کۆلێژی تەکنیکی سۆران پرسی کورسی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان تاوتوێکرد

ڕۆژی دووشەممە ٤ـی ئاداری ‌‌‌‌‌٢٠٢٤، لە هۆڵی کۆنفڕانسی کۆلێژی تەکنیکی سۆران، بە بەشداری هەریەکە لە  ( هەڵگورد شێخ نەجیب- سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، پ.د. مونا یاقو- سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، مونا قەهوەچی جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمانی)، لە ژێر دروشمی “بە نەمانی کورسی کۆتاکان، پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر پرسیار”، نوسینگەی مافی مرۆڤی سۆران بە هەماهەنگی کۆلێژی تەکنیکی سۆران، پانێلێکی سەبارەت بە دوایین بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق، تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتاکان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبرد.
لە سەرەتای پانێلەکە (پ.ی.د. سیروان لەتیف حاجی) ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی سۆران لەپاڵ بەخێرهێنانی میوانان لە وتەیەکدا تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی دەستەڵاتی سیاسی کوردستان بە ئامانجی ڕەنگاڵەیی هێشتنەوەی کۆمەڵگای کوردستان، وەکو کۆمەڵگایەکی فرە ڕەنگ لە نەتەوە و ئاینی جیاواز و گوتی:” سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بڕوای وابووە کەوا جگە لە کورد نەتەوەی دیکەش لە کوردستاندا هەن، بۆ ئەوەی بەشداریکردنیان لە پرۆسەی سیاسی بەرجەستە بێت، کورسی تایبەتیان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ دیاریکردووە، تا ئەوانیش لە ڕێگای گەورەترین دامەزراوەی یاسایی کوردستان پارێزگاری لە داواکاری و مافە ڕەواکانیان بکەن”.
دواتر  جەواد سوار- بەڕێوەبەری نوسینگەی مافی مرۆڤی سۆران تیشکی خستە سەر مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان و گوتی:” ئێمە گەواهی ئەوە دەدەین کە پێکهاتەکان ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبووە لە نەخشەی سیاسی هەرێمی کوردستان، بەشداریپێکردنی کۆتاکان لە پڕۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستاندا وەک تابلۆیەکی ڕەنگاوڕەنگ پیشانی دەرەوە دراوە، بۆئەم مەبەستەش کاتێک سەرکردەکانی کوردستان سەردانی دەرەوە دەکەن یاخود یەکێک لە سەرکردەکانی دەرەوە سەردانی هەرێم دەکەن بە شانازییەوە باسی پێکەوەژیانیان کردووە لە کوردستان.
دواتر بەڕێوەبەری پانێل سیروان مەحموود مامۆستای زانکۆ پرسیارەکانی ئاراستەی بەشداربووانی پانێلەکەی کرد و بە تێر و تەسەلی گفتوگۆ لەسەر دوایین بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی کرد کە تێدا  د. مونا یاقو سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان گوتی:” من بۆچوونم ئەوەیە ئەگەر هاتوو ئەو بڕیارە بەم شێوەیە بێت پێکهاتەکان کەسیان بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکەن، چونکە ئەگەر هاتوو پەرلەمانی کوردستان تەنها یەک پێکهاتەی تێدا بەشدار بێت، ئەوا کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بەڕاستی ئەوە مانای ئەوەیە کە دیموکراسییەت نییە و ئەوەش باجێکی زۆری دەبێت بۆ ئەو کەسانەی پاڵپشتی ئەم بڕیارەیان کردووە”.
لە درێژەی پانێلەکە مونا قەهوەچی ڕووی لە ئامادەبووان کرد و گوتی:” هەندێک تۆمەت دەخرێنە پاڵ پێکهاتەکان و دەڵێن پێکهاتەکان هاوکار و هاوئاوازن لەگەڵ لایەنێک، پێکهاتەکان بەشانازییەوە هاوپەیمانن لەگەڵ ئەم لایەنە دیاریکراوە ئەمە شتێکی شاراوە نییە، چونکە چۆن بۆ لایەنەکانی دیکە ڕەوایە بۆ بەرژەوەندی خۆیان هاوپەیمانی ببەستن، ئێمەش ئەم هاوپەیمانییەتەمان ئەنجامدا لە پێناو بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانمان”.
یەکێک لە بەشداربووەکانی دیکەی پانێلکە هەڵگورد شێخ نەجیب بوو کە تایبەت  لەبارەی پێکەوەژیانی پێکهاتەکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دواو گوتی:”ئێمە لە خێزانەکەمان ئەوەندە لەگەڵ پێکهاتەی کریستیانەکان تێکەڵببووین ئەو پەیوەندیەی ئێمە لەگەڵیان هەمانبوو لەگەڵ موسڵمانان نەمانبوو، کریستیانەکان لە سۆران میوان نین بەڵکو خەڵکی ئەم شارەن و کوردستان بەم پێکەوەژیانە جوان بووە”.

گەشتی زانستی قوتابیانی پەیمانگەی تەکنیکی خەبات بۆ زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستی کرداری

ئەمرۆ دووشەممە ٤ /۳/ ٢٠٢٤ لە ژێر چاودێری پ.ی.د. کاوە خلیل میران راگری پەیمانگەی تەکنیکی خەبات، گشت بەشە زانستیەکانی پەیمانگەکەمان گەشتێکی زانستییان بۆ زانکۆیی ئاکرێ ئەنجام دا، بۆ قوتابیانی قۆناغی یەکەم و دووەمی بەیانیان و ئێواران، بەسەرپەرشتی یاریدەدەری راگری پەیمانگە د.مولود خضر و نوێنەران و مامۆستایانی بەش، لە سەردانەکەدا سەرەتا لە هۆلی کۆنفراسەکان لەلایەن د.ئاراس سەرۆک بەشی ئایتی و بەرپرسی لێژنەی پێشوازی و لێژنەی قوتابیانی پەیمانگەی تەکنیکی ئاکرێ پێشوازیەکی گەرمیان لێکردین.
دواتر قوتابیان سەردانی بەشی ئایتی و کارگێری یاسایی و رەزگەری و هۆلەکانی خوێندن و گێلگە و تاقیگەی کشتوکالیان کرد،
مەبەست لە گەشتە زانستیەکە ئالوگۆری بیر و ڕای زانست و زانیاری بوو لەگەل قوتابییان و مامۆستایان، ستافی زانکۆ و پەیمانگەکە خۆشحالی خۆیان دەربڕی بە گەشتە زانستییەکە، ئاست و توانستی قوتابیانیان بەرز نرخاند ھاوکاری بەردەوامی خۆیان دوپات کردەوە بۆ ئەم گەشتە زانستی و پراکتیکیە.
ھەر بۆیە ستافی پەیمانگەکەمان زۆر سوپاسی سەرۆکی زانکۆ د.منهل الهام و یاریدەدەری سەرۆک زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی د.سمیرمحۆ و سەرۆک بەشەکان، لە زانکۆی ئاکرێ و پەیمانگە دەکەین، بۆ ئەو پێشوازیە گەرمە و ھاوکاری و ئاسانکاری بۆ گەشتە زانستیەکە.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وۆرکشۆپێکی تایبەت بە گۆڕانکاری لە بەشە زانستییەکانی کەرتی پسپۆڕی کارگێری رێکدەخات

رۆژی یەکشەممە 3ی ئاداری 2024، بە ئامادەبوونی پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پ.ی.د. بۆتان مەجید ئەحمەد یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و پ.ی.د. عەبدولخالق نادر قادر راگری کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە هاوکات سەرۆکی لێژنەی کەرتی پسپۆڕییە کارگێڕییەکان لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، وۆرکشۆپێک لەژێر ناونیشانی ” پێداچوونەوە و رێکخستنی پڕۆگرامەکانی خوێندنی بەشە کارگێڕییەکان” بەڕێوەچوو.

ئەم وۆرکشۆپە بۆ ماوەی سێ کاتژمێر بەردەوام بوو، بە بەشداری سەرجەم سەرۆک بەشە کارگێڕییەکانی زانکۆمان کە پێکدێن لە 26 سەرۆک بەش، و تیایدا بەشێوەیەکی چڕوپڕ گفتوگۆکرا دەربارەی گۆڕینی چەند پرۆگرامێکی خوێندن لە نێو پرۆگرامی بەشەزانستییەکان هەروەها گۆڕینی ناوی چەند بەشێکی زانستی کە بگونجێت لەگەڵ بازاڕی کار و گۆڕینیان بۆ ناوی سەردەمییانە بۆ ئەوەی کە قوتابییان خوێندنیان لەو بەشە تەواو کرد لە داهاتوودا ئاسانتر دەرفەتی کار بەدەست بهێنن.

وۆرکشۆپەکە دەستپێکی چەند گۆڕانکارییەکی گرنگە بۆ زیاتر پێشخستنی بەشە زانستییە کارگێڕییەکان و رێکردن لەگەڵ پێشکەوتن و گۆڕانکارییە زانستییەکانی سەردەم، و هاوکات خۆگونجاندنە لەگەڵ بازاڕی کاردا.

 

قوتابییان و ستافی كۆلێژی ته‌كنیكی سۆران سه‌ردانی مه‌زاری نه‌مران له‌ (بارزان)یان كرد

ڕۆژی هه‌ینی 1ی ئاداری 2024 به‌سه‌رپه‌رشتی د. سیروان له‌تیف حاجی ڕاگری كۆلێژی ته‌كنیكی سۆران و هه‌ماهه‌نگی لیژنه‌ی نوێنه‌رایه‌تی قوتابییان، مامۆستا و فه‌رمانبه‌ر و قوتابییانی كۆلێژ سه‌ردانی مه‌زاری نه‌مران له‌ (بارزان)یان كرد.
هاوشانی گشت چین و توێژه‌كانی سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران، به‌مه‌به‌ستی ڕێزگرتن له‌ خه‌بات و به‌رخودانی بارزانی نه‌مر و ئیدریس بارزانی، كۆلێژی ته‌كنیكی سۆران ئه‌م سه‌ردانه‌ی بۆ سه‌ر گلكۆی نه‌مران له‌ بارزان ئه‌نجامدا.
له‌ سه‌ردانه‌كه‌ دوای خوێندنه‌وه‌ی سووره‌تی فاتیحا له‌سه‌ر مه‌زاری نه‌مران، ڕاگری كۆلێژی ته‌كنیكی سۆران-د. سیروان له‌تیف حاجی وته‌یه‌كی به‌بۆنه‌ی 45 ساڵ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر كۆچی دوایی بارزانی نه‌مر پێشكه‌ش كرد و، له‌ وته‌كه‌یدا وێڕای به‌ڵێندان به‌ به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر ڕێبازی بارزانی كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای (یه‌كسانی، دادپه‌روه‌ری و ئازادی) بنیاتنراوه‌، ڕاگری كۆلێژی ته‌كنیكی سۆران جه‌ختی كرده‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ قوتابییانیان له‌سه‌ر ئه‌و ڕێبازه‌ په‌روه‌رده‌ بكه‌ن.
له‌ 1ی ئاداری 1979 مسته‌فا بارزانی له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا گیانی له‌ده‌ستدا، دوای ئه‌وه‌ی هه‌مان مانگ له‌ مه‌راسیمێكدا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌خاك سپێردرا، له‌ ساڵی 1993 ته‌رمه‌كه‌ی له‌ گه‌ڵ ته‌رمی ئیدریس بارزانی گه‌ڕێندرانه‌وه‌ باشووری كوردستان و له‌ بارزان ئامانه‌تی زه‌وی كران.