زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پانێڵێکی لەژێر ناونیشانی (چۆن لە پۆلدا پەرە بەداهێنان بدەین؟) بۆ مامۆستایانی کۆلێژ و پەیمانگەکان رێکخست

رۆژی چوارشەمە 4ـی ئۆکتۆبەری 2023، بە ئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی کارگێری هەولێر، بەڕێوبەری سەنتەری توێژینەوەی زاستی و ژمارەیەک لە بەڕێوبەرانی سەرۆکایەتی زانکۆ لە سەنتەری رۆشنبیری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پانێڵێکی زانستی لەژێر ناونیشانی (چۆن لە پۆلدا پەرە بەداهێنان بدەین؟) بۆ مامۆستایانی کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکان سازکرا.

لە سەرەتای پانێڵەکەدا سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەش کرد کە تیادا بەخێرهاتن میوانانی کرد و گوتی:

سەرەتا دەمەوێت بەناوی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ئەنجومەنی زانکۆ بەخێرهاتنی بەڕێزان د.عبدالسلام مەدەنی و د.فەرهاد علی و بەڕێز عەبدوڵا صاڵح و م.زانیار جەبار بکەم کە مامۆستای خۆمانە و ئەمڕۆ بەیەکەوە پانێڵێک سازدەکەن، زۆر بەخێرهاتنی مامۆستایانی قەدر گران لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەکەین کە ئەمڕۆ ئامادەن لەگەڵمان بۆ بەشداریکردن لەو پانێڵە، بەڕێزان مامۆستایانی خۆشەویست ئەوەی دەمەوێت باسی بکەم ئەوەیە کە لەڕاستیدا مامۆستای زانکۆ بەردەوام پێویستی بەپەرەپێدانی تواناکانیان هەیە، بەرای من مامۆستای زانکۆ هەموو کاتێک فێرکارە و فێرخوازیشە، واتە هەم مامۆستایە و هەم قوتابیشە، دەبێت بەردەوام کاربکات بۆ فێربوون، چونکە ئیش و کاری ئەوەیە فێرکاربێت و قوتابیان فێربکات، بۆیە پێویستە ئێمە بەردەوام بتوانین پەرە بەتواناکانی مامۆستایانی زانکۆمان بدەین هەر لەم ڕوانگەیەشەوە ئەمڕۆ بەهاوکاری ‌هەفتەی داهێنان لە عێراق کە مامۆستایەکی خۆمان سەرپەرشتی ئەو چالاکییە دەکات ئەویش مامۆستا زانیارە، خۆشحاڵین بەهاوبەشی پێکەوە بتوانین ئەمڕۆ بابەتێکی زۆر گرنگ و زۆر پێویست بۆ مامۆستایان لەپانێڵێکدا ئەنجام بدەین، ئەویش بابەتێکی داهێنانە کە مامۆستا چۆن بتوانێت داهێنان لەناو پۆلدا بکات، بۆیە بەپێویستمان زانی مامۆستایانمان لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر زیاتر ئاشنا و شارەزا بکەین لەو بابەتە، ‌ئەگەر مامۆستا بتوانێت لەناو پۆلدا بابەتی داهێنان بکاتە ڕێگاکانی وانەوتنەوەی و بیکاتە ئامانجی وانە وتنەوەکەی دەتوانین بە مامۆستایەکی سەرکەوتوو ناوی ببەین، ئەوکات قوتابیانی ئەو مامۆستایە سەرکەوتووترو ئاسودەتر دەبن لەقوتابیانی مامۆستایەکی تر، قوتابیانی ئەو مامۆستایە توانای بیرکردنەوەیان زیاتر دەبێت و دەتوانن باشتر و باشتر چارەسەری کێشەکان بدۆزنەوە، بۆیە ئومێدەوام ئەمڕۆ مامۆستایان بتوانن سوود لەو پانێڵە وەربگرن، وەک سەرۆکایەتی زانکۆ بەردەوام دەبین لە خول و پانێڵ و سیمینار و چالاکی لەم جۆرە تا مامۆستایانمان سوودی لێوەربگرن. دووبارە بەخێر بێن و بەهیوای سوود.

پاشان دەستکرا بە پێشکەشکردنی پانێڵەکە کە پێکهاتبوو لە چەند تەوەرێک و بەشێوەیەکی ورد و زانستییانە لە لایەن پانێڵیستەکانەوە بۆ ئامادەبووان خرایەڕوو دواتر دەرگای گفتوگۆ بۆ مامۆستایان کرایەوە و پرسیار و رەخنە و پێشنیارەکانیان ئاراستە کرد و وەڵامدرانەوە.

لە کۆتایی پانێڵەکەشدا لەڕێگەی فۆرمێکەوە داوا لە مامۆستایان کرا کە وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەنەوە بۆ زیاتر دەوڵەمەند کردنی چالاکییەکە.

داهێنان چییە و بۆچی گرنگە ؟

ڕۆڵی داهێنان و نوێگەری لە پەروەردەدا چییە؟

بۆچی پێویستە گرنگی بەداهێنان بدرێت لە زانکۆدا؟

چۆن مامۆستایان دەتوانن کولتوری داهێنان و نوێگەری لەناو پۆلەکانیاندا پەرە پێبدەن؟ تاوەکو بەپرۆسەیەکی ڕێکخراو هانی داهێنان بدەین؟

شیاوی باسە سەرۆکی زانکۆ بڕوانامەی رێزلێنانی بەخشییە پانێڵیستە بەڕێزەکان پێکهاتبوون لە بەڕێزان د.عبدالسلام مەدەنی، د.فەرهاد علی، م.زانیار جەبار هەروەها بەڕێزعەبدوڵا صاڵح.