سەرۆکی زانکۆ ڕێزلێنان دەبەخشێتە ژمارەیەک مامۆستای زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر

رۆژی پێنج شەممە 5ـی ئۆکتۆبەری 2023، پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ، ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی زانکۆ و م. هەژار عوسمان بەرپرسی ناوچەی ئاسۆی (پ.د.ک)، مەراسیمی ڕێزلێنان بۆ مامۆستایانی کۆلێژ و پەیمانگەکانی سەر بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سازکرا بەبۆنەی بەرزکردنەوەی پلەی زانستی و گۆرینی نازناوی زانستییان لە ماوەی 19/1/2023 تا 1/9/2023.

لە مەراسیمەکەدا پرۆفسۆر د.ئیدریس گوتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتنی میوانان و ئامادبووانی کرد و گوتی: بەڕێزان ئێمە وەک زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ساڵانە مەراسیمێکی ڕێزلێنان سازدەکەین بۆ ئەو مامۆستایانەی کە لە ساڵی خوێندن پلەی زانستییان بەرزدەبێتەوە، خۆشبەختانە بۆ ئەمساڵ ئێمە ڕۆژی 5ی ئۆکتۆبەرمان هەڵبژارد بۆ ئەو مەراسیمە کە ڕۆژی جیهانی مامۆستایانە .

لەم ڕۆژەدا دەمانەوێت لەگەڵتان بین و لە نزیکەوە پیرۆزبایی لەو مامۆستایانە بکەین کە پلەی زانستییان بەرزبووەتەوە، هەر بەو بۆنەیەوە پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرجەم مامۆستایانمان دەکەین، بەڕێزان بۆ یادکردنەوەی ئەو ڕۆژە بە  پێویستی دەزانین جگە لەو چالاکییە باسی رۆڵی مامۆستایان بکەین لە کۆمەڵگادا، ئێمە دەزانین لە مێژووی هەموو گەلاندا مامۆستا چ ڕۆڵێکی تایبەت و گرنگ دەگێرێت لەپەروەردە و ڕۆشنبیری و بونیادنانی کۆمەڵگەکاندا .

خۆشبەختانە ئەگەر ئاورێک لە مێژووی گەلی کوردمان بدەینەوە زۆرباش دەزانین کە مامۆستا چ ڕۆل و چ کاریگەرییەکی هەبووە لە کاتی شۆڕش و لەکاتی دوای ڕاپەرینیش ئەو ڕۆڵە گرنگ و تایبەتەی گێراوە و بەردەوام بووە، لەگەڵ هەموو ئەو  ئاستەنگ و ئالنگارییانەی ڕووبەرووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە مامۆستا توانیویەتی هەر بەردەوام بێت و خزمەت بکات،  بەردەوام بووە لەسەر کاری خۆی و ئەو رۆڵە گرنگەی کە لە ناو کۆمەڵگادا دەیبینێت، بۆیە بەڕای ئێمە زۆر زۆر گرنگە کە ئەو رۆڵە تایبەتەی مامۆستا لە هەلومەرجە ناخۆش و لەو بارە ئابوورییە ناخۆشەدا بەردەوامە و بەردەوام دەبێت بەهەند وەربگرین، ئێمە وەک سەرۆکایەتی زانکۆ و ئەنجومەنی زانکۆمان بەڵێن دووپات دەکەینەوە بۆ مامۆستایانمان کە هەمووکات پشتگیریتان بکەین و کارئاسانی بۆ ئەو مامۆستا بەڕێزانە بکەین لە کارەکانیاندا .

دووبارە هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین لە کاری ڕۆژانەتان و لە کاری فێرکاریتاندا، ئومێدەوارین بەو پلە بەرزکردنەوەتان زیاتر هانتان  بدات هەم بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی زیاترو هەم بۆ درەوشانەوەی زیاتری ئەو رۆڵە گرنگەی هەتانە لە ناو زانکۆدا، دووبارە پیرۆزە، سوپاس بۆ ئامادەبوونتان .

دواتر دەستکرا بە بەخشینی رێزلێنانەکان لە لایەن سەرۆکی زانکۆ و میوانان و ئامادەبووان و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆوە.

بۆ بینینی تەواوی وێنەی مامۆستایان کلیک لـــــــــێــــــــرە بکە.