زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وۆرکشۆپێک بۆ قوتابییانی وەرگیراو لە خوێندنی باڵا(ماستەر و دکتۆرا) رێکدەخات

رۆژی چوارشەمە 18ـی ئۆکتۆبەری 2023، بەئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، پ.ی.د.نەجیب توما یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، لەهۆلی کۆنفرانس لەسەرۆکایەتی زانکۆ وۆرکشۆپێکی تابیەت بە قوتابیانی وەرگیراوی خوێندنی باڵا  ماستەر و دکتۆرا بەرێوەچوو.

لە سەرەتای وۆکشۆپەکەدا سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەش کرد  کە تیایدا بەخێرهاتنی قوتابییانی وەرگیراو لە خوێندنی باڵا کرد و گووتی: “نازانم چۆن پێخۆشحاڵی خۆم دەربڕم بۆ ئەو ژمارە زۆرەی مامۆستایان و کارمەندانی زانکۆمان کە ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی بەشداری بکەین لەم وۆرکشۆپە کە چەند سیمنارێک لەخۆی دەگرێت لەبارەی توێژینەوەی زانستی کە سوودێکی زۆری هەیە لە کاتی خوێندنەکەتاندا.

سەرەتا دەمەوێت بەناوی خۆم و بەناوی ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێرەوە پیرۆزباییەکی گەرم لەیەکە یەکەی‌ ئێوەی بەڕێز‌ دەکەین، یەکێک لە ئامانجەکانم ئەوەبوو کە بتوانین زۆرترین دەرفەت بۆ کارمەندانی زانکۆمان برەخسێنین بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زیاتر لە مامۆستایان و کارمەندانی زانکۆمان دەرفەتی خوێندنیان بۆ برەخسێت بۆ وەرگرتنی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا، لەبەر ئەوەی هەستمان دەکرد کە زانکۆمان زیاتر پێویستی بەمامۆستا هەیە کە خاوەن بڕوانامەی ماستەرو دکتۆرابن، سوپاس بۆ خوا توانیمان ئەو دەرفەتە بڕەخسێنین بۆیە ئەمڕۆ زۆر دڵخۆشم کە دەبینم ژمارەیەکی زۆر لەکارمەند و مامۆستای ئێمە کە زیاترە لە 200 کارمەند و مامۆستا داوای مۆڵەتی خوێندنیان کردووە بەمەبەستی درێژەدان بەخوێندن و بەدەسهێنانی بڕوانامەی بەرزتر.

تا ئەمڕۆ بەردەوامین و بەردەوامیش دەبین کە ژمارەی وەرگێراوان ژمارەیەکی یەکجار زۆرە، ئومێد دەکەین کە لە دوو تا سێ ساڵی داهاتوودا ژمارەی مامۆستایانمان بگاتە 1000 مامۆستا، بۆ زانیاری بەڕێزتان ئێمە تاوەکو ئێستا  نزیکەی 700 مامۆستامان هەیە و لە هەوڵ دەدەین لە دوو ساڵی داهاتوو بتوانین ئەو ژمارەیە بەرز بکەینەوە بۆ 1000 مامۆستا، ئەمەش هەنگاوێکی زۆر زۆرباشە، نزیکەی 16000 قوتابیمان هەیە کە ژمارەیەکی یەکجار زۆرە و ساڵانە لەزیاد بوونە، بۆیە ئێمە زۆر پێویستمان بەمامۆستا هەیە، هەر لەبەر ئەوەشە کە پێخۆشحاڵ بووین لەگەڵ ئێوە کۆبووینەوە تا دڵخۆشی خۆمان ڕابگەیەنین پێتان و پیرۆزبایتان لێ بکەین، وە ئومێدی سەرکەوتنتان بۆ بخوازین لەخوێندن.

ئومێد دەکەین زۆر بەجدی زۆر بەتواناوە دەست بەخوێندن بکەن، سوود لەو بڕوانامانە وەربگرن کە بەدەستی دەهێنن، ئێمە وەکو زانکۆ هاوکار دەبین و پشتگیریتان دەکەین، بەڵام پێویستە ئێوەش پشتگیری خۆتان بکەن، بەبڕوانامەیەکی وا بێنەوە سەرکار کەشانازیتان پێوە بکەین دووبارە، زۆر‌ گرنگە مەبەستتان تەنها بەدەستهێنانی بڕوانامە نەبێت و لەگیرفانتان دایبنێن، بەڵکو مەبەستتان بێت زانیاری زیاتر بەدەست بهێنن بۆئەوەی مامۆستایەکی باشتربن، تا بتوانن خزمەتێکی باشتر و چاکتری زانکۆ بەتایبەتی و کوردستان بەگشتی بکەن.

دووبارە پیرۆزتان بێت، ئومێدەوام لەم وۆرک شۆپ و سیمینارانەی ئەمڕۆ کە تایبەتە بە قوتابیانی خوێندنی باڵا لەو ماوەی دوو ساڵە هاوکارتان بێت تاکو توێژینەوەکانتان زیاتر بایەخ دارتربێت، هەروەها بتوانن توێژینەوەکانتان بڵاوبکەنەوە، ئەمانە هەمووی گرنگن سەبارەت بە قوتابیانی خوێندنی باڵا، ئومێدەوارین ئەو چالاکیەی ئەمڕۆ وانەیەک بێت بتوانن سوودی زیاتری لێوەربگرن ، دووبارە زۆر بەخێربێن، سەرکەوتووبن”.

دواتر دەستکرا بە بابەتەکانی وۆرکشۆپەکە کە لە لایەن هەریەک لە پ.د. ئەحمەد محەمەد ئەدهەم و پ.ی.د. ڕەنج سیروان عەبدوڵڵا دوو سیمیناری بەسوود و بۆ وەرگیراوانی ماستەرو دکتۆرا پێشکەش کرد.

پاشان دەرگای گفتوگۆ بۆ ئامادەبووان کرایەوە و راو سەرنجەکانیان ئاراستە کرد و وەڵام درانەوە.