لە کۆلێژی تەکنیکی سۆران نوێترین داهێنانە تەکنەلۆجییەکان نمایشکران

ڕۆژی سێ شەممە 7ـی ئایاری 2024، بە چاودێری ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی سۆران و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکومی و حزبی دەڤەری سۆران ، بەشی تەکنەلۆجیای زانیاری کۆلێژەکەمان یەکەمین فیستیڤاڵی زانستی خۆی لە هۆڵی کتێبخانە سازکرد.

لە فیستیڤاڵەکەدا قوتابییانی بەشی تەکنەلۆجیای زانیاری نوێترین داهێنانە تەکنەلۆجییەکانیان بۆ میوانان و قوتابییانی کۆلێژەکەمان شیکردەوە.

وۆرکشۆپێکی تایبەت بە ژیری دەستکرد لە کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ سێ شەممە 7ی ئایاری 2024، ئامادەبوونی پ. د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و د. کەیهان زرار غەفوور راگری کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر و ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان و قوتابییان، وۆرکشۆپێکی تایبەت بە ژیری دەستکرد لە کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر بەڕێوەچوو.

وۆرکسۆپەکە لە لایەن بەڕێزان د. ئیبراهیم حەمەڕەش پڕۆفیسۆر لە زانکۆی سەڵاحەدین لە بەشی ئەندازیاری کارەبا و پ. ی. د هەڵگورد سەرهەنگ مغدید لە زانکۆی کۆیە لە بەشی ئەندازیاری سۆفتوێر لە ژێر ناونیشانی (Leveraging ChatGPT in Education)، پێشکەشکەرا.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سیمنارێکی بۆ وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رێکخست

رۆژی سێ شەممە 7ی ئایاری 2024، لەژێر چاودێری و ئامادەبوونی پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هەفتەی رۆشنبیری قوتابییان دەستی بەکارەکانی کرد.

لە یەکەم رۆژی چالاکییەکەدا سیمنارێک بۆ بەڕێز ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ژێر ناونیشانی “ئاوەدانی و هزر و توانای لاوان لە کوردستان” بەڕێوەچوو.

لە سیمنارەکەدا کە یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و مامستایان و قوتابییان ئامادەیبوون، بەڕێز ساسان عەونی باسی لە توانا و هزری لاوان کرد و بە داینەمۆی گۆڕانکاری و پێشخستنی وڵاتەکەمان کرد و داوای لە قوتابییان کرد کە سوود لە وزە و تواناکانیان وەرگرن بۆ داهاتووی خۆیان و کوردستان.

لە تەوەرێکی دیکەی سمنارەکەیدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار تیشکی خستە سەر ستراتیژیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کابینەی نۆیەم لە پێشخستنی توانای لاوان و سوود وەرگرتن لە توانا و لێهاتووییەکانیان و رایگەیاند جەنابی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رژدە لەسەر هاوکاریکردنی لاوان و دەستگرتنیان تاکو بتوانن کوردستان زیاتر بەرەو پێش ببەن.

دواتر دەرگای پرسیار بۆ ئامادەبووان و قوتابییان واڵا کرا و لە لایەن بەڕێز ساسان عەونی ـیەوە وەڵامدرانەوە.

لە کۆتاییشدا پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆ سوپاسی بەڕێز ساسان عەونی وەزیری شارەوانی کرد و خەڵاتی رێزلێنان و پلاکێتی تایبەتی زانکۆی پێ بەخشی.

 

یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ژمارەیەک لە زانکۆکانی ئوردن واژۆ کرا

لە دووەمین رۆژی دیداری خوێندنی باڵای ئوردنی – کوردستانی، یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ژمارەیەک لە زانکۆکانی  ئوردن واژۆ کرا.

 پ.د.ئیدریس محەمەدتاھیر ھەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەیاوەری هەریەکە لە پ.ی.د. بۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و پ.ی.د. رەنج سیروان عەبدوڵا بەڕێوبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی زانکۆمان، بەشدارییان لە کارەکانی دووەمین رۆژی دیداری خوێندنی باڵای ھەرێمی کوردستان و ئوردن کرد کە دوێنێ یەکشەممە 5ی ئایاری 2024، لە شاری هەولێر لەژێر ناونیشانی ( وێناکردنی ئایندە لەرێگەی پەرەپێدانی بەردەوام) دەستی بە کارەکانی کرد.

لە پەراوێزی دووەمین رۆژی دیدارەکەدا، یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ژمارەیەک لە زانکۆکانی  ئوردن واژۆ کرا.

جێی ئاماژەیە، لە تەوەرەکانی دیدارەکە باس لایەنە جیاکانی خوێندنی باڵا لە ئوردن و ھەرێمی کوردستان کرا بەتایبەت (متمانە و دڵنیایی جۆری لە خوێندنی باڵا، توێژینەوەی زانستی، خوێندنی بەردەوام، بەنێودەوڵەتیکردنی خوێندنی باڵا، پراکتیزەکردنی شێوازەکانی فێرکردن لە پسپۆڕییە پزیشکیەکان، خوێندن و ڕاھێنانی تەکنیکی و پیشەیی، کارسازی و داھێنان لە خویندنی باڵا لەگەڵ تەکنەلۆژیای زانیاری و زیرەکی دەستکرد).