تایبەت هەیە بۆ گشت زانکۆکان.

پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی هیوای خواست ئەم کارەی پەیمانگای تەکنیکی خەبات ببێتە سەرەتا و دەستپێشخەرییەک تاوەکو لە داهاتوودا کاری زیاتری لەسەر بکرێت.

لە کۆتاییدا دووبارە دەستخۆشی لە رێکخەران و ئامادەبووان کرد و رایسپاردن کە دەرەنجامەکان و راسپاردەکانی وۆرکشۆپەکە بدەن بە زانکۆ تاوەکو لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و زانکۆکانی کوردستان کۆنفرانسێکی زانستی لەسەر ئەم بابەتە ئەنجام بدەن و بگەنە ئەنجامی باش.

پاشان پ.ی.د.بۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا لە وتەیەکدا دەستخۆشی لە پەیمانگای تەکنیکی خەبات کرد بۆ ئەو دەستپێشخەرییەی کە ئەنجامیاندا کە بابەتێکی گرنگ و ستراتیژی و نیشتمانییە کە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هەمیشە لە بابەتە ستراتیژییەکان دەستپێشخەر بووە.

یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا بە پێویستی زانی کە وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندارەکان رۆڵی خۆیان ببینن لە دانانی پلان بۆ بەهێزترکردنی کەرتی کشتوکاڵ لە کوردستان کە دەبێتە هاندەر بۆ قوتابیان کە روو لە بەشە کشتوکاڵییەکان بکەن.

پ.ی.د.بۆتان مەجید ئاسنگەر ئاماژەی بە گرنگی رۆڵی کشتوکاڵ وەک سەرچاوەی داهات کرد و رایگەیاند کە کشتوکاڵ سەرچاوەیەکی نەوتیی بەردەوامە، رەنگە رۆژێک لە رۆژان نەوت وەک سەرچاوەیەک بەرەو کەمبوونەوە و نەمان بچێت بەڵام ژیان بەبێ خۆراک و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان مەحاڵە، هەربۆیە گرنگی دان بەم بابەتە وەک بابەتێکی ئاسایشی نیشتمانی و ئاسایشی خۆراک ئێجگار گرنگە.

یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە پێویستە مانگانە بڕە پارەیەک وەک هاندان و پشتیوانی دارایی پێشکەش بە قوتابیانی بەشە کشتوکاڵییەکان بکرێت کە دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ بایەخدانی زیاتریان بە خوێندن و ئەنجامدانی توێژینەوە، هەروەها هاتوچۆی خۆڕایی بۆ مامۆستایان و قوتابیانی بەشە کشتوکاڵییەکان دەرەوەی سەنتەری شارەکان دابین بکرێت.

راشیگەیاند کە هاوتەریب لەگەڵ هەنگاوەکانی ‌حکوومەت، پێویستە کەرتی تایبەت رۆڵی خۆی لەم بابەتەدا بگێڕێت و جەختی لەوەشکردەوە کە پێویستە خوازیارانی خوێندن و دەرچووانی بەشە کشتوکاڵییەکان هەرگیز بیر لە دامەزراندن لە کەرتی گشتی و تەنانەت کەرتی تایبەتیش نەکەنەوە بەڵکو داهێنەرانە ببنە خاوەنی کار و پڕۆژەی تایبەت بە خۆیان تاوەکو بتوانن هەلی کار بۆ خۆیان و دەوروبەریشیان بڕەخسێنن لە هەمان کاتدا پڕۆژەکانیان پڕۆژەی بەرهەمهێنەر بن کە ئەم خۆی لەخۆیدا بەشدارییەکی گرنگ دەبێت لە پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ لە کوردستان، ئەمەش لە رێگەی پاڵپشتی ‌‌حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پێدانی قەرزی بچووک بەو کەسانەی کە خاوەنی بیرۆکە و پڕۆژەن لەم بوارەدا.

یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا لە کۆتاییدا ئاماژەی بە ڕۆڵی سەندیکای ئەندازیارییە کشتوکاڵییەکان کرد و رایگەیاند کە پێویستە ئەوانیش لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان ڕۆڵی خۆیان ببینن لە رەخساندنی هەلی کار بۆ دەرچووانی بەشە کشتوکاڵییەکان.

پاشان لە میانی پێشکەشکردنی چوار بابەتدا ناوەڕۆکی وۆرک شۆپەکە خرایەڕوو و دواتر لەلایەن ئامادەبووانەوە بابەتەکان دەوڵەمەندتر کران.

لە کۆتاییدا بڕوانامە بەسەر بەشداربوواندا دابەشکرا.