رۆژی دووشەممە رێکەوتی 13ـی ئایاری 2024، بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ، ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و مامۆستایان و قوتابییان، چوارەمین کۆنفرانسی زانستی قوتابیانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە کۆلێژی تەکنیکی سۆران بەڕێوەچوو.
کۆنفرانسەکە بە دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد، پاشان یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و سەرۆکی لێژنەی باڵای کۆنفرانس پ.ی.د. بۆتان مەجید ئاسنگەر وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەناوی لێژنەی باڵای کۆنفرانسەوە بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و باسی لە گرنگی کۆنفرانسەکە کرد بۆ قوتابیان و وتی: خۆشحاڵم کە لە چالاکییەکی سەرتاسەری زانکۆمان هەموو بەیەکەوە لێرە کۆبووینەوەیەک لە ئەرگە گرنگەکانی زانکۆ ئەوەیە کە بتوانین ئەو زانستەی کە فێری دەبین لێکی بدەین و بابەتێک پرۆژەیەک خزمەتگوزارییەکی پێ ئەنجام بدەین، پرۆژە یەک لە ئامانجەکانی زانکۆیە کە زانکۆمان ساڵانێکی زۆرە بە گرنگییەوە تەماشای دەکات چونکە کۆکردنەوەی زانستەکان لە پرۆژەیەک خۆی لە خۆیدا کارامەیی و زانستی ئێوەو زانکۆمان دەردەخات .
“بەڕێزان کۆنفرانسی زانستی قوتابیان کۆنفرانسێکی ساڵانەیە تیایدا باشترین پڕۆژەی دەرچووانی قوتابیان لەسەر ئاستی بەشە زانستییەکانی کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکان بەشداردەبن، مەبەستیش لەو کۆنفرانسە خستنەڕووی بەرهەمی ماندووبوون و لێهاتوویی قوتابیانە لەئەنجامدانی پڕۆژەی دەرچوون بەهاوکاری و سەرپەرشتی مامۆستا بەڕێزەکان، لەم کۆنفرانسەدا 57 پرۆژە بەشدارن کە لە لایەن قوتابییانەوە ئامادەکراوە دووبارە هیوای سەرکەوتن بۆ ئێوەی بەڕێز دەخوازم”.
دواتر سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتنی مامۆستایان و قوتابیانی بەشداربووی کرد و وتی: “بەناوی خۆم و ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەخێرهاتنتان دەکەین، هەروەها پیرۆزبایی لەو قوتابیانە دەکەین کە سەرکەوتووانە توانییان ئەو قۆناغانە ببڕن و ئەمڕۆ بەشداربن لە چوارەمین کۆنفرانسی زانستی قوتابیان.
بەڕێزان ئامادەکردنی کۆنفرانسات بەشێوەیەکی گشتی لەهەموو دام و دەزگا و ناوەندێکی ئەکادیمی لە سەرتاسەری جیهان ئەنجام دەدرێت، بەڕێوەچوونی هەر کۆنفرانسێک لە چەند رۆژێک تێناپەڕێت، بەڵام خۆئامادەکردن و ئامادەسازییەکانی لەوانەیە چەند مانگێک یاخود لە ساڵێک زیاتری دەوێت، لای هەموومان ئاشکرایە توێژینەوەی زانستی چ رۆڵێکی گرنگ دەبینێ لە ژیانی مرۆڤایەتی و پێشکەوتنی کۆمەڵگا، هەروەک دەبینین هەموو بوارەکانی زانست وەک زانستی تەندروستی و ئابووری و ئەلیکترۆنی و کشتوکاڵ و هتد و هەر لایەنێک بگری لە لایەنەکانی زانست پێویستە بۆ ژیانی ئادەمیزاد و پێشکەوتنی کۆمەڵگا.
توێژینەوەی زانستی بۆخۆی رۆڵێکی بەرچاوی هەیە لەژیانی مرۆڤ و دەرگایەکە بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگا ، ئەگەر توێژینەوەی زانستی دەرگایەک بێت بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگا کلیلی ئەو دەرگایە بڵاوکردنەوەی توێژینەوەکەیە ، زۆر پێویستە ئەو توێژینەوەیەی ئەنجام دەدرێت بڵاوبکرێتەوە ، ئاسانترین ڕێگاش بۆ بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستی کۆنفرانساتی زانستییە ، کەواتە یەکێک لە ئامانجە هەرە گرنگەکانمان لە ئەنجامدانی کۆنفرانسی زانستی بۆئەوەیە تۆ بتوانیت ئەنجامەکانی توێژینەوەکە لە کۆنفرانسەکەدا بڵاوبکەیتەوە و خوێندنەوەی بۆ بکەیت و هەڵبسەنگێندرێ ، لە لایەکی ترەوە لە کۆنفرانسی زانستی چەند زانست خوازێک یاخود چەند گرووپێکی هاوشێوە لە پسپۆری لەیەکتری نزیک دەبنەوە، لە ئەنجامدا گفتوگۆیەکی زانستییانە و پڕ مانا لە ماوەی ئەو کۆنفرانسەدا لەنێوانیان ئەنجام دەدرێت، ئەو توێژەرانەی لە کۆنفرانسەکان پێکەوە کۆدەبنەوە و دادەنیشن لەوانەیە بیروڕا ئاڵوگۆر بکەن و کێشەکانی یەکتری چارەسەربکەن و شارەزاییان دەبێت لەو تاقیگە و کەرەستە و ئامێرانەی کە لە ناوەندە زانستییەکان هەیە کە دەتوانرێت سوود لەیەکتری وەربگرن.
جگە لەو سوودانەی باسم کرد بەرێوەچوونی کۆنفرانسی زانستی گرنگییەکی تری هەیە ئەویش ئەوەیە کاتێک کۆنفرانسی زانستی لە وڵاتێک بەڕێوەدەچێت جارێکی تر لە وڵاتێکی تر ئەنجام دەدرێت، لەو لایەنەش دەتوانین میللەتان سوود لە کەلتوری یەکتری وەربگرن لەو شوێن و وڵاتەی کۆنفرانسەکەی لێ ئەنجام دەدرێت .
ئێمەش هەر لەسەر ئەو نیەتە ویستومانە کە لەمەودوا هەر ساڵەو لە شوێنێکی جیاواز ئەنجام بدەین، رۆژێک لە مێرگەسۆر و رۆژێک لە شەقڵاوە و سۆران و کۆیە و خەبات و هەولێر ئەنجامی دەدەین ان شاءالڵە، قوتابیانی ئازیز بەهیوام ئەمڕۆ وانەیەکی تر فێربن لەسەر چۆنیەتی بەشداریکردنتان لە کۆنفرانساتی زانستی و یا سوود و بەرێوەچوونی کۆنفرانسی زانستی بۆچییە.
بۆیە بەپێویستمان زانی گرنگی بەو بابەتەش بدەین ئەمەش وانەیەکی ترە تا قوتابیان بزانن لە ناوەندە ئەکادیمییەکان و زانکۆکاندا بە چی شێوازێک کۆنفرانس ئەنجام دەدرێت.
لە کۆتاییدا دەستخۆشی لە لێژنەی ئامادەکاری کۆنفرانس دەکەم و دەستخۆشی لە ڕاگرایەتی کۆلێژی تەکنیکی سۆران دەکەین کە میوانداری ئەو کۆنفرانسەیان کرد و بەهیواین توێژینەوە و پڕۆژەکانی قوتابیان هەڵسەنگاندنێکی تریان بۆ بکرێت قوتابیان دووبارە سەرکەوتووبن تیایدا”.
دواتر دەستکرا بە بەڕێوەچوونی سیمناری قوتابیان بە پێی کەرتە پسپۆڕییەکانی کارگێڕی، ئەندازیاری و تەکنەلۆجی، پزیشکی، کشتوکاڵی کە دابەش کرابوون بەسەر شەش هۆڵی سیمنار لە لایەن هەڵسەنگێنەرانی کەرتە جیاوازەکان هەڵسەنگاندن بۆ پرۆژەی قوتابیان کرا.
شیاوی باسە لە کۆنفرانسەکەدا 57 توێژینەوە لە بوارەکانی کارگێڕی و ئەندازیاری و تەکنەلۆجی، پزیشکی و کشتوکاڵی بەشدار بوون کە لەلایەن 250 قوتابییەوە ئەنجام درابوون.
لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس هەرکی قەڵغانی زانکۆی بەخشییە پ.ی.د. سیروان لەتیف حاجی راگری کۆلێژی تەکنیکی سۆران هاوکات سەرۆکی لێژنەی ئامادەکاری کۆنفرانس، دواتر خەڵاتی رێزلێنانی بەخشییە قوتابییانی بەشداربوو و سەرپەرشتیاران و لێژنەکانی هەڵسەنگێنەران.