ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا

ڕۆژی چوارشەمە 11ـی ئۆکتۆبەری 2023، بەئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ئەندامانی ئەنجومەن، کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەرێوەچوو.

لە کارنامەی کۆبوونەوەکەدا چەند پرسێک خرانە بەرباس و گفتوگۆ، و چەندین بابەت بڕیاریان لەبارەوە درا، کە تایبەت بوون بە کاروباری گشتی، کاروباری قوتابیان، کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا ، کارگێری و دارایی و سەنتەری توێژینەوە، داواکاری قوتابیان، مۆڵەتی خوێندنی باڵا، ساڵنامەی خوێندن بۆ قۆناغی یەکەم، ساڵنامەی خوێندنی باڵا، کرێی خوێندن.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا رۆژی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیان دیاریکرا ئەم شێوەیەی خوارەوە:

رۆژی پێنج شەممە 19/10/2023، کۆلێژ و پەیمانگەکانی ناو سەنتەری شاری هەولێر و پەیمانگەی تەکنیکی خەبات لە هۆڵی سەنتەری رۆشنبیری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە نێو کامپی کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر بەڕێوەدەچێت بە پێی ئەو کاتەی بۆیان دیاریکراوە:

  • کۆلێژەکانی تەکنیکی ئەندازیاری، کارگێری و تەندروستی، کاتژمێر 10 بۆ 11 بەیانی دەبێت.
  • کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر و پەیمانگەی تەکنیکی خەبات کاتژمێر 12 بۆ 1، پەیمانگەی تەکنیکی کارگێری هەولێر بەیانیان کاتژمێر 2 بۆ 3 و پەیمانگەی تەکنیکی کارگێری هەولێر/ ئێواران کاتژمێر 3 بۆ 4 دەبێت.
  • ڕۆژی شەمە 21/10/2023 (لە هەمان هۆڵ) کاتژمێر 10:30 بۆ 11:30 ئاهەنگی دەرچوونی قوتابییانی پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر بەڕێوەدەچێت.

هەرچی کۆلێژ و پەیمانگەکانی دەرەوەی سەنتەری شاری هەولێرە لە کۆلێژ و پەیمانگەکانی خۆیاندا ئاهەنگی دەرچوونیان بەم شێوەیەی خوارەوە بەڕێوەدەچێت:

  • ڕۆژی یەکشەمە 22/10/2023، کاتژمێر 10 بۆ 11 پەیمانگەی تەکنیکی چۆمان و کاتژمێر 11 بۆ 12 پەیمانگەی تەکنیکی سۆران و کۆلیژی تەکنیکی شەقڵاوە کاتژمێر 3 بۆ 4 ئاهەنگی دەرچوونی قوتابییانیان سازدەکەن.
  • ڕۆژی دووشەمە 23/10/2023، کاتژمێر 11 بۆ 12 پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر و کاتژمێر 2‌بۆ 3 پەیمانگەی تەکنیکی کۆیە ئاهەنگی دەرچوونی قوتابییانیان ساز دەکەن.

شایانی باسە ڕۆژانی 24 تا 26ـی 10ـی 2023، پێشانگای هەلی کار بۆ سەرجەم دەرچووانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە ناو کەمپی کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر بەڕێوەدەچێت.