Blog

سیمینارێک لەسەر رۆشنبیری دەروونی و گرنگیدان بە دەروون دروستی ئەنجامدرا

لەژێر چاودێری پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی زانکۆ، سیمینارێکی لەسەر رۆشنبیری دەروونی و گرنگیدان بە دەروون دروستی بۆ بەڕێز د.نزار گزالی رێکخست.

لە سیمینارەکەدا کە بەڕێز د.بازیان یونس، یاریدەدەری راگری کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری و ژمارەیەک لە قوتابیان و مامۆستایان و فەرمانبەران ئامادەی بوون، د.نزار گزاڵی بە تێروتەسەلی باسی لە شڵەژانی دەروونی و میکانیزمەکانی چارەسەری گرێ و نەخۆشییە دەروونییەکانی لەلایەن پسپۆڕانی دەروونییەوە کرد.
دواتر لەلایەن ئامادەبووانە چەند پرسیارێک ئاراستەی پێشکەشکاری سیمینارەکە کرا و بەگفتوگۆ کردنی زیاتر، بابەتە دەوڵەمەندتر کرا.

لە کۆتاییدا سوپاس و پێزانینی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێشکەش بە د.نزار گزاڵی کرا.

 

ئەنجامدانی خولێکی ڕاهێنان لەسەر ئامیری SMART STAT لە پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر

ئەمڕۆ بەرواری ٢/٢/٢٠٢٥ بە ئامادەبوونی بەڕێز ڕاگری پەیمانگە (د.تیران جمیل پیرۆ) سەرۆکی بەشی پەرستاری (م.پشتیوان) و بەشێک لە مامۆستایان بەژداربوون لە خولێکی ڕاهێنان لە تاقیگەی بنەماکانی پەرستاری پێشکەوتوو لەسەر نوێترین ئامێری(SMART STAT PATIENT SIMULATOR)کە لە سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دابینکراوە.

کورتەیەک دەربارەی ئامێری (سمارت ستات )SMART STAT Patient Simulator

 ئامێرێکی بێ وایەر و بێ بەستنە بۆ ھاوشێوەکردنی نەخۆشی گەورەساڵان کە بۆ ڕاھێنانی پزیشکی بەکاردێت. بۆ یارمەتیدانی پیشەییەکانی چاودێری تەندروستی دروست کراوە بۆ پەرەپێدانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و تواناکانی بڕیاردان لە ژینگەیەکی سەلامەتدا. دەتوانرێت لە ڕێگەی ئەپی ئایپادەوە سیمولەیتەرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت، ئەمەش ڕێگە بە ڕاهێنەران دەدات سیناریۆ پزیشکییە جیاوازەکان ھاوشێوە بکەن و بەدواداچوون بۆ ئەدای قوتابیان  بکەن.

لە ساڵیادی شەهیدانی یەکی شوبات زانکۆمان پانێلێک لەژێر ناونیشانی “تیرۆر، جیاوازیمان پێناکات” ڕێکدەخات

ئەمڕۆ یەک شەممە 2025/2/2، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر، لەژێر چاودێری و ئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ و بەشێک لە بەرپرسانی حزبی و  حکومی پانێلێک لە ژێر ناونیشانی “تیرۆر، جیاوازیمان پێناکات”  تایبەت بە ساڵیادی شەهیدانی یەکی شوبات بەڕێوەچوو.


رێوڕسمەکە لە هۆڵی سەنتەری رۆشنبیری زانکۆمان ڕێکخرابوو، سەرەتای ڕێوڕسمەکەش سەرۆکی زانکۆ وتارێکی پێشکەشکرد و دوای بەخێرهێنانی میوانان، ئاماژەی بەوەدا ئامانج لەم جۆرە یادکردنەوە کولاندنەوە و بەئێشهێنانەوەی کۆنە زام نیە بەڵکو دەرفەتێکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر لەنوێ تێڕامان و پەند وەرگرتنە لەو ڕێگا سەخت و خوێناوییەی کاروانی خەبات و قوربانیدانی ئەم میللەتە پێیدا ڕۆشتووە بەم ڕۆژگارە.


بۆیە پێویستە زانکۆکان جگە لە گرینیدان بە بابەتە زانستی و مەعریفیەکان، ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە خزمەت کردنی کۆمەڵگا و پەروەردەی نیشتیمانی، هەربۆیە زانکۆ دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە ڕووە مێژوویەکەی لە زیندووکردنەوەی یادە نەتەوەییەکان.

لە کۆتای وتارەکەشیدا سەرۆکی زانکۆ وتی: ”ڕووداوی یەکی شوبات یەکێکە له هەرە رووداوه دڵ تەزين و خويناوييەکان له مێژووی نوێی هەرێمی كوردستان, پێشانيداين كه دوژمنانى گەلى كوردستان جياوازى ناكەن لە نێوان هەموو پيكهاته ئايينى و مەزهەبی ونەتەوەیی و ئايدۆلۆجی و حزبیەکان، بۆیە پيويسته يادكردنەوەی ئەم بۆنەیە بكرێتە وانەیەکی نيشتمانى و قوتابيان و لاوان و گەنجان بە رابووردوو ئاشنابن و له ئێستادا نيشتمان پارێز بن و بۆ ئايندە پلان داڕێژەربن”.


ڕۆژی یەکی شوباتی ساڵی 2004، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان، لە هەردوو بارەگای لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری هەولێر، لە ئەنجامی دوو تەقینەوەی تیرۆریستیدا، زیاتر لە سەد کەس شەهیدبوون و سەدان کەسی دیکەش برینداربوون.

 

مامۆستایەکی کۆلێژ بەشداری لە کۆبوونەوەی ساڵانەی بەشی ( پەلی دەستکرد و پاڵپشتەکان ) کرد لەسەر ئاستی عێراق .

بەرواری (٣٠-١-٢٠٢٥)
بەنوێنەرایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر
(دکتۆرە ذکرى عەلی عەزیز )سەرۆکی بەشی پەلی دەستکرد و پاڵپشتەكان لە کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر لە زانکۆی پۆليتەکنیکی هەولێر، لە کۆبوونەوەی ساڵانەی سەرۆکی بەشەکانی پسپۆڕی( پەلی دەستکرد و پاڵپشتەكان )لە کۆلێژ و پەیمانگەکان لە سەرانسەری عێراق، کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی لە حکومەتی فیدراڵی عێراق بەشداربوو ،
شایەنی باسە لەلایەن نوێنەری وەزارەتی تەندروستیەوە ڕاسپاردەکرا کە سەردانێک لەلایەن سەرجەم بەشەکانی ترەوە لەسەر ئاستی عێراق بکرێت بۆ بەشی (پەلی دەستکرد و پاڵپشتەکان) لە کۆلێژەکەمان بەمەبەستی سود وەرگرتن لەئەزموون و شارەزایی زانکۆمان لەم پسپۆڕیە.

هۆبەی ڕاگەیاندن و چالاکیەکان .