لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر رێوڕەسمی یادکردنەوەی رۆژی ئاڵای کوردستان بەڕێوەچوو. لە سەرەتاى رێوڕەسمەکە، بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی پولیتەکنیکی هەولێر پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سیمینارێک بەناویشانی (ئاڵای کوردستان، ناسنامە و شکۆ) بۆ د.هۆشمەند رفیق ابراهیم مامۆستای زانکۆ رێکخرا.
لە سیمینارەکەدا د.هۆشمەند رفیق ابراهیم باسی لە گرنگی و پیرۆزی ئاڵای کرد و هەڵسەنگاندنی مێژوویی بۆ ئاڵای کوردستان لە سەرەتا و قۆناغە جیاجیاکانى دروستبوونى و ئەو گۆڕانکارییانەى پێیداتێپەڕبووە تاوەکو جێگربوونى شێوەى ئێستای کرد.
دواتر لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی پولیتەکنیکی هەولێر پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی ئاسۆ م.لاوەند عوسمان، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی ئایندە هەڤاڵ ئەمین لاجانی، یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ، و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ، ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەلایەن سێ قوتابی زانکۆمانەوە بەشێوەیەکى شایستە و شکۆمەندانە هەڵکرا.
لە گوتەیەکدا، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی بەخێرهاتنی ئامادەبووانى کرد و دەستخۆشی لە لیژنەی ئامادەکاریی ڕێوڕەسمەکە کرد، هاوکات باسی لە پیرۆزی ئاڵا و جەختکردنەوە لە پێویستی پارێزگارییکردن لە شکۆى ئاڵاى کوردستان کرد.
هەر لەو ڕێوڕەسمەدا گوتاری نوێنەرایەتی قوتابیان لەلایەن نوێنەری قوتابیانی زانکۆمان، حوسێن عوسمان توڤی خوێندرایەوە.
پاشان لەلایەن خاتوو هەیفا بەرپرسی لقی هەولێری دەزگای پاراستنی ئاڵای کوردستان، خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرا بە سەرۆکی زانکۆی پولیتەکنیکی هەولێر پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی لە بەرامبەر بایەخدانیان بەم رۆژە و سەرپەرشتیکردنی ڕاستەوخۆی ئەم چالاکییانە.