لە هەفتەی رۆشنبیری قوتابییان، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر میوانداری پێشمەرگەیەک دەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی ئایاری 2024، لە درێژەی چالاکییەکانی هەفتەی رۆشنبیری قوتابیان، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لەژێر چاودێری پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆ، سیمنارێکی بۆ مامۆستا جەمال مورتکە سازکرد لەژێر ناونیشانی (بۆچی کوردستانیان خاوەن کیانێکی سەربەخۆ نین؟ بۆ هەبوونی کیانێک دەبێت پلانمان بۆ داهاتوو چی بێت، ئاڵنگاری و بەربەستەکانی بەردەم هەبوونی کیانێکی سەربەخۆ چین؟)

لەسەرەتای سیمنارەکەدا کە سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و یاریدەدەرانی و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ، سەرۆک بەش و مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان ئامادەیبوون، لە لایەن پێشکەشکاری چالاکییەکەوە کورتەیەک لە ژیان و خەباتی مامۆستا جەمال بۆ ئامادەبووان خوێندرایەوە.

پاشان مامۆستا جەمال دەستیکرد بە پێشکەش کردنی سیمنارەکە و تیایدا وێرای سوپاس و دەستخۆشی لە سەرۆکی زانکۆ و ئەندامانی ئەنجومەن بۆ سازکردنی ئەو سیمینارەو بەشداری کردنی مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان گوتی: “خۆم بەخۆشحاڵ ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەی ئازیزو مامۆستایان و قوتابیانی زانکۆ کۆبوومەتەوە لەسیمینارێکدا کەڕێکخراوە لەلایەن مامۆستایانی زانکۆ و هەڤاڵانی زانکۆ، پێخۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست، لەگەڵ ئێوەی سەرکردەی داهاتووی نەتەوەو نیشتیمانەکەمان، لەگەڵ ئێوەی هەڵگری قورسایی مێژووی خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانیمانم، کەساڵەهای ساڵە باوک و باپیرانمان بەپێی مێژووی نەتەوەکەمان خەباتیان کردووە و ماندووبوونە و خوێنیان ڕشتووە و پارێزگاریان لەگەل و نیشتمان کردووە.

هەر لە سیمنارەکەدا مامۆستا جەمال بە تێر و تەسەلی باسی لە چەند وێستگەیەکی گرنگ و مێژوویی کوردستان و بزووتنەوەی ئازادی خوازی کوردستان و خەباتی کوردستان کرد لە سەرەتای دروست بوونی عێراقەوە تا دەگاتە ئەم قۆناغەی ئێستا و تیشکی خستە سەر کاریگەری وڵاتە زلهێزەکان لەسەر بە ئامانج نەگەیشتنی کوردستان.

دواتر دەرگای گفتوگۆ بۆ ئامادەبووان وەڵا کرا و چەند پرسیارێکیان ئاراستەکرد ولە لایەن بەڕێز مامۆستا جەمال مورتکەوە وەڵامدرانەوە.

دواتر پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆ سوپاسی مامۆستا جەمالی کرد بۆ پێشکەشکردنی سیمنارەکەی و خەڵاتی رێزلێنانی بەخشییە بەڕێزیان، لە بەرامبەردا مامۆستا جەمال ژمارەیەک لە کتێب و بەرهەمی نووسینەکانی خۆی پێشکەش بە پ.د. ئیدریس و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کرد.