زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کۆتایی هێنا بە خولێکی راهێنانی تایبەت بە دەرچووان

لەژێر چاودێری و ئامادەبوونی  پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر رۆژی سێ شەممە 17ـی ئۆکتۆبەری 2023، لە کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر کۆتایی هات بە خولێکی راهێنان کە بۆ بەرزتر کردنەوەی توانا و لێهاتووییەکانی دەرچووانی کۆلێژی ناوبراو رێکخرابوو.

لە مەراسیمەکەدا کە هەریەکە لە راگری کۆلێژ و یاریدەدەری راگر و ژمارەیەک مامۆستا ئامادەیبوون، سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشەکەش کرد و تیایدا دەستخۆشی لە کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر کرد بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە خولانە بۆ دەرچووان کە مەبەست لێی بەرزترکردنەوەی توانا و لێهاتووییەکانی دەرچووانە، هەروەها بە گرنگییەوە باسی لە بوونی پەیوەندی لە نێوان دەرچووانی زانکۆ کرد لەگەڵ بەشەکانیان و کردنەوەی خول و راهێنانی لەم جۆرە بۆ بەرزکردنەوەی ئاست و توانستیان و یارمەتیدانیان بۆئەوەی لە داهاتوودا بە ئاسانی کاریان دەستبکەوێت لە بازاڕی کاردا.

خولەکە بۆ ماوەی 10 رۆژ بەردەوام بوو کە تیایدا بەشێوەیەکی چڕوپڕ بابەتەکانی تایبەت بە لێهاتوویی و نوێترین پێشکەوتنەکان لەسەرجەم بوارەکان بۆ دەرچووانی زانکۆ روونکرایەوە و ئەو تیشکخرایە سەر ئەو بابەتانەی کە وا دەکات ئاسان هەلی کار بەدەست بهێنن.

لە کۆتایی مەراسیمەکەشدا بڕوانامە بەخشرایە بەشداربووانی خولەکە.