ئەمڕۆ یەک شەممە 2025/2/2، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر، لەژێر چاودێری و ئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ و بەشێک لە بەرپرسانی حزبی و حکومی پانێلێک لە ژێر ناونیشانی “تیرۆر، جیاوازیمان پێناکات” تایبەت بە ساڵیادی شەهیدانی یەکی شوبات بەڕێوەچوو.
رێوڕسمەکە لە هۆڵی سەنتەری رۆشنبیری زانکۆمان ڕێکخرابوو، سەرەتای ڕێوڕسمەکەش سەرۆکی زانکۆ وتارێکی پێشکەشکرد و دوای بەخێرهێنانی میوانان، ئاماژەی بەوەدا ئامانج لەم جۆرە یادکردنەوە کولاندنەوە و بەئێشهێنانەوەی کۆنە زام نیە بەڵکو دەرفەتێکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر لەنوێ تێڕامان و پەند وەرگرتنە لەو ڕێگا سەخت و خوێناوییەی کاروانی خەبات و قوربانیدانی ئەم میللەتە پێیدا ڕۆشتووە بەم ڕۆژگارە.
بۆیە پێویستە زانکۆکان جگە لە گرینیدان بە بابەتە زانستی و مەعریفیەکان، ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە خزمەت کردنی کۆمەڵگا و پەروەردەی نیشتیمانی، هەربۆیە زانکۆ دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە ڕووە مێژوویەکەی لە زیندووکردنەوەی یادە نەتەوەییەکان.
لە کۆتای وتارەکەشیدا سەرۆکی زانکۆ وتی: ”ڕووداوی یەکی شوبات یەکێکە له هەرە رووداوه دڵ تەزين و خويناوييەکان له مێژووی نوێی هەرێمی كوردستان, پێشانيداين كه دوژمنانى گەلى كوردستان جياوازى ناكەن لە نێوان هەموو پيكهاته ئايينى و مەزهەبی ونەتەوەیی و ئايدۆلۆجی و حزبیەکان، بۆیە پيويسته يادكردنەوەی ئەم بۆنەیە بكرێتە وانەیەکی نيشتمانى و قوتابيان و لاوان و گەنجان بە رابووردوو ئاشنابن و له ئێستادا نيشتمان پارێز بن و بۆ ئايندە پلان داڕێژەربن”.
ڕۆژی یەکی شوباتی ساڵی 2004، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان، لە هەردوو بارەگای لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری هەولێر، لە ئەنجامی دوو تەقینەوەی تیرۆریستیدا، زیاتر لە سەد کەس شەهیدبوون و سەدان کەسی دیکەش برینداربوون.









