ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ ساڵی خوێندنی 2022-2023 بەڕێوەچوو

ڕۆژی پێنچ شەممە 19ـی ئۆکتۆبەری 2023، لەهۆڵی سەنتەری ڕۆشنبیری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر رێورەسمی ئاهەنگی دەرچوونی قوتابییانی زانکۆمان لەژێر ناوی “خولی خۆڕاگری” بەڕێوەچوو کە تیایدا قوتابییانی هەریەکە لە کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری ، کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی، کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر و پەیمانگەی تەکنیکی کارگێری هەولێر سوێندیان خوار دو بڕوانامەی بەکالۆریۆس و دبلۆمیان لەچەندین پسپۆڕی جیاواز پێبەخشرا .

لەم ئاهەنگەدا پ.د.عبدالفتاح عبدالرەزاق بریکاری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ، د.کاروان یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی هەولێری پزیشکی ، هاوکارت نوێنەری سەرۆکی زانکۆی هەولێری پزیشکی ، م.هەژار بەرپرسی ناوچەی ئاسۆ ، د.دیار جەباری کارگێری ناوچەی ئاسۆ ، بەڕێز شیرین خالید بەرپرسی ناوچەی ئایندە ، م.پشتیوان کارگێری ناوچەی ئایندە ، بەڕێز نێچیرڤان کەلاری سکرتێری یەکێتی قوتابیانی کوردستان، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لەکەسوکاری قوتابیان بەشداربوون تێیدا .

رێورەسمەکە بەخولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان و گوێگرتن لە سرودی نیشتیمانی ئەی رەقیب دەستی پێکرد ، دواتر وتارى لێژنەى باڵاى ئاهەنگى دەرچووانى زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ ساڵى خوێندنى 2022 – خوێندرایەوە.

پاشان پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وتارێکی پێشکەش کرد کە ئەمە دەقەیەتی:

بەناوی یەزدانی پاک و بێگەرد

قوتابیانی خۆشەویست…

دەرچووانی لە دڵاشیرین…

خانەوادەی دەرچووان…

مامۆستایانی خۆڕاگرو دڵسۆز….

خۆشحاڵ و شادومانین بە دەرچوونی پۆلێکی دیکە، لە قوتابیانی کۆلێژو پەیمانگەکانمان لە بەش و پسپۆڕییە هەمەجۆرەکان، بەمبۆنەیەوە جوانترین پیرۆزبایی لە خۆمان و تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆو ئەنجومەنی کۆلێژو بەشە زانستییەکان و یەکە یەکەی دەرچووان و خانەوادەکانیان و مامۆستایانی ماندونەناس دەکەین، لە هەمان کاتدا پیرۆزبایی لە جەنابی رێزدار (مەسرور بارزانی)سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی دەکەین، هیوای ئایندەیەکی گەش و پڕشنگدارتان بۆ دەخوازین، تا لە ژینگەی کرداری قۆناغی دوای زانکۆ ببنە مایە سەربەرزی و شکۆمەندی خۆتان و خانەوادەکانتان و مامۆستاکانتان و زانکۆمان.

بەڕێزان….

هەروەک چۆن زانکۆکان ئەرکیان پێگەیاندن و فێرکردن و دەرچوونی قوتابیانە، بە پێشخستنی تواناو کارامەیی دەرچووەکانیان، ئاوهاش پێویستە ئەو پەیوەندییەی لە نێو حەرەمی زانکۆ لەگەڵ قوتابیاندا هەیبووە، ئەوا ئەو  رایەڵەیە نەپچڕێنێت و بەردەوام بێت بۆ راهێنان و رەخساندنی هەلیکار بۆیان، لەو چوارچێوەیەشدا بە هەنگاونان بۆ رەخساندنی دەرفەتی کار بۆ دەرچووانمان بایەخی تایبەتیمان بە بەڕێوەبەرایەتی سەنتەری گەشەپێدانی کار(CDC) داوە، بۆ ئەمەش ژمارەیەک یاداشتی لێتێگەیشتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و رێکخراوە ناوخۆیی و جیهانییەکانی وەک (WFP) و (SPARK) واژووکردووە، کە دەتوانین بە هاوبەشی دەرچووانی زانکۆمان بەشێوەیەکی باشتر بۆ بازاڕی کار ئامادە بکەین و هەلی کاریان بۆ ڕەخسێنین لە رێگەی کردنەوەی پێشانگای ساڵانەی هەلیکار بۆ دەرچووان، بەم هەنگاوە ئەو بارگرانیەی لەسەر حکومەت هەیە لە دامەزراندنی دەرچووان کەمتر دەبێتەوە.

ناشبێت ئەوە لە بیر بکەین، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، وەک زانکۆیەکی پێشەنگ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، لە پێناو بایەخدان بە توێژی قوتابیان و زەمینەسازی بۆ ژینگەیەکی شیاوی خوێندن، بە ئاوێتەکردنی چالاکییە کەیفخۆشیی و رۆشنبیرییەکان بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی زانکۆکانی کوردستان سەنتەری قوتابیانی کردۆتەوە کە دەبێتە ناوەندێکی گرنگی زانستی و مەعریفی بۆ قوتابیان کە تیایدا دەتوانن چالاکییە هونەریی و رۆشنبیرییەکانی خۆیان تێدا ئەنجام بدەن لە پاڵ ئەوەشدا کار بۆ دروستکردنی یاریگای تایبەتمەند بۆ چالاکییە وەرزشییەکان کراوە تا قوتابیان بەهرە وەرزشییەکانی خۆیان مومارەسەر بکەن.

خۆشەویستان…

لە دوای دەست بەکاربوونمان وەک سەرۆکی زانکۆ،  بە هاوکاری ئەو تیمە ئەکادیمی و کارگێڕییە دڵسۆزە، نەخشرێگەیەکی ستراتیژی داڕشتووە بۆ بەرەوپێشبردنی زانکۆ لە بواری زانستی، کارگێڕی، دارایی و بنیاتنانی ژێرخانێکی ئەکادیمی پتەو.، لەو روانگەشەوە بە خۆگونجاندن لەگەڵ بازاڕی کار ژمارەیەک بەشی زانستی نوێ لەسەر ئاستی کۆلێژ و پەیمانگاکان کراونەتەوە، کە هەم دەرفەتی خوێندن دەڕەخسێنێت و هەمیش گرەنتی دەرفەتی کار دەبن بۆ دەرچووانی ئەو بەشە تازانە. هاوشانی ئەو پڕۆژەیەش بە ئامانجی بنیاتنانی ژێرخانی زانکۆ کۆمەڵێک پڕۆژە خراونتە بواری جێبەجێکردنەوە کە بە تەواوبوونیان زانکۆمان  پێدەنێتە  قۆناغێکی دیکەی پەروپێدانی زانستی، ئەمە جگە لەو پڕۆژانەی کە زانکۆ بۆ خزمەتی کۆمەڵگەو کێشە و گرفتەکانی بەردەوام دەبێت، لەو چوارچێوەیشدا کار لەسەر کردنەوەی نۆڕینگەیەکی پزیشکی ددان دەکرێت لە بەشی یاریدەدەری پزیشکی ددان لە پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر بۆ خزمەتی هاووڵاتییان.

بەڕێزان…..

زانکۆمان، لە بواری خوێندنی باڵاشدا ئێستا شان بە شانی زانکۆکانی کوردستان پلانی زانستی هاوچەرخانەی داڕشتووەو دەستی داوە پێگەیاندنی کادیری خۆماڵی لە خوێندنی باڵا، بۆ ئەمساڵی خوێندنیش ژمارەیەکی بەرچاوی لە قوتابیانی (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا) وەرگرتووە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ یەکەمجار گۆڤاری پۆلیتەکنیک بۆ زانستە پەتییەکان لەسەر پلاتفۆرمی ئەلسیڤەر جێبەجێکرا و هەنگاو دەنێت بۆ سکۆپەس، کە ئەمەش هانی مامۆستایان و توێژەران دەدات بۆ بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستی کوالێتی بەرز و پڕۆسەی سایتەیشن کە هەموو ئەوانەش دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی رانکینگی زانکۆمان لە ریزبەندییە ناوخۆیی و جیهانییەکان.

بەڕێزان….

ئەو بۆنەیە بە دەرفەت دەزانم، وەک سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سوپاسی رێزدار جەنابی(مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بکەم کە ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢-٢٠٢٣ سەرەڕای ئاستەنگە داراییەکان، بەڵام بەردەوام بوو لە دابینکردنی پشتیوانی دارایی بۆ قوتابیان و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، دەتوانین بڵێن بە خۆڕاگری جەنابیان، زانکۆکان توانیان بەردەوام بن لە پڕۆسەی خوێندن، تەنانەت بۆ یەک چرکەش پڕۆسەی خوێندن  نەوەستا،  پشتیوان بە خودای گەورە و پاڵپشتی کابینەی نوێەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاروانی زانست لە کوردستان بەرەوپێش دەچێت و هیواخوازین زانکۆمان بە هەوڵی مامۆستایانی ماندوونەناس و کارمەندانی ستافی کارگێڕی و قوتابیانی ئازیز سەرمەشقی ئەم کاروانە بێت و ببینە پێشەنگ لە ناو زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا.

لە کۆتاییدا جارێکی دیکە، پیرۆزبایی لە دەرچووانی ئازیز دەکەم، پیرۆزە بڕوانامەی تێکۆشان و هەوڵ و رەنج و ماندووبونی چەند ساڵەی خوێندنتان، ئومێدەوارم هەمیشە سەرکەوتووبن لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، ئایندەیەکی پڕشنگدارو روناک چاوڕێتان دەکات، کوردستان پێویستی بە تواناو کارامەییە جەستەیی و ئەقڵییەکانی ئێوەی خۆشەویستە.

هەر شەکاوە بێت ئاڵای کوردستان، لە کوردستانێکی خۆڕاگرو بەهێز.

 

هەر لە مەراسیمەکەدا پ.د.عبدالفتاح عبدالرەزاق بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا پیرۆزبایی لەقوتابیان و کەسوکاری قوتابیان کرد و گوتی : خۆشحاڵم ئەمڕۆ لێرە لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەیەکەوە بەشداردەبین لەئاهەنگی دەرچوونی پۆلێک لەکورو کچی خۆشەویستی وڵاتەکەمان .

دەرچوانی خۆشەویست ، بەناوی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەناخی دڵەوە پیرۆزبایی گەرمتان لێدەکەم بۆ ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی کەئەمڕۆ ئاهەنگی بۆ دەگێڕن ، پڕ بەدڵ هیوای سەرکەوتنی زیاترو گەورەترتان بۆ دەخوازم، وە دڵنیام کەدەبنە بەشێکی گرنگ لەسەرمایەی مرۆیی وڵات و خزمەتی گەورەی نیشتیمانەکەمان دەکەن .

ئازیزان هەرچەندە لەماوەی خوێندنی ئێوەی بەڕێز هەرێمی کوردستان توشی قەیرانی دژوارو ئالنگاری گەورەبوو بەتایبەتی قەیرانی دارایی و بڵاوبونەوەی پەتای کۆڤید 19 ، بەڵام جێگەی شانازیە کەتوانیتان بەپشتیوانی خانەوادەو کەسوکارتان ، مامۆستاکانتان و حکومەتی هەرێم و وەزارەتی خوێندنی باڵا بەسەر کۆسپ ئالنگارییەکان سەربکەون و لەخوێندن دانەبرێن .

دەستخۆشی و سوپاستان دەکەم بۆ هەول و ماندوبونتان بۆ کۆشش و شەونخونیتان لەماوەی ساڵانی رابردووی خوێندنتان کەئەمڕۆ بەشانازییەوە بەرهەمەکەی بەدەست دەهێنن .

دەرچوانی قەدرگران

حکومەتی هەرێم و وەزارەتی خوێندنی باڵا بەهەموو تواناکانی لەهەول و کۆششەکانی بەردەوامە بۆ پێگەیاندنی ئێوە بەڕەخساندنی کەشی ئارام و فرسەتی خوێندنی یەکسان بۆ هەمووان لەگشت ئاستەکانی خوێندن ، وە دڵنیام کەزانکۆکەتانیش درێغی نەکردووە بۆ خزمەتکردنتان لەبواری زانستی و پەروەردەیی و بنیاتنانی کارامەییەکانتان.

ئازیزان ، کۆشش و هەولەکانتان لێرە کۆتایی نایەت و رۆڵی حکومەت و زانکۆکەشتان بۆ پێگەیاندنتان نابێت کۆتایی پێ بێت ، پێویستە زانکۆکان بەرنامەی هەبێت بۆ پشتیوانی و ئامادەکردنی ئێوە بۆ قۆناغی داهاتوتان، وە لەبازاری کار هاریکاریتان بکات بۆ دۆزینەوەی هەلی کار ، کارئاسانی و رێنوێنیتان بکات و بەرنامەی هەبێت بۆ زیادکردن و سەقل کردنی ئەو کارامەییانەی کەبازاری کار پێویستییەتی  .

وەپێویستە حکومەتیش لەپاڵپشتییەکانی بۆ ئێوەی خۆشەویست بەردەوام بێت ، بەم بۆنەیەوەش بەئەرکی خۆمی دەزانم کەسوپاسێکی بێ پایانی حکومەتی هەرێم بکەم کەبەردەوام پشتگیری تەواوی وەزارەتی خوێندنی باڵای کردووە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ژێرخانی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵاو بەرنامەکانی چاکسازی و پەرەپێدان  لەوەزارەت و زانکۆکان تابتوانین زۆرترین فرسەتی خوێندن و باشترین کوالێتی خوێندن بۆ ئێوەی بەرێز فەراهەم بکەیین.

بەرێزان ، هەر ئەو پاڵپشتییەی حکومەتی هەرێم بوو وای کرد کەوەزارەتمان بۆ ئەمساڵی خوێندن زیاتر لە60000 شێست هەزار کورسی خوێندن لەزانکۆ حکومیەکان  جگە لەکورسیەکانی زانکۆو پەیمانگە تایبەتەکان دابین بکات بۆ دەرچوانی پۆلی دوازدەی ئامادەیی لەکاتێکدا کەژمارەیان 46379 قوتابی بوو ، ئەوەش لەڕێگای فراوانکردنی تاقەی ئیستیعابی زانکۆکان لەلایەک و لەلایەکی تر زیادکردنی ژمارەی زانکۆکان بوو .

بەرێزان هەرێمی کوردستان کەلەپێش راپەرین خاوەنی تەنها 3 زانکۆ بوو ئێستا لەسایەی حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنی 18 زانکۆی حکومی و18 زانکۆی تایبەت و2 کۆلێژی زانکۆیی و12 پەیمانگەی تەکنیکی و بریاریش دراوە 14 پەیمانگەی پیشەییش دروست بکرێت .

هەر لەم کابینەیەدا ئەمساڵ بریاری دامەزراندنی سێ زانکۆی تردرا ، دووانیان حکومی بوون و ئەوانیش زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان و زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان بوون ، هەروەها زانکۆیەکی تایبەتیش کەلقی زانکۆیەکی نێودەوڵەتییە لەهەولێر ئەویش لقی زانکۆی لەندەنە.

دەرچوانی خۆشەویست

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەهەولەکانی بۆ پێگەیاندنتان و خەمخۆری بۆ دابینکردنی فرسەتی کار بۆ ئێوەی بەرێز بەردەوامە ، هەردوو هەفتە لەمەوپێش لەئاهەنگی دەرچوانی زانکۆی سەلاحەددین جەنابی سەرۆکی حکومەت خەمخۆری خۆی بۆ ئەم بابەتە راگەیاندو جەختی لەوە کردەوە کەحکومەت بەهەموو تواناکانی هەولدەدات کەفرسەتی کاری یەکسان و دادپەروەرانە بۆ دەرچوانی زانکۆو پەیمانگاکان دابین بکات ، هەر لە مەراسیمەدا پڕۆژەی قەرزی بچووک و مام ناوەندی راگەیاند کەدەدرێت بەو گەنجانەی کەپرۆژەی تایبەتیان هەیەو پێویستیان بەقەرزکردن هەیە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانیان، وەهەروەها جەنابیان جەختی لەوە کردەوە کەهەموو کۆمپانیاو پرۆژەکانی وەبەرهێنان لەهەرێم پێویستە بەلایەنی کەم لەسەدا 70ی دەستی کارەکانیان لەکرێکارو کارمەندان خەڵکی هەرێمی کوردستان بن ، ئەوە جگە لەسیاسەتی حکومەتی هەرێم لەهاندان و ئاسانکاری بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنان لەگشت بوارەکان، کەئەوانەش هەمووی وادەکەن فرسەتی کار بۆئێوەی بەرێز زیاتر بکات .

لەکۆتاییدا دەمەوێت سوپاسێکی تایبەت ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆو گشت مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بکەم کەشەو و ڕۆژیان خستەسەر یەک بۆ ئەوەی بتوانن ئێوەی ئازیز بگەیەنن بەم ڕۆژە پڕ شکۆیە .

هەروەها بەپێویستی دەزانم کەدەسخۆشی و سوپاس و رێزی بێ پایانمان ئاراستەی هەموو کەسوکاری دەرچوان بکەم کەزۆر ماندوبون و ڕۆلی گەورەیان بینی لەو سەرکەوتنە گەورەیەی کەئەمڕۆ ڕۆڵەکانیان بەدەستیان هێنا .

دووبارە پیرۆزبایتان لێدەکەم ، هەمیشە هەر هەر شادو سەربەرزو سەرفرازبن.

دواتر قوتابییانی هەریەکە لە کۆلێژەکانی تەکنیکی ئەندازیاری، تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی، تەکنیکی کارگێڕی هەولێر و پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی هەولێڕ بەیانیان و ئێواران بەجیا سوێندی یاساییان خوارد و سەرۆکی زانکۆش بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێدراوە بڕوانامەی بەکالۆریۆس و دبلۆمی بەخشییە دەرچووەکان لە پسپۆڕییە جیاوازەکان و کۆتایی بە مەراسیمەکە هات.

لێــــــــــــــــــــــــــرە کلیک بکە بۆ بینینی سەرجەم وێنەکانی ئاهەنگی رۆژی 19ی ئۆکتۆبەری قوتابییانی کۆلێژەکانی تەکنیکی ئەندازیاری، تەندروستی و پزیشکی، کارگێڕی هەولێر و پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر بە کوالیتی بەرز.

لێــــــــــــــــــــــــرە کلیک بکە بۆ بینینی سەرجەم وێنەکانی ئاهەنگی رۆژی 21ـی ئۆکتۆبەری قوتابییانی کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر، پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر و پەیمانگەی تەکنیکی خەبات بە کوالیتی بەرز.